Draw Media

لیستە كوردییەكان دەبنە هەدەپەی باشوور؟  

لیستە كوردییەكان دەبنە هەدەپەی باشوور؟  

2018-04-19 10:35:47


راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت 

بەپێچەوانەی لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكانەوە كە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشێوەیەكی بەرفراوان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشدارن، لیست و هاوپەیمانێتییە كوردییەكان تەنیا یەكێكیان نەبێت (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، زۆربەیان هیچ ئامادەگییەكی ئەوتۆیان لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە.
رەنگە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم نائامادەگییەی لیستە كوردییەكان لە ناوچە عەرەبییەكانی عێراق بۆ ئەوە بگەڕێتەوە زۆرینەی لایەنە كوردییەكان ئەگەر بۆ دروشمیش بێت خۆیان بە هێزی كوردستانی دەزانن و سەربەخۆیی و جیابونەوەیان لە عێراق لە پەیڕەوی ناوخۆی خۆیاندا جێگیركردووە.
بەپێچەوانەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە وەكو پارتێكی كوردی لە توركیا بەشداری هەڵبژاردنی كرد و بە گوتارەكەی توانی لە ناوچە توركنشینەكانیش دەنگی زۆر كۆبكاتەوە، لایەنە كوردییەكانی عێراق سەرەڕای ئەوەی لە دوای 2003 وە لە بەغداد پۆستە باڵاكانی وەكو سەرۆك كۆمار و جێگری سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و دەیان پۆستی باڵای تریان بەدەستەوە بووە، بەڵام نەیانتوانیوە سۆزی شەقامی عەرەبی بەلای دۆزی كورددا رابكشێن، رەنگە نەبوونی گوتارێكی سیاسی جددی یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی نائامادەگی لیست و لایەنە كوردییەكان بێت لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراق.
ئەوەی جێگای سەرەنج بوو لەدوای شكستهێنانی ریفراندۆم، ئەوانەی بانگەشەیان بۆ ریفراندۆم دەكرد و ئەوانەشی دژی بوون، هەموان كەوتنە كێبركێ لەسەر گەڕانەوە بۆ بەغداد، زۆربەی لایەنە كوردییەكان بەپەلە نوێنەریان ناردە بەغداد، بەڵام دیار نییە بۆچی نایانەوێت لەبری نوێنەر، كاندید و گوتاری سیاسی ببەنە ناو گۆڕەپانە عەرەبییەكەی عێراقەوە !
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران كە رۆژی 12ی مانگی ئایار بەڕێوەدەچێت، تەنیا دوو لایەنی كوردی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراق لیستیان هەیە، ئەو دوو لایەنەش بریتین لە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) و (جوڵانەوەی نەوەی نوێ).

یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی نیشمانی كوردستان سەرباری ئەوەی لە دوای 2003 وە سێ خولی سەرۆكایەتی كۆمار و چەندین پۆستی گرنگی لە عێراق بەدەستەوە بووە و هێزێكی ناسراوە لای دەنگدەرانی عێراقی، لە ناوچە عەرەبییەكانی عێراقدا تەنیا لە بەغدادی پایتەخت لیستی هەیە بۆ ركابەرێتیكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان.
لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغداد (10) كاندیدی هەیە و (ساحیب رەشید موسا) سەرۆكی لیستەكەیە.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە چوار پارێزگای جێناكۆكە تەنیا لە سێ پارێزگای (كەركوك – دیالە- نەینەوا) لیستی سەربەخۆی هەیە، لە پارێزگای (سەلاحەدین) تەنیا بە كاندیدێك بەشداریكردووە ئەوەش لە چوارچێوەی (ائتلاف قلعە الجماهیر الوگنیە)، كاندیدەكەی یەكێتی لە سەلاحەدین (شەلال عەبدول) قائیمقامی پێشووی دووزخورماتووە.

پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان كە هاوشێوەی یەكێتی لە دوای ساڵی 2003 وە چەندین پۆستی باڵای عێراقی بەدەستەوە بووە و لەلای دەنگدەرانی عەرەبی عێراقی پارتێكی ناسراوە، لە هیچ پارێزگایەكی عەرەبی عێراق نەچوەتە ناو كێبركێی هەڵبژاردنەوە.
پارتی لە چوار پارێزگا جێناكۆكەكەش لە (كەركوك) و (سەلاحەدین) بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە و تەنیا لە (دیالە- نەینەوا) لیستی هەیە.
لیستی پارتی لە (دیالە) پێكهاتووە لە (16) كاندید و (كازم بێرولی موراد) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات، لە پارێزگای (نەینەوا)ش لیستی پارتی (62) كاندیدی هەیە و (عەبدولعەزیز ئیبراهیم محەمەد) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات. 

هاوپەیمانێتییە سێ قۆڵییەكە
بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و هاوپەیمانێتی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بەیەكەوە هاوپەیمانێتییەكیان بۆ پارێزگا جێناكۆكەكان دروستكردووە بەناوی ( لیستی نیشتمان)، ئەم هاوپەیمانێتییە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش تاكە هاوپەیمانێتی لایەنە كوردییەكانە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق.
بزوتنەوەی گۆڕان  وەكو یەكێك لە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتییەكە یەكێكە لە لایەنە كوردییەكانی بەشداری كابینەی ئێستا حكومەتی عێراق و چەندین پۆستی گرنگی لە عێراق هەیە و تاڕادەیەكیش لەناو دەنگدەرانی عێراقیدا ناسراوە، بەڵام ئەویش هیچ لیست و كاندیدێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە.
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری كە سەرۆكەكەی (بەرهەم ساڵح) لە یەكێك لە كابینەكانی بەغداد پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەبووە و لە شەقامی عەرەبیدا كەسایەتییەكی ناسراوە، بەهەمان شێوە هیچ لیستێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە.
كۆمەڵی ئیسلامیش كە لە دوای 2003 وە ئامادەگی لە پەرلەمانی عێراقدا هەبووە، هیچ لیست و كاندیدێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە.
لەناو (لیستی نیشتماندا) بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان سێ لایەنەكە كراوە، سەرۆكایەتی لیستەكانی هاوپەیمانێتییەكە لە پارێزگا جێناكۆكەكان بەمشێوەیە بەسەر هەرسێ لایەنەكەدا دابەشكراوە:
•    لە پارێزگای (دیالە) لیستی نیشتمان (5) كاندیدی هەیە و (ئیخلاس ئەڵماس براخاس) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات كە سەربە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەرییە.
•    لە پارێزگای (كەركوك) لیستی نیشتمان (8) كاندیدی هەیە و (محەمەد حسێن محەمەد) سەرۆكایەتی دەكات كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە.
•    لە پارێزگای (نەینەوا) لیستی نیشتمان (5) كاندیدی هەیە و (حازم حەسەن ئیسماعیل) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات كە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە.
•    لە پارێزگای سەلاحەدین لیستی نیشتیمان كاندیدی بۆ هەڵبژاردنەكان نییە.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ
جگە لە پارێزگا تێكەڵەكان یاخود ئەوەی لە دەستوری عێراق ناوی لێنراوە (ناوچە جێناكۆكەكان) كە خەڵكی كوردیان تێدایە، جوڵانەوەی (نەوەی نوێ) لە (5) پارێزگای عێراقی كە بریتین لە پارێزگاكانی (بەغداد- نەجەف- كەربەلا- میسان- ئەنبار) لیستی كاندیدی پێشكەشكردووە.
•    بەغداد
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەغداد (28) كاندیدی هەیە و (مستەفا عەبدولكەریم عەلی) سەرۆكی لیستەكەیە.
•    نەجەف
جوڵانەوەی نەوەی نوێ تاكە هێزی كوردییە لە نەجەف كە مەڵبەندی ئاینی شیعەكانە لیستی هەیە، لیستەكەی نەوەی نوێ لە نەجەف لە (3) كاندید پێكدێت و (زەینولعابیدین عەزیز مەزید) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
•    كەربەلا
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هەمان شێوە لە كەربەلا وەكو مەڵبەندی دووەمی شیعەكانی عێراق، تاكە حزبی كوردییە كە لیستی هەیە، لیستەكەی نەوەی نوێ لە كەربەلا لە (10) كاندید پێكدێت و سەرۆكی لیستەكە ناوی (وەلید عەبدولمەلیك عەبدولجەبارە). 
•    میسان
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای میسان بەهەمان شێوە تاكە هێزی كوردییە كە بە لیستێك ركابەرێتی لایەنە عەرەبییەكان دەكات، لیستەكەی نەوەی نوێ لە میسان پێكدێت لە (7) كاندید و (موهەنەد سەعد سەعدون) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
•    ئەنبار
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پارێزگای ئەنباریش تاكە لیستی كوردییە چوەتە ناو گۆڕەپانی ركابەرێتیكردنەوە لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكان، نەوەی نوێ لە ئەنبار (4) كاندیدی هەیە و (ئاریان عەبدولوەهاب قادر) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
نەوەی نوێ لە ناوچە جێناكۆكەكان
جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكایەتی دەكات و جاری یەكەمە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات، جگە لەو چوار پارێزگا عەرەبییە، لە چوار پارێزگای تێكەڵیش كە ناوچەی جێناكۆكن و كوردیان تێدایە و بریتین لە پارێزگاكانی (كەركوك- دیالە- سەلاحەدین- نەینەوا) لیستی سەربەخۆی هەیە و بەشداری هیچ هاوپەیمانێتییەكی كوردی نەكردووە لەو ناوچانە.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی یەكێكە لەو حزبە كوردییانەی كە لەدوای ساڵی 2003 وە ئەگەر بەشێوەیەكی لاوازیش بوبێت ئامادەگی لە كابینە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق هەبووە، بەڵام ئەم حزبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمجارە هیچ لیستێكی لە پارێزگا عەرەبییەكانی عێراقدا نییە. 
یەكگرتووی ئیسلامی لە پارێزگا جێناكۆكەكانیش بەشێوەی سەربەخۆ بەشداریكردووە:
•    لە پارێزگاكانی (دیالە) و (سەلاحەدین)، یەكگرتووی ئیسلامی هیچ لیست و كاندیدێكی نییە.
•    لە پارێزگای (كەركوك)، یەكگرتووی ئیسلامی (12) كاندیدی هەیە و (جوان حەسەن عارف) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
•    لە پارێزگای (نەینەوا)، یەكگرتووی ئیسلامی (9) كاندیدی هەیە و (حسێن حاجی محەمەد) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
حزبی شیوعی كوردستان- عێراق
حزبی شیوعی سەرەراِی ئەوەی پاشگری عێراقی لەگەڵ ناوی كوردستان هەڵگرتووە، بەڵام ئەویش لە شارە عەرەبییەكانی عێراق هیچ لیست و كاندیدێكی نییە.
حزبی شیوعی لە ناوچە جێناكۆكەكان بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی كردووە:
•    لە پارێزگای (كەركوك)، حزبی شیوعی كوردستان (9) كاندیدی هەیە و (دلێر محەمەد شەریف) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
•    لە پارێزگای (دیالە)، حزبی شیوعی (3) كاندیدی هەیە و (حەمید محەمەد ساڵح) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
•    لە پارێزگای (سەلاحەدین)، حزبی شیوعی كوردستان هیچ لیست و كاندیدێكی نییە.
•    لە پارێزگای (نەینەوا)، حزبی شیوعی كوردستان هیچ لیست و كاندیدێكی نییە.

حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان
حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بەهەمان شێوەی حزبی شیوعی هیچ لیست و كاندیدێكی لە شارە عەرەبییەكان عێراق نییە.
حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە ناوچە جێناكۆكەكانیش بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات:
•    لە پارێزگای (كەركوك)، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (4) كاندیدی هەیە و (رەسوڵ رەئوف عەبدولعەزیز) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
•    لە پارێزگای (دیالە)، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (3) كاندیدی هەیە و (ئەحمەد محەمەد عەلی) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
•    لە پارێزگای (نەینەوا)، حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان (4) كاندیدی هەیە و (تەها رەشید تەها) سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات.
ئەگەرچی ئێستا بەمشێوازە ئامادەگی لیست و لایەنە كوردییەكان لە شەقامە عەرەبییەكەی عێراق ئامادەگی ئەوتۆیان نییە، بەڵام ئەگەر كورد لەدوای ریفراندۆمەوە بڕیاریداوە بگەڕێتەوە بۆ عێراق و جارێكی تر رۆڵ و پێگەی خۆی بەهێز بكاتەوە، رەنگە رۆژێك پێویستی بەوە هەبێت بەدوور لە گوتارە نەتەوەییەكە بە شوێن گوتارێكی گەورەتردا بگەڕێت و لەو رێگەیەوە پێگەی خۆی لە پایتەخت بەهێز بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand