شازادە هەیا چۆن لە دوبەی هەڵات ؟
2019-08-18 18:03:58
رۆژنامەی تایمز چیرۆكی هەڵاتنی هاوسەری حاكمی دوبەی بڵاودەكاتەوە
وەرگێڕانو ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت
نزیكەی (10 هەزار) كامێرای چاودێری لە ئیمارەتی دوبەی چێندراوە، ئەمە سەرباری ئەوەی تەنیا لەناو فڕۆكەخانەی دوبەیدا (3 هەزار) كامێرا هەیە، كەواتە شازادە هەیا هاوسەری محەمەد بن راشیدی حاكمی دوبەی چۆن توانی لە كۆشك بێتە دەرەوەو بەناو شەقامەكاندا بڕواتو لە فرۆكەخانەوە هەڵبێتو خۆی بگەیەنێتە ئەڵمانیاو لەوێشەوە بچێتە بەریتانیاو داوای مافی پاراستن بكات ؟
ماوەیەكە چیرۆكی جیابونەوەی شازادە هەیاو محەمەد بن راشدی حاكمی دوبەی بووەتە باسی گەرمی میدیاكانی خۆرئاوا، بەڵام میدیاكانی ئیماراتی عەرەبی بەهیچ جۆرێك باسی ئەم بابەتە ناكەن.
چیرۆكی دزێك لە دوبەی
رۆژنامەی تایمزی بەریتانی لە بەدواداچونێكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە، گەڕاوەتەوە بۆسەر لێدوانێكی عەقید ناسر ئیبراهیم كازم فەرماندەی پۆلیسی دووبەی كە تێیدا باس لە توانای پۆلیسی دوبەی دەكات، كە لەڕێگەی كامێراكانی چاودێرییەوە شوێنپێی دزێكی هەڵگرتووە كە (7 ملیۆن جونەیهی ئەستەرلینی) دزیوەو لە قۆناغی یەكەمی دزیكردنەكەیەوە تاوەكو ساتی دەستگیركردن لە كامێراكانی چاودێریدا وێنەی گیراوە.
فەرماندەی پۆلیسی دوبەی لەو لێدوانەیدا كە مێژووەكەی بۆ بەر لە چەند ساڵێك دەگەڕێتەوە باس لەوەدەكات، كامێرای چاودێری لە هەموو شوێنێكی دوبەی دانراوە.
رۆژنامەی تایمز لە راپۆرتەكەیدا باس لە قەبارەی كۆنترۆڵو چاودێری ژیانی رۆژانەی (3 ملیۆن) بیانیو كەسانی غەریبە دەكات لە ناو دوبەی، بۆ ئەمەش ئاماژەی بەبەشێكی تری قسەكانی عەقید كازم كردووە كە دەڵێ:" سیستمەكەمان فراوان كردووەو كامێرامان لە هەموو ناوچەیەكی نوێ داناوەو گەشەی پێدەدەین"، سەرباری ئەمە كامێراكان بەستراونەتەوە بە تەكنەلۆژیای ناسینەوەی روخساری كەسەكانەوە، بۆیە هەر كەسێك كە دەچێتە دوبەی، هەر لە فڕۆكەخانەوە تا ئەو كاتەی كە ئیمارەتەكە بەجێدەهێڵێت لە چاو ون نابێت، تەنیا لە فڕۆكەخانەی دوبەیدا (3 هەزار) كامێرای چاودێری دانراوە كە ئاڕاستەی هاتنەناوەوەو دەرچوونی كەسەكان تۆمار دەكات، بۆیە لە دوبەی شوێنی شاراوە نییەو بەردەوام لەژێر چاودێریدایت.
سەرباری لێدوانە كۆنەكەی فەرماندەی پۆلیسی دوبەی، ریچارد سبنسر پەیامنێری رۆژنامەكە كە خۆی ماوەی سێ ساڵ لە ئیمارات ژیاوە، لە راپۆرتەكەدا باسی لە وێنای خۆی بۆ ژیان لە دوبەی كردووەو ئەمەی بەستوەتەوە بە چیرۆكی هەڵاتنی شازادە هەیاو پێشتریش چیرۆكی هەڵاتنی شازادەكانی تری دوبەی.
هەڵاتنی شازادە هەیا
رۆژنامە بەریتانییەكە لەبارەی شازادە هەیاوە پرسیاری ئەوەی كردووە، ژنێك كە پێگەی كۆمەڵایەتیو توانای ماددی هەبووە، چۆن لە كۆتایدا بووە بە هەڵاتوویەك لە دوبەی هاوشێوەی دزەكان، باسلەوەدەكات چۆن میدیاكانی دوبەی بە مانشێتی گەورە باسی ئەو دەستكەوتو كەموكورتییانە دەكەن كە لە ئیمارەتەكەیاندا هەیە، بەڵام لە پرسی هەڵاتنی شاژنو شازادەكانی تر ئیمارەتەكەیان بێدەنگنو پەردەپۆشی دەكەن، ئەم بابەتە چۆن لای دەسەڵاتدارانی ناوچەكە كەوتوەتە بەشی خواری خوارەوە لیستی رووداوەكانەوە، بەدیاریكراویش چیرۆكی هەڵاتنی هاوسەری حاكمی دوبەی كە هەموو جیهانی سەرسام كردووە، چیرۆكێك كە هیچ پێشینەو ئاماژەیەكی پێشوەختە نەبووەو لە پڕێكدا بڵاوبووەتەوە، وەكو رۆژنامەكە باسی دەكات، ئەمە دەیسەلمێنێت ناكۆكی نێوان حاكمی دوبەیو هاوسەرەكەی بابەتێكی نوێ نەبووەو هەڵاتنی شازادە هەیا بابەتێك بووە كە پێشوەختە ئامادەكاری بۆ كراوە.
رۆژنامەكە لەبارەی شازادە هەیاوە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو ژنە هەر لە سكی دایكییەوە نازناوی شازادەی هەڵگرتووە، چونكە ئەو كچی مەلیك حسێنی پادشای ئوردنە لە خاتوو سورەیاوە (شازادە هەیا زڕخوشكی شا عەبدوڵای پادشای ئێستای ئوردنە، واتە شا حسێن زیاتر لە هاوسەرێكی هەبووە)، كە هاوسەرگیری لەگەڵ حاكمی دوبەی كردووە وێنەیەكی هاوشێوەی چیرۆكە خەیاڵییەكان بەخشییوە بە هاوسەرگیرییەكەی، بەتایبەتی ئەوەی كە شازادە هەیا تەنیا هاوسەری حاكمی دوبەی نەبووە، بەڵكو كەسایەتییەكی گشتی بووە كە لە میدیاكانەوە دەركەوتووەو لە بۆنە جیهانییەكاندا لەپاڵ كارەكانی لە بواری كۆمەڵایەتیو وەرزشی ئامادەگی هەبووە، ئەمەش تایبەتمەندییەك بووە كە هاوسەرەكانی تری محەمەد بن راشید نەیانبووە، بەڵام هەڵاتنەكەی لە دوبەی پشتی پەردەی هاوسەرگیرییەكەی ئاشكراكرد، بەتایبەتیش ئەوەی لەگەڵ (فیونا شاكلتۆن) رووی لە بەریتانیا كرد، كە ئەو پیاوە دیارترین پارێزەرەكانی بواری جیابونەوەی هاوسەرەكانە لە بەریتانیا.
یەكەم دەركەوتنی شازادە هەیا لەبەردەم دادگای لەندەن دوای هەڵاتنی
چەند پرسیارێك
لە یەكێك لە رۆژەكانی مانگی ئازاری رابردوودا بابەتەكە ئاشكرا بوو، بەبێ ئەوەی وردەكارییەكەی بزانرێت، شازادە هەیا توانی رێڕەوە پارێزراوەكانی كۆشكو رێگەی سەرەكی شاری دوبەی ببڕێت كە شەقامی شێخ زایدەو خۆی بگەیەنێتە فڕۆكەخانە، كە یەكێكە لە قەرەباڵغترین فڕۆكەخانەكانی جیهانو بەرەو ئەڵمانیا گەشت بكات، لەوێشەوە بەرەو لەندەن بڕواتو لە بەندەن داوای مافی پاراستن بكات، ئەمە دەریدەخات گەشتەكەی جگە لە دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بۆ خەڵكی تریش ئاشكرابووە، بەریتانیا چۆن یارمەتی حكومەتی دوبەی نەدا هاوشێوەی ئەو یارمەتییەی كە پێشترو لە ساڵی 2000دا پێشكەشی دەسەڵاتدارانی دوبەی كرد، كاتێك ئامادەكاری كرا بۆ پرۆسەی رفاندنی شازادە (شەمسە) لە لەندەنو گەڕاندنەوەی بۆ ئیمارەتی دوبەی ؟ چۆن وردەكارییەكانی پرۆسەی هەڵاتنی شازادە هەیا بەبێ وەڵام ماونەتەوە ؟ چۆن هەڵات ؟ كەی ؟ ئایا شێخ محەمەد بن راشد ئاگادار بوو ؟ ئەگەر بیزانیایە ئایا رێگری لە هەڵاتنی دەكرد ؟
رۆژنامە بەریتانییەكە ئاماژەی بە سەربوردەی چەندین چیرۆكی هەڵاتنی شازادەكان كردووە لە كۆشكی محەمەد بن راشد، لەوانە هەڵاتنی ساڵی رابردووی شازادە لەتیفەی خوشكی شازادە شەمسە لەڕێگەی عومانەوەو دواتر دەستگیركردنی لەلایەن هێزەكانی ئیمارتەوە بە یارمەتی هێزە دەریاییەكانی هیندستان، پاشان گەڕاندنەوەی بۆ دوبەی، كە لەو كاتەوە تائێستا هاوشێوەی خوشكەكەی بێسەروشوێنەوەو هیچ هەواڵێكی نییە.
ئایا پارە خۆشبەختی دەهێنێت ؟ پرسیارێك كە رای جیاوازی لەسەرە
بڵقی سەرئاو
نوسەری راپۆرتەكە باس لەوە دەكات، ژیانی بیانییەكان لە دوبەی وەكو بڵقی سەرئاوە، بیانییەكان كە رێژەی 85%ی دانیشتوانی ئیمارەتی دوبەی پێكدەهێنن، بە موچەیەكی ساڵانەی زۆر زیاتر لە هاوڵاتییەكی ئەوروپی كاریان دەستدەكەوێتو مافیان هەیە خانوی گرانبەهاو ژیانێكی خۆشیان هەبێت، بەڵام لە بەرامبەردا بەبێ نیشاندانی ناسنامەكەیان ناتوانن هیچ جموجوڵێك بكەنو لەژێر چاودێری توندوتۆڵدانو هەموو جوڵەیەكی چونەناوەوەو هاتنەدەرەوەیان لەڕێگەی پەنجەمۆری ئەلیكترۆنییو وێنەی چاوەوە تۆماردەكرێت.
راپۆرتەكە باس لەو روداوانە دەكات كە ئیمارەتی دوبەی لە هەناوی خۆیدا شاردونیەتەوە، بەتایبەتی شوێنە دورەدەستەكانی كاركردنو دۆخی كرێكاران لە ناوچە پیشەسازییەكانو كەمپەكانی كاركردن لە بیابانو ناوچەكانی تر، كە قسەكردن تێیاندا قەدەغەیەو كەس ناتوانێت ناڕەزایەتی دەربڕێتو گوزارشت لە بۆچونی خۆی بكات.
هاوكات باسی چیرۆكی مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان ئیماراتی عەرەبیو بەریتانیا و سیاسەتە ئابورییەكانی دەكات، لەمەدا نمونە بە بەخشینی باج لەسەر ئەو كاڵایانەی دەهێنێتەوە كە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتی بەهێزكردووە، نمونە بە شایەتیدانی چەندین كەس دەهێنێتەوە كە لە دوبەی ژیاونو سەرباری ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆریش لەوێ ماونەتەوە، بەڵام نەبوون بە خاوەنی رەگوڕیشە، ئەمە دەكات بە نمونە بۆ ئەوەی بڵێت مرۆڤ هەرچەندە پەیوەندی ماددی بە شوێنێكەوە ببەستێتەوە، بەڵام ماددە ناتوانێت وای لێ بكات هەست بە بەختەوەری بكاتو ناچار دەبێت دواجار جانتاكەی كۆبكاتەوەو بەبێ هیچ ئەنجامێك بگەڕێتەوە.
لێرەوەیە نوسەری راپۆرتەكە دەیەوێت بڵێت" شازادە هەیا پێدەچێت لەم جۆرە پەیوەندییەی لەگەڵ دوبەی هەبوبێت، كە ئەوەش پەیوەندییەكی مادییەو مێژوو دروستناكاتو رەگوڕیشەی نابێت، پارە بە تەنیا بۆشایی پڕناكاتەوەو بەختەوەری راناكێشێت".