Draw Media

سوریا رێككەوتنی توركیا- ئەمریكا رەتدەكاتەوە

سوریا رێككەوتنی توركیا- ئەمریكا رەتدەكاتەوە

2019-08-08 13:31:50


 (درەو میدیا):
حكومەتی سوریا رێككەوتنی ئەمریكا‌و توركیا بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا ( رۆژئاوای كوردستان) رەتدەكاتەوە‌و بە دەستدرێژی بۆسەر سەروەریی‌و یەكێتی خاكی سوریای لە قەڵەمدەدات‌و كوردیش پێشوازی لێدەكات.
ناوەرۆكی رێككەوتنەكە
دوای هەڕەشەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر رۆژهەڵاتی روباری فورات‌و وەڵامدانەوەی لەلایەن وەزیری بەرگری ئەمریكاوە، دواجار وەفدی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ( پێنتاگۆن) لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەسەر دامەزراندن‌و بەڕێوەبردنی ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا رێككەوتن.
بە گوێرەی رێككەوتنەكە:
* سەنتەرێكی هاوبەشی ئۆپەراسیۆن بۆ هەماهەنگی‌و بەڕێوەبردنی ناوچەكە لە ئەنكەرە دادەمەزرێنرێت.
* ناوچە ئارامەكە وەك رێڕەوێك بۆ ئاشتی دادەمەزرێت.
* رێوشوێنە پێویست بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سورییەكان دەگیرێتەبەر.
ئەمریكا‌و توركیا پێشتر لەسەر رووبەری ناوچە ئارامەكە ناكۆك بوون، ئەنكەرە دەیەوێت ناوچەكە هەموو ئەو ناوچانە بگرێتوە كە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورددان‌و واشنتۆنیش ئەوە رەتدەكاتەوە، لە بەیاننامەی كۆتایی رێككەوتنەكەدا هیچ ئاماژەیەك بە وردەكاری ناوچە ئارامە نەكراوە بە تایبەتی رووبەرەكەی‌و ئەو لایەنەشی بەڕێوەیدەبات، تەنها باس لەوەكراوە كە سەنتەرێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكە پێكدەهێنرێت، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی كە توركیاو ئەمریكا بە هاوبەشی ناوچە ئارامەكە بەڕێوەدەبەن.
كورد پێشوازی لێدەكات بەڵام... 
ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی تەڤگەری دیموكرات (تەڤدەم)، و خۆشحاڵی خۆی بە رێككەوتنەكەی ئەمریكا‌و دەربڕی، بەڵام جەختیشیكردەوە كە هێشتا وردەكاری رێككەوتنەكە نادیارە‌و روون نییە.
خەلیل لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس) وتی:"ئەم رێككەوتنە دەبێتە سەرەتایەم بۆ شێوازێكی نوێ‌، بەڵام ئێمە پێویستمان بەوەیە وردەكارییەكەی بزانین، بەگوێرەی پێشهاتەكان دۆخەكە هەڵدەسەنگێنین‌و پشت بە ناونیشان نابەستین". 
هاوكات بەدران چیاكورد، راوێژكاری ئیدارەی خۆسەری كورد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، هۆشداریدا لە هێرشی توركیا بۆسەر باكوری خۆرهەڵاتی سوریا‌و رایگەیاند ئەگەر ئیدارەی ئەمریكا شكستبهێنێت لە هەوڵەكانی بۆ وەستاندنی پلانەكانی توركیا، ئەوا " جەنگێی گەورە" بەرپادەبێت.
چیاكورد جەختیكردەوە وەك ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان، خوازیاری چارەسەری سیاسیین‌و دانوستانیان وەك بژاردەیەكی ستراتیژی داناوە، بەڵام لە كاتی هێرشی توركیا بۆسەر ناوچەكە, ئەوا زۆربەی هێزەكانیان لەسەر سنوری سوریاو توركیا بڵاوەپێدەكەن‌و ئەوكاتەش ناتوانن بەردەوام بن لە راوەدونانی شانە متبووەكانی داعش‌و پارێزگاریكردن لە هەزاران زیندانیی ئەو رێكخراوە.
دیمەشق رەتیدەكاتەوە
لە یەكەمین كاردانەوەیدا حكومەتی سوریا رێككەوتنەكەی ئەمریكاو توركیا رەتكردەوە‌و  بە پێشێلكردنی سەروەریی‌و یەكێتی خاكی سوریای وەسفكرد.
سەرچاوەیەكی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی سوریا ( سانا) رایگەیاند" كۆماری عەرەبی سویا بە رەهایی و بە تەواوەتی ئەو رێككەوتنە رەتدەكاتەوە كە لەلایەن ئەمریكای داگیركەر‌و توركیا دەربارەی ئەوەی پێدەوترێت ناوچەی ئارام راگەیەندراوە‌و ئەو رێككەوتنە دەستدرێژییەكی روون‌و ئاشكرایە بۆسەر سەروەری‌و یەكێتی خاكی سوریا‌و پێشێلكارییەكی ئاشكرای بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی‌و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە".
سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا بەرپرسیارێتی ئەو رێككەوتنە دەخاتە ئەستۆی چەند لایەنێكی كورد‌و دەڵێت:" چەند لایەنێكی سوریا لە هاوڵاتیانی كورد كە قایل بوون ببنە ئامرازێك لەو پرۆژە شەرانێگڕزانەی ئەمریكا‌و توركیا، بەرپرسیارێتی مێژووی ئەو دۆخەیان دەكەوێتە ئەستۆو كاتی ئەوەیە بە حساباتی خۆیاندا بچنەوە بگەڕێنەوە بۆ باوەشی نیشتمان."
سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و نەوە یەكگرتووەكان دەكات" ئیدانەی شەڕی ئەمریكا‌و توركیا بكەن كە زۆر مەترسیدارەو هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی‌و سەقامگیری ناوچەكە‌و جیهان‌و هەموو هەوڵێك بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ قەیرانی سوریا لەناودەبات".


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand