Draw Media

ئەردۆغان وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی پێشخست

ئەردۆغان وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی پێشخست

2018-04-18 13:13:44


رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی پێشخست و بڕیاریدا ئەو دوو هەڵبژاردەنە رۆژی 24ی حوەزیرانی داهاتوو لە یەك رۆژدا ئەنجام بدرێن.
ئەردۆغان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ دەوڵەتی باخچەی سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا " MHP" ی هاوپەیمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی :" هەڵبژاردنەكان رۆژی 24ی حوەزیران بەڕێوەدەچین، واتە زیاتر لە ساڵێك لە وادەی بڕیارلێدراوی خۆی."
ئەردۆغان وتیشی :" وڵاتە پێویستی بەوەیە بە خێرایی سیستمی سەرۆكایەتی تێدا جێبەجێ بكرێت."
سەرۆك كۆماری توركیا ئاشكراشیكرد دەستبەجێ‌ دەستدەكەن بە رێوشوێنە یاساییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن و گومانی تێدا نییە كە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەستبەجێی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان دەستپێدەكات.
پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی توركیا لەلایەن ئەردۆغانەوە لە كاتێكدایە كە  پەرلەمانی توركیا پرۆژە یاسای گۆڕینی سیستمی وڵاتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی پەسەندكردووە و لەدوای ئەم هەڵبژاردنە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و تێیدا دەسەڵاتێكی زۆر بە سەرۆك كۆمار دراوە كە ئەردۆغان خۆی بۆ كاندید دەكات .
هەروەها پارتی داد و گەشەپێدانی" AKP " كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات لەگەڵ دەوڵەتی باخچەلی " هاوپەیمانی جەماوەریان " بۆ ئەو هەڵبژاردنە پێكهێناوە و  لە ناوخۆی توركیاشدا باری نائاسایی راگەیەنراوە و زۆرینەی سەركردەكانی پارتی دیموكراتی گەلان " HDP" كە ركابەری سەرەكی ئەردۆغانن لە زیندانەكاندان و بەهۆی هەوڵی كودەتا شكستخواردووەكەشەوە ئەردۆغان هەزاران لایەنگری فەتحوڵا گولەنی دەستگیركردووە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand