Draw Media

بەغدادو هەولێر پێنج دۆسیەی جیاواز تاوتوێدەكەن

بەغدادو هەولێر پێنج دۆسیەی جیاواز تاوتوێدەكەن

2019-08-10 13:27:45


(درەو میدیا):
بڕیاری دوای پشووی جەژنی قوربان وەفێدی باڵای هەرێم بۆ تاوتوێكردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم‌و ناوەند سەردانی بەغداد بكات‌و بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكیش وەفدەكەی هەرێم چەند پێشنیازێكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئامادەكردووە.
چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەی " ئەلعەرەبی ئەلجەدید"ی قەتەریان راگەیاند وەفدەكەی هەرێم پێنج دۆسیە لەگەڵ حكومەتی ناوەندا تاوتوێدەكات كە بریتین لە:
* موچەی فەرمانبەرانی هەرێم
* پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی
* داهاتی نەوتی هەرێم
* گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێ ناكۆكەكان
* داهاتووی پارێزگای كەركوك
بەوتەی ئەو سەرچاوانە هەرێمی كوردستان خوازیارە هەموو كێشەكان بە شێوەی دۆستانە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، لە هەمان كاتیشدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان پابەندی هەموو ئەو مافانەن كە دەستوری هەمیشەیی عێراق بە هەرێمی بەخشیوە، لەگەڵ بەندەكانی ئەو رێككەوتنانەی لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا ئیمزاكراون.
هەرێم ئامادەیە نەوتەكەی رادەستبكات
هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە رۆژنامەكەی راگەیاندوووە وەفدەكەی هەرێم دوای جەژنی قوربان دەچێتە بەغداد بە ئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر دۆسیەی نەوت‌و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشیكردوەتەوە كە هەولێر ئامادەیە داهاتی  نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەگەر حكومەتی ناوەندی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات.
بەغداد موچە نابڕێت
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نوێترین لێدوانیدا دانینا بە بوونی ناكۆكی لە نێوان هەولێر‌و بەغدا، بەڵام جەختیكردەوە كە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نابڕێت.
عەبدولمەهدی لە دیدارێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنوسی عێَراق وتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی حكومەتی فیدراڵی ناكات كە لە یاسای بودجەدا هاتووە، لەبەرئەوە بەبەهای ئەو بڕە نەوتە لە پشكی بودجەی هەرێم دەبڕدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand