878 هەزار كەس موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە
2019-08-21 16:15:56
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
(878 هەزار) موچەخۆر تائێستا موچەی مانگی ئایاری رابردویان وەرنەگرتووە، پشووی جەژن كێشەی بۆ هاتنی پارەی لە بەغدادەوە بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە، پەرلەمانی كوردستان كە چاودێرە لەسەر حكومەت ئەم رۆژانە سەرقاڵی دابینكردنی پاسەوانو جێگیركردنی ئیمتیازاتەكانی تری پەرلەمانتارانە، سەرۆكی حكومەت بۆ پشووی جەژن گەشتی دەرەوەی وڵاتی كردووە، وتەبێژی حكومەتیش وەڵامی تەلەفۆن ناداتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.
تەنیا پێنج وەزارەت وەریانگرتووە
زیاتر لە (40) رۆژە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، ئەم كابینەیە لەیەكەم ئەزموونی دابەشكردنی موچەدا، بەشێكی زۆر لە فەرمانبەرانی دوچاری دوودڵی كرد.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئێستا لە كۆی (31) وەزارەتو سەرۆكایەتیو دەستە، تەنیا (5) وەزارەت موچەی مانگی ئایاریان وەرگرتووە، واتە لە كۆی (ملیۆنێكو 249 هەزار) موچەخۆر تەنیا (370 هەزار) موچەخۆر، موچەیان وەرگرتووە.
(درەو میدیا) لەگەڵ چەند سەرچاوەیەكی باڵا لە حكومەتی هەرێم لەبارەی دواكەوتنی موچە قسەی كرد، ئەو بەرپرسانە دڵنیاییان دا كە هیچ مەترسییەك لەسەر موچەی فەرمانبەران نییەو هۆكاری دواكەوتنی موچەی هەندێك لە وەزارەتەكان، بۆ رۆتینو پشووی جەژنی قوربان دەگەڕێتەوە.
بڕیارە حكومەتی عێراق لە رۆژانی (15 بۆ 17)ی هەموو مانگێك پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام ئەمجارە كاتی ناردنی پارەكە كەوتە رۆژانی جەژنی قوربانەوە، سەرباری پشووی جەژن هەندێك كەمتەرخەمیش لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە هەبووە كە وایكردووە پارەكە لەكاتی خۆیدا نەگات.
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، ئەو (5) وەزارەتەی كە موچەی مانگی ئایاریان وەرگرتووە، لە پارەی فرۆشی نەوتو داهاتی ناوخۆی هەرێم موچەكانیان بۆ دابینكراوە.
سەرۆكی حكومەت لە ماڵ نییە
لەكاتێكدا بەشێكی زۆر فەرمانبەران بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە دوچاری نیگەرانیو دوودڵی بوون، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەبۆنەی پشووی جەژنی قوربانەوە گەشتی دەرەوە وڵاتی كردووەو بەوهۆیەوە پاش جەژن كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەكراوە.
مەسرور بارزانی لە وتاری دەستبەكاربوونیدا وتی:" حكومەتێكمان وەرگرتووە كە چەندین ملیار دۆلار قەرزارە.. لە دەستپێكدا كابینەكەمان روبەڕووی دۆخێكی سەختی دارایی دەكاتەوە".
ئێستا كە مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، كابینەی نوێ هێشتا ساڵی دارایی راستنەكردووەتەوەو زەمەن كە لە كۆتایی مانگی ئابدایە، بەڵام موچەخۆران موچەی مانگی ئایاری وەردەگرن.
وتەبێژ قسە ناكات
جوتیار عادل لەجێگەی سەفین دزەیی بووە بە وتەبێژ لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پیاوە كەسێكی نزیكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە.
لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێدا، بەرپرسان لە لیستێكدا ژمارە تەلەفۆنی خۆیان بۆ رۆژنامەنوسانو هاوڵاتیان ئاشكراكرد، ئەمە ژمارە تەلەفۆنەكەی جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتە (07504563485)، لەدوای دەستبەكاربونییەوە (درەو میدیا) چەندینجار بۆ چەندین بابەتی جیاجیا پەیوەندی لەگەڵ كردووە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان ناداتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە وتەبێژ تەنیا یەك ئەركی هەیە، كە ئەویش قسەكردنە بۆ رۆژنامەنوسانو رایگشتی، لەبارەی دواكەوتی موچەی فەرمانبەرانەوە ئەم وتەبێژە هیچ قسەیەكی نەكردووە.
تاوانو سزا
"كاردەكەین بۆ چاكسازی لە كەرتی وەزیفەی گشتی، لە موچەخۆرو خانەنشینو چارەسەركردنو رێكخستنەوەی دەوام.." ئەمە خاڵی یەكەمی كارنامەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
كابینەی نوێ كە ماوەی (42) رۆژە دەستبەكاربووەو تائێستا تەنیا (3) كۆبونەوەی كردووە، لەم ماوەیەدا یەك خاڵی كارنامەكەی جێبەجێكردووە كە ئەویش رێكخستنەوەی دەوامی فەرمانبەرانە.
حكومەت بڕیاریداوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بكاتەوە، واتە بارودۆخەكە بگەڕێنێتەوە بۆ پێش قەیرانی داراییو پاشەكەوتی موچەی موچەخۆران.
بەهۆی قەیرانی داراییەوە شوباتی ساڵی 2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان رێژەی لەنێوان (25% بۆ 75%)ی موچەی موچەخۆرانی بڕی، ئەمە ناوی لێنرا "سیستمی پاشەكەوتی موچە"، شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی موچەخۆرانی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆ هێوركردنەوەی توڕەیی فەرمانبەران، وەزارەتەكان فەرمانگەكانیان سەرپشك كرد دەوامی رۆژانە كەمبكەنەوە، بەڵام بەمەرجێك كەمكردنەوەكە كارنەكاتە سەر رایكردنی ئیشوكاری هاوڵاتیان.
لەوكاتەوە تاوەكو دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەت، زۆربەی فەرمانگەكان رۆژی پشووەكانیان زیادكردووەو كاتی دەوامی رۆژانەشیان كەمكردوەتەوە، لەم ساڵانەدا دیاردەی "تناوب" واتە جێگرتنەوە دەركەوت، كە ئەمەش كاركردنە بە تیمێكی كەمو فەرمانبەرێك لە شوێنی چەند هاوكارێكی تری كاروبارەكان رادەپەڕێنێت.
حكومەت بەدوو قۆناغ لە مانگی ئازاری 2018 و دواجاریش لە مانگی ئازاری 2019 بەیەكجاری پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەڵگرت، بەهانەی فەرمانبەرانی بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام بڕی.
مەسرور بارزانی فەرمانیداوە هەموو وەزارەتو فەرمانگەكان لە كاتژمێر (8:00)ی سەرلەبەیانییەوە تاوەكو (3:00)ی پاشنیوەڕۆ دەوام بكەن، یەكەم سزادان لەسەر پەیوەستنەبوون بەم كاتە نوێیەوە لە سلێمانی دەستیپێكرد.
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بەهۆی پابەندنەبوون بە كاتی نوێی دەوامكردنەوە، بەفەرمانێك (27) فەرمانبەری خۆی سزاداو پارەی رۆژێك دەوامكردنی لە موچەكانیان بڕی.
هەر لە سلێمانی، (52) فەرمانبەرو موعیدو هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانكۆی سلێمانی سزا دران بەهۆی ئەوەی دژ بە دواكەوتنی موچەكانیان، بایكۆتی دەوامیان كرد.
كابینەی نوێی هێشتا بڕیاری كابینەی پێشووی بۆ راگرتنی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران هەڵنەوەشاندوەتەوەو سەرباری ئەمەش كاتی دابەشكردنی موچەی مانگانەی فەرمانگەكانی جێگیرنەكردوەتەوەتەوە، بەڵام سزای لەسەر كارمەندان جێبەجێ دەكات ئەگەر پابەند نەبن بەكاتی نوێی دەوامكردنەوە.
پەرلەمان سەرقاڵی خۆیەتی
پەرلەمانی كوردستان كە بەپێی یاسا ئەركی یاسادانانو چاودێریكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن (حكومەت)ە، ئەم رۆژانە سەرقاڵی كاروباری تایبەت بەخۆیەتیو هیچ قسەیەكی ئەوتۆی نییە لەبارەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، ئێستا پرسی گەرمی پەرلەمانی كوردستان بابەتی چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پاسەوانی تایبەتی پەرلەمانتارانە.
سامی جەلال بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رۆژی دووشەممە لە لێدوانێكدا ئاشكرایكرد، بۆ بابەتی دامەزراندنی پاسەوان بۆ پەرلەمانتارانی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان، دوو بیرۆكە لە ئارادایە:
بیرۆكەی یەكەم: هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاسەوانیان بەشێوەی گرێبەست بۆ دابمەزرێنرێت.
بیرۆكەی دووەم: وەكو خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە دامەزراندنی هەمیشەیی بێت.
(درەو میدیا) زانیویەتی، كۆدەنگییەك لەناو پەرلەمانتاران هەیە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی خولەكانی پێشوو هەریەكەیان (3) پاسەوانیان بەشێوەیەكی هەمیشەیی بۆ دابمەزرێنرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ دەیەوێت بەشێوەی گرێبەست پاسەوانیان بۆ دابنرێت، چونكە خول لەدوای خول، پەرلەمانەوە ژمارەیەكی زیاتر پۆلیسیان بۆ زیادەكرێت، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسا دوای تەواوبوونی خولەكانیان خانەنشینبونیان، هەر پەرلەمانتارێك پۆلیسێكی پاسەوانی لەگەڵدا دەمێنێتەوە.
ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆ تاوتوێی پێشنیازەكانی تایبەت بە پاسەوانی پەرلەمانتاران دەكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەك كە رۆژنامەنوس سەرتیپ وەیسی كەریم بڵاویكردوەتەوە" بەپێی فەرمانێكی حكومەت، هەفتەی داهاتوو هەر وەزیرێكی كابینەی نوێ ئۆتۆمبێلێكی جۆری توێتا لانگلۆزەر (وەنەوشە) وەردەگرێت، لەگەڵ دامەزراندنی هەشت پاسەوان (كە لە ڕابردوودا حەوت پاسەوانیان هەبوو) لەگەڵ پێدانی ڤێلایەك و میوانخانەیەك و شوێنی مانەوەی پاسەوانەكان".
سەرتیپ وەیسی كەریم باسلەوەدەكات، ئەمە پەرلەمانتارانی نیگەران كردووەو جۆرێك لە ململانێی لەنێوان پەرلەمانو حكومەت دروستكردووە، چونكە" پەرلەمانتاران پێیانوایە، حكومەت بەبێ رەچاوكردنی یاسا بە ئارەزووی خۆیان ماف و ئیمتیازات بەخۆیان دەبەخشن، لەولاشەوە بەدەر لە یاسا مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتاران دەكەن، نایانەوێ پەرلەمانتار ئەو مافانەی بە یاسایی پێبدرێت".
لەم بارودۆخەی نێوان پەرلەمانو حكومەتدا، كەس ئاگای لە دۆخی موچەخۆرانو نیگەرانبوونیان لە دواكەوتنی موچەكانیان نییە.