یەكێتی و پارتی 45 رۆژیان بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك داناوە
2019-08-07 10:46:21
درەو میدیا:
ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندووە" بەپێی رێكەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەندازیار تەیب جەبار كاندیدی لیستی برایەتیی كەركوكە بۆ پارێزگاری كەركوك، بۆ ئەو مەبەستەش لە چوارچێوەی رێكەوتنەكەی نێوانماندا كە ئیمزاكراوە، 45 رۆژ وەك سەقفی زەمەنی بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك دانراوە و هیوادارین رێكەوتنەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاسۆ مامەند بە رۆژنامەی كوردستانی نوێی زمانحاڵی حزبەكەی راگەیاندووە"چاوەڕوان دەكەین لە رۆژانی داهاتوودا كۆبوونەوەیەك لەنێوان لیژنە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك لەگەڵ لیستی برایەتیی كەركوك بەڕێوەبچێت و پرسی دانانی پارێزگاری كەركوك تەوەرێكی ئەو كۆبوونەوەیە دەبێت"
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رۆژی 11ی تەموزی رابردووی لەدوای كۆبونەوەیان بەرەسمی ناوی ( تەیب جەبار)یان وەك كاندید بۆ پارێزگاری كەركوك راگەیاند، بەو پێیەش كە 28 رۆژ بەسەر راگەیاندنی ناوی كاندیدی پارێزگاری كەركوكدا تێپەریوە بۆیە تەنها 17 رۆژی ماوە بۆ ئەو سەقفە زەمەنیە( 45 رۆژ)ەی لە رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا هاتووە.