یەكێتی و گۆڕان كێشەی جێگرییان هەیە
2019-08-10 15:06:22
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ
نێچیرڤان بارزانی چاوی لە گواستنەوەی قوباد تاڵەبانییە لە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە بۆ جێگیری سەرۆكی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان دوای پشووی جەژن كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلادەكاتەوە، حەمەتۆفیق رەحیم دەڵێ" من معامەلە ناكەم"، جەعفەر شێخ مستەفا بە فەرمی كاندید كراوە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، بەڵام هێشتا لە فەرماندەی هێزەكانی 70ی ئۆفێسەكەی چۆڵنەكردووە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا نوێترین زانیارییەكان لەبارەی پرسی دانانی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم بڵاودەكاتەوە.
ئەمڕۆ ماوەی دوو مانگی تەواوە نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، بەڵام دوو جێگرەكەی هێشتا مەرسومی دەستبەكاربونیان بۆ دەرنەچووە.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی سیاسییەی كە لەنێوان پارتیو یەكێتی لەلایەكو پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی تركراوەو لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگیركراوە، سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان بەپێچەوانەی خولەكانی پێشووەوە، لەخولی ئەمجارەدا دوو جێگری دەبێت، یەكێك لە جێگرەكان یەكێتی دەبێتو ئەوی تر كەسێك دەبێت لە بزوتنەوەی گۆڕان.
كێشەیەكی یاسایی
رۆژی 8ی ئایاری رابردوو پەرلەمانی كوردستان "یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمو هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستوری"ی پەسەندكرد.
لە برگەی (دووەم)ی ماددەی (3)ی یاساكەدا هاتووە:" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، ئەركو دەسەڵاتەكانیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە دیاری دەكرێت".
لە هەموارە نوێیەكەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەسەڵاتی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم رادەستی سەرۆكی هەرێم كراوە، واتە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵات بە جێگرەكانی دەدات نەك یاسا دەسەڵاتی بۆ دیاریكردبن.
هەموارە نوێیەكە هیچ وادەیەكیشی بۆ كاتی دەستبەكاربوونی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دیاری نەكردووە، لەكاتی هەموارەكەدا هەوڵێك لەناو پەرلەمان هەبوو بۆ ئەوەی لەیاساكەدا بچەسپێندرێت سەرۆكی هەرێم دوای (15) رۆژ لە دەستبەكاربوونی دەبێت مەرسومێك بۆ دەستبەكاربووتی جێگرەكانی دەربكات، بەڵام ئەم هەوڵە سەری نەگرتو لەیاساكەدا ماوەكە بەكراوەیی هێڵدراوەتەوە، ئەمە وادەكات ئەگەر بۆ ماوەیەكی زیاتریش جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دەستبەكارنەبن، هیچ بۆشاییەكی یاسایی رونەدات.
یەكێتی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتیدا
یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای دانوستانێكی زۆر دواجار پارتی دیموكراتی كوردستانی ناچاركرد لە سەرۆكایەتی هەرێم پۆستێكی باڵای پێبدات.
پارتی كە پێشتر هەڕەشەی دەكرد ئەگەر فراكسیۆنی یەكێتی لەناو پەرلەمان دەنگ بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدات وەكو سەرۆكی هەرێم، هیچ پۆستێك لە سەرۆكایەتی بە یەكێتی نادات، دواجار لە هەڕەشەكانی پاشەكشێی كرد، یەكێتی دەنگی بۆ هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی نەدا، بەڵام سەرباری ئەوەش پارتی بەناچاری جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادكردو ئەو پۆستەی بە یەكێتی دا.
یەكێتی بە فەرمی ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی هێزەكانی (70)ی وەكو كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی پارتیو نێچیرڤان بارزانی كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرباری ئەوەی ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا) ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كراوە، بەڵام ئەگەری گۆڕینی كاندیدەكەی یەكێتی لە (جەعفەر شێخ مستەفا)وە بۆ كەسێكی تر لەئارادایە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، پێشتر نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی زارەكی داوای لە كۆسرەت رەسوڵ كردووە، كەسێك بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید بكەن كە زمانزانو دیپلۆماتكار بێت، بەوپێیەی ئەگەر ئەو بەهەر هۆكارێك لە پۆستی سەرۆكی هەرێم نەمێنێت یاخود گەشتی دەرەوەی وڵات بكات، جێگرەكانی لە كوردستان لەشوێنی ئەو پۆستی سەرۆكی هەرێم بەڕێوەدەبەن.
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی خوازیارە یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (قوباد تاڵەبانی) یاخود (عومەر فەتاح) كاندید بكات.
(عومەر فەتاح) لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمدا جێگری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو، (قوباد تاڵەبانی)ش لەكابینەی هەشتەمدا، واتە هەردووكیان ئەزمونی كاركردنیان وەكو جێگر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هەیە.
ئەگەر قوباد تاڵەبانی كە دۆستێكی نزیكی نێچیرڤان بارزانییە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت ببێتو پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەرگرێت، رەنگە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت.
رۆژی 7ی تەموز، كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەفەرمی لە نوسراوێكدا ناوی (جەعفەر شێخ مستەفا)ی وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی كرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێشتا (جەعفەر شێخ مستەفا) دەستبەرداری پۆستی فەرماندەی هێزەكانی (70)ی یەكێتی نەبووەو ئۆفیسەكەی لە فەرماندەیی رادەست نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 31ی تەموز یەكێتی بەفەرمی (مستەفا چاوڕەش)ی لە شوێنەكەی (جەعفەر شێخ مستەفا) لە پۆستی فەرماندەی هێزەكانی (70) دیاریكرد.
بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراوەی سەرۆكایەتیدا
بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستپێكی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، لەناو سێ سەرۆكایەتییەكەدا (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان) چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی باڵابوو لەناو پەرلەمان، بەوپێیەی لە خولی پێشوودا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بەدەستەوە بوو، بەڵام پارتی هیچ پۆستێكی لە دەستەی سەرۆكایەتی خولی نوێی پەرلەمان بە گۆڕان نەدا.
بزوتنەوەی گۆڕان دواجار لە بری پەرلەمان، قایل بوو بە وەرگرتنی پۆستێك لە سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوكات كە بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی رێككەوتنی سیاسییان كرد، بەپێی یاسای كارپێكراوی سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبوو، گۆڕان ئەو تاكە جێگرەی بۆخۆی یەكلاكردبووەوە.
بەڵام دواتر پارتی لە دانوستانەكانیدا بۆ قایلكردنی یەكێتی بەڵێنیدا جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكاتو ئەو پۆستە بە یەكێتی بدات، ئەمە بزوتنەوەی گۆڕانی نیگەران كرد.
بەپێی یاسا، سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، جێگرەكەشی دەبێت بە جێگری فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە، ئێستا یەكێتی چاوی لەوەیە نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتە سەربازییەكە بدات بە جێگرە یەكێتییەكەی، بەوپێیەی یەكێتی خاوەنی هێزی چەكداری زۆنەكەی خۆیەتی.
ئەگەر دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی هەرێم وەكو جێگری فەرماندەی گشتی هێزە پێشمەرگە بدرێت بە كاندیدەكەی یەكێتی، بەپێی یاسا هیچ رۆڵێكی ئەوتۆ بۆ جێگرەكەی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم نامێنێتەوە، بەڵام هەموارە نوێیەكەی یاسای سەرۆكایەتی دەسەڵاتی ئەوە بە نێچیرڤان بارزانی دەدات بە ویستی خۆی دەسەڵات بە جێگرەكانی بداتو رەنگە لەو رێگەیەوە چارەسەری كێشەكە بكرێت.
ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا دوو كەس بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندیدن، ئەوانیش بریتین لەو (محەمەد تۆفیق رەحیم)و (مستەفا سەید قادر)، كۆتایی هەفتەی رابردوو (جەمال حاجی محەمەد) سكرتێری جڤاتی نیشتمانی لە كاندیدبوونی بۆ پۆستەكە كشایەوە.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، رۆژی 27ی تەموز دەسەڵاتی خۆی بۆ دیاریكردنی كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەخشی بە (عومەر سەید عەلی) رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە.
عومەر سەید عەلی رەتیدەكاتەوە هیچ یەكێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە پۆستی حكومی وەرگرن، ئەمە وایكرد هەمان رۆژی كۆبونەوەكەی جڤات، (محەمەد تۆفیق رەحیم) دەستی لە پۆستی ئەندامێتی خانە بكێشێتەوە.
نزیكەی (15) رۆژە دەسەڵات بە عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان دراوە كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلابكاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) هێشتا بە فەرمی ناوی كاندیدەكەی یەكلانەكردوەتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا)، محەمەد تۆفیق رەحیم كاندید بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان دوای پشووی جەژنی قوربان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلادەكاتەوە.
محەمەد تۆفیق رەحیم وتی: من لە كاندید بونم بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم نەكشاومەتەوەو معامەلە لەسەر ئەو پۆستە ناكەم.
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر رێكخەری گشتی دوای جەژن كاندیدەكە یەكلانەكاتەوە، دورنییە جارێكی تر پرسەكە بگەڕێتەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی، واتە جڤانی نیشتمانی بە دەنگدان كاندیدەكە یەكلابكاتەوە.
بەپێی پێوەرەكەی نێچیرڤان بارزانی كە داوای كاندیدی زمانزانو دیپلۆماتیی لە یەكێتی كردووە، دەبێت بزوتنەوەی گۆڕان محەمەد تۆفیق رەحیم كاندید بكات بۆ پۆستەكە، بەڵام ئەمە ئەگەرێكی لاوازە، بەوپێیەی لەلایەك كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی دانانی مستەفا سەید قادر دەكەنو لەلایەكی تریش بەكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، عومەر سەید عەلی دەیەوێت مستەفا سەید قادر لە حیزب دوربخاتەوە، چونكە بەپێی زانیارییەكان ئەگەر بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید نەكرێت، مستەفا سەید قادر لە رۆژی 14ی ئەیلولی داهاتوو خۆی بۆ پۆستی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كاندید دەكات.
موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكانی
یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكەیو بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
• موچەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم (15 ملیۆن) دینارە.
• دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی كە دەكاتە (7 ملیۆن 500 هەزار) دینار.
• كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم دەگاتە (22 ملیۆنو 500 هەزار) دینار.
• سەرۆكی هەرێم لەكاتی خانەنشینبوونیدا موچەی خانەنشینی وەردەگرێت كە 80%ی موچەو دەرماڵًەكەیەتیو دەكاتە (18 ملیۆن) دینار.
موچەو دەرماڵەی جێگری سەرۆكی هەرێم:
• موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە.
• دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن 500 هەزار) دینار.
• كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە.
• جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچەو دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆنو 600 هەزار) دینار.
بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات.
بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لەو كاتەوە تاوەكو رۆژی 29ی تشرینی یەكەمی 2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووەو كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستاو دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆنو 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر سەرۆكی حكومەت بووە.
بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم
بە گوێرەی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013ی هەرێم، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (430) كارمەندی هەیە، بودجەی ئەو ساڵەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (42 ملیار) دینار بووە، كە دەكاتە رێژەی 0,36%ی كۆی گشتی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا.
لە ساڵی 2013وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەرێمی كوردستان پرۆژە یاسای بودجەی نەبووە، پەرلەمان پرۆژە یاسای بودجەی پەسەندنەكردووە، ئەگەر لەمساڵدا پرۆژە یاسای بودجە دابنرێتو پەرلەمان پەسەندیبكاتو جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم زیاتر دەبێت.