Draw Media

گەشتیاران زیاتر لە یەك ملیار دۆلار دێننە بازاڕەكانی هەرێمەوە 

گەشتیاران زیاتر لە یەك ملیار دۆلار دێننە بازاڕەكانی هەرێمەوە 

2019-08-12 11:08:10


راپۆرتی: درەو میدیا
پێشبینی دەكرێت تەنها لە رۆژانی جەژنی قورباندا زیاتر لە ( 250 هەزار) گەشتیار روو لە ناوچە گەشتیاریی و شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، خۆ ئەگەر هەر گەشتیارێك تەنها 300 دۆلار خەرجبكات ئەوا تەنها لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە 75 ملیۆن دۆلار دێتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوەو بەپێی پێشبینیەكانی دەستەی گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2019 گەشتیاران زیاتر لە یەك ملیار دۆلار دەهێننەوە ناو بازاڕەكانی هەرێمەوە 

ژمارەی گەشتیاران 
بە پێی پێشبینییەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ژمارەی گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا  ( 250 هەزار )گەشتیار  تێدەپەڕێنێت، ئەویش بەلەبەرچاوگراتی جەژنی رەمەزانی رابردوو كە ژمارەی گەشتیاران ( 250 هەزار) گەشتیاربووە. 
بەپێی ئاماری فەرمی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ( ملیۆنێك و 750 هەزار) گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

دەستەی گەشتوگوزار  پێشبینی دەكات ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی 2019 دا ( 3 ملیۆن و 500 هەزار) گەشتیار تێپەڕێنێت، بەو پێیەی ژمارەی گەشتیاران لە شەش مانگی یەكەم كەمتر دەبێت لە شەش مانگی دووەم.

 هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی كوردستان زیاتر لە مانگەكانی ( تەموز ، ئاب ، ئەیلول) و لە وەرزی گەرمادا دەبێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت ژمارەی گەشتیاران لە شەش مانگی دووەم زۆر زیاتر بێت.
ئەگەر تەنها پێشبینیەكەی دەستەی گەشتوگوزار لەبەرچاوبگیرێت كە ژمارەی گەشتیاران لە 2019 دا ( 3 ملیۆن و 500 هەزار) گەشتیار دەبێت و هەر گەشتیارێك لە ماوەی مانەوەی لە هەرێمی كوردستان  تێكڕا(300 )دۆلار خەرج بكات، ئەوا كۆی گشتی ئەو پارەیەی كە گەشتیاران دەیهێننە بازارەكانی هەرێمی كوردستانەوەو خەرجی دەكەن دەگاتە (ملیارێك و 50 ملیۆن) دۆلار.

  توانای گەشتیاری هەرێم
 هەرێمی كوردستان سەرەڕای هاوینەهەوارەكانی خاوەنی (4 هەزار و 500 )شوێنی مێژوویی و شوێنەوارییە. لە ڕیزبەندی 30 لە بەناوبانگترین ناشناڵ پاركەكانی جیهانیشدا، ناشناڵ پاركی سەكران لە پلەی هەژدەهەمدایە.
 نەورۆز مەولود وەزیری پێشووی  شارەوانی و گەشتوگوزار ساڵی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان(  هەزار و 63 )هۆتێل و مۆتێل و گوندی گەشتیاری هەن كە( 760 )یان خاوەن ئەستێرەی گەشتیارین و ئەوانی دیكە هۆتێلی میللین، بە هەمووشیان( 70 هەزار )سەرینیان هەیە و لەكاتی فشاری زۆری گەشتیاراندا دەتوانرێت زیادبكرێت.
بەپێی خشتەیەكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016دا ژمارەی هۆتێل و شوێنی مانەوەی گەشتیاران بەم شێوەیە بووە:
-     هۆتێل: 430 
-    مۆتێل: 271
-    گوندی گەشتیاری: 91
-    ریستۆرانت و كافتریا: 768
-    ژمارەی ژوور : 23851


 

گەشتیاران 900% زیادیانكردووە
بەپێی ئامارەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007 بۆ 2019 ژمارەی گەشتیاران بەرێژەی 900% زیاد دەكات و داهاتەكەشی لە (90 ملیۆن) دۆلارەوە بۆ زیاتر لە (یەك ملیار )دۆلار بەرز بۆتەوە.
بەپێی ئامارەكە لە ساڵی 2007 ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی كوردستان ( 377 هەزارو 397 ) گەشتیار بووە، بەڵام بۆ 2019 دەبێتە ( 3 ملیۆن و 500هەزار) گەشتيار، واتا زیاتر لە ( 3 ملیۆن و 122 هەزار) گەشتیار زیاد دەكات، ئەم زیادبونەش بەرێژەی سەدی دەكاتە  ( 900%) هەروەها ئەو پارەیەی كە گەشتیاران لە 2007 لە كاتی مانەوەدا لە هەرێم خەرجیانكردووە ( 90 ملیۆن ) دۆلار بووە، بەڵام لە 2019 دەبێتە ( 1 ملیار و 50 ملیۆن) دۆلار.
ژمارەی قەرەوێڵە لە ساڵى 2007 دا ( 10 هەزارو 501 ) بووە بەڵام لە 2019 بۆ زیاتر لە ( 70 هەزار) قەرەوێڵە زیادی كردووە، ئەم زیادبونەش بەرێژەی سەدی دەكاتە  (700%) زیادیكردووە.
لە ساڵی 2007 داهاتی باج و رسومات (450 ملیۆن) دینار بووە بەڵام لە 2019 دەبێتە زیاتر لە ( 5 ملیار) دینار، ئەم زیادبونەش بەرێژەی سەدی دەكاتە  1000% زیادی كردووە. 
 
 
گەشتیاری بیانی كەمیكردووە
بەپێی ئامارە فەرمییەكان زۆرینەی گەشتیارن كە دێنە هەرێمی كوردستانەوە هاوڵاتی پارێزگاكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقن.

ساڵی رابردوودا 91% گەشتیاران لە شارەكانی خوارو ناوەراستی عێراق هاتبوونە هەرێمی كوردستان، لەبەرامبەردا گەشتیاری بیانی رێژەی 9%ی پێكدەهێنا كە ئەوانیش هاوڵاتیانی توركیا و ئێران  و بیانین. 
بەڵام لە ساڵی 2017 بەپێی ئاماری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، 70%ی گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتبوون، 30%ی دیكەش لە ئێران و توركیا و وڵاتانی دیكە هاتبوون.
ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان لەچاو ساڵانی رابردوو كەمیكردووە، بەتایبەتیش گەشتیاری ئێرانی ئەویش بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەكەیان و ئەو قەیرانە داراییەی رویكردۆتە وڵاتەكەیان.
لە ساڵی 2016 لە كۆی ( ملیۆنێك و 603 هەزارو 400) گەشتیاری هەرێمی كوردستان ( 376 هەزارو 111 ) گەشتیاریان بیانی بوون بەتایبەتیش ( ئێران ، توركیا) كە دەكاتە ( 24%) ی كۆی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی گەشتیارانی بیانی كەمیكردووەو گەشتیاری باشور و ناوەڕاستی عێراق زۆر زیادیكردووە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand