Draw Media

وەزیری پەروەردە: رۆژی 9/1 ڕۆژی پەیوەندیكردنی مامۆستایانە

وەزیری پەروەردە: رۆژی 9/1 ڕۆژی پەیوەندیكردنی مامۆستایانە

2019-08-20 08:53:24


لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ڕۆژی 1ی 9 ڕۆژی پەیوەندیكردنی مامۆستایانە، رۆژی شەممە  21ی 9  ڕۆژی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنە لە هەرێمی كوردستان.

یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بەکۆى دەنگ بریاردرا 
ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی (١٩/٨/٢٠١٩)، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی سازکرد لە هۆڵی کۆبوونەوەی نووسینگەی وەزیر، کۆبوونەوەکە کاتژمێر (١٠)ی بەیانی دەستیپێکرد، کاتژمێر (٦:٤٠)ی ئێوارە کۆتایی هات، پاش وتووێژ و تاووتوێکردنی سەرجەم تەوەرەکان، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە ئەم بڕیارانەی دا:

1-دیاریکردنی ڕۆژی (١/٩/٢٠١٩) بەڕۆژی دەستبەکاربوون (مباشرە)ی مامۆستایان و دیاریکردنی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی (٢١/٩/٢٠١٩) بە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠١٩ – ٢٠٢٠) لە هەرێمی کوردستان.

2-پێکهێنانی لیژنەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، بەسەرۆکایەتی بەڕێز مامۆستا (برهان عبداللە عادل)، تایبەت بە کەمکردنەوەی ڕۆتین و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کارگێڕی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان لە پارێزگاکان و پەروەردەی قەزاکان، لەگەڵ پیادەکردنی پێوەری چاودێری پێویست.

3-پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەنتەری شارەکان، بەسەرۆکایەتی ڕاوێژکار مامۆستا (برهان عبداللە عادل) و ئەندامێتی هەریەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی مامۆستا (احمد سمایل رحمان) و (شیلان خلیل جنید) و (جلال همزە کاکەشین) و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠ – ٢٠٢١).

4-پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی میکانیزمی دانانی بانکی پرسیار تایبەت بە ئەزموونەکانی قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی، بە سەرۆکایەتی مامۆستا (کریم لطیف) بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان، ئەندامێتی مامۆستا (کاوە عومه‌ر) و بەڕێوەبەرانی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان، لەماوەی چوار مانگدا پێویستە کارەکانیان تەواو بێت.

5-ڕێگەنەدان بە کردنەوەی خولی بەهێزکردن و وتنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن لەو پەیمانگە پیشەییانەی کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە مۆڵەتی پیشەییان پێدراوه‌.

6-هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی بەئینگلیزی کردنی هەردوو بابەتی (بیرکاری و زانستە گشتیەکان) تایبەت بەقۆناغی فێرکردنی بنەڕەتی کە لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ – ٢٠١٦)ەوە دەستیپێکردووە، هاوکات بڕیاردرا بۆ گرنگیدان بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ پسپۆرانی بواری زمان لە زانکۆکانی کوردستان بکرێت. 

7-پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بەسەرۆکایەتی وەزیری پەروەردە و ئەندامێتی هەریەکە لە ڕاوێژکار مامۆستا (بورهان عه‌بدوڵا عادل) و بەڕێوەبەرانی گشتی (مەریوان بەگۆگ) و (بەکر کەریم) و بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان (هۆزان تحسین)، بەمەستی پێداچوونەوە و بەدواداچوون لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی (٢٠١٢) و ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٦)ی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومیەکان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand