دەستەكانی یەكێتی لە حكومەتدا بێ سەرۆكن
2019-08-05 08:47:34
درەو میدیا:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشێك لە پۆستەكانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكلا نەكردوەتەوەو پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكیشی بە چارەنوسێكی نادیار سپاردووە.
تائێستا یەكێتی چارەنوسی سێ سەرۆكی دەستەو ناونیشانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی هەولێر و بەغدا و دانانی پارێزگاری كەركوكی بە هەڵواسراوی هێشتوەتەوە، لە كاتێكدا كاندیدی بۆ تەواوی ئەو پۆستانە پێشكەشكردووە.
پۆستە پڕنەكراوەكان
نزیكەی مانگێك بەسەر سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕدەبێت، هێشتا بەشێك لە پۆستەكانی یەكێتی یەكلانەكراونەتەوە، رۆژی 6ی تەموزی رابردوو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستە وزارییەكان دیاریكران و رۆژی دواتر بە واژووی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ناوەكان ئاراستەی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو كرا، بەڵام تا ئێستا سەرۆكی سێ دەستە كە وەك پشكی یەكێتی دیاریكراون یەكلانەبونەتەوە كە ناویان لە لیستەكەی كۆسرەت رەسوڵدا هەبوو، فەرمانی وزاریش بۆ پۆستەكەی خالید شوانی دەرنەچووە.
وەزیری بێناونیشان
10ی مانگی رابردوو خالید شوانی وەك وەزیری هەرێم سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام تا ئێستا فەرمانی وزاری بۆ دەستنیشانكردنی پۆستەكەی دیارینەكراوە، كە پۆستی ( وەزاری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد)ە ، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكی ناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستی كەورتووە، پارتی ناونیشانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بدات بە خالید شوانی چونكە پارتی بەڵێنی تەنها وەزیری هەرێمی بە یەكێتی داوە.
زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن كە ئەو پۆستە ئیشكالیەتی تێدایە، بەوەی لە كاتی رێككەوتنەكاندا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندیان لەسەر (وەزیرێكی هەرێم)داوە، بەڵام ناونیشانەكەی دیارینەكراوە، تەنانەت لەكاتی بردنەوەی كۆنوسی رێككەوتنەكە لەلایەن ( عیماد ئەحمەد) سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ لای وەفدی پارتی، كاتێك ناونیشانی ( وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد) دیاریكراوە، وەفدی پارتی رایانگەیاندووە دیاریكردنی ناونیشانی ئەو پۆستە لە رێككەوتنەكەدا نەبووە، بۆیە تا ئێستا ناونیشانی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم بەغداد دیارینەكراوە.
هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوو رۆژی رابردوودا نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی لە بەغداد كاراكردەوەو بەرپرسێكی نوێی بۆ دیاریكرد بە ناوی (فارس عیسا) كە لە ئێستادا دەستبەكار بووە، كە ئەمەش وەك ئاماژەیەك بە پێیوست نەبوونی ناونیشانی پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.
دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم
بەپێی نوسراوەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ مەسرور بارزانی، ناوی ( رەوەند مەلامەحمود) جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی ( سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) دەستنیشانكراوە، بەڵام تا ئێستا دەستبەكار نەبووە، زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان هێشتا رەزامەندی تەواوی دەرنەبڕیوە لەسەر دانانی ( رەوەند مەلا مەحمود) و بە ( ئۆكتۆبەرچی) ناوی دەبەن و دەیانەوێت یەكێتی خۆی بیگۆڕێت، بەڵام یەكێتیش نایەوێت گۆڕانكاری لەو كاندیدەدا بكات
دەستەی گەشتوگوزار
كاندیدی دەستنیشانكراوی یەكێتی بۆ پۆستی دەستەی گەشتوگوزار ( عوسمان شوانی)یە، لە ئێستادا لە وەرگرتنی پۆستەكە كشاوەتەوە، عوسمان شوانی لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پۆستی وەزارەتی پلاندانانی هەبووە، لە ئێستاشدا سكرتێری ئەنجومەنی ئابوری كوردستانە لە ئەنجومەنی وەزیران بە پلەی وەزیر، پێی وایە پۆستەكەی لە ئاستی ئەودا نیە، چونكە پۆستی دەستەی گەشتوگوزار سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بەپلەی بەڕێوەبەری گشتی و لە كابینەی نۆیەمدا ( ساسان عەونی ) لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری ئەو وەزارەتەیە.
پۆستی دەستەی گەشتوگوزار لە دابەشكاری پۆستەكانی یەكێتیدا وەك پشكی هەولێر دیاریكراوەو لە ئێستادا سێ كەس بۆ ئەو پۆستە كاندیدن.
دەستەی گشتی كاروباری مین
بە پێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئیسماعیل مەحمود، كە كاندیدی یەكێتیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین بەپلەی وەزیر، لە وەرگرتنی پۆستەكە كشاوەتەوەو پێی وایە پۆستەكە لە ئاستی ئەودا نیە.
بەپێی دابەشكاری پۆستەكان ئەو پۆستەی بەر ئیسماعیل مەحمود كەوتووە، وەك پشكی قەزای سۆران لەناو یەكێتی دیاریكراوەو لەدوای كشانەوەشیی، ئەو پۆستە بە كاندیدێكی تری سۆرانی بەناوی ( زەینەدین) پڕدەكرێتەوە.
ئیسماعیل مەحمود ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان بووە، لە كاتی دروستكردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح ، ئەندامی دامەزرێنەری ئەو هاوپەیمانێتیە بووە.
پارێزگاری كەركوك
پرسی پەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك ماوەی (9) مانگ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی پەكخست، یەكێتی نیشتمانی مەرجی دانابوو دەبێت لەگەڵ سوێندخواردنی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارێزگارێكی یەكێتیش لە كەركوك دەستبەكارببێت.
رۆژی 11ی تەمموزی رابردوو یەك رۆژ دوای سوێندخواردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا لە سلێمانی، لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك ( تەیب جەبار) رێككەوتن بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام دوای 25 رۆژ لەو وادەیە هێشتا كاندیدە دەستنیاشنكراوەكەی پارێزگاری كەركوك نادیارە.
( درەو میدیا) زانیویەتی چەند رۆژێكە لە بەغداد كورد و پێكهاتەكانی دیكە بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبونەوەو گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی رێشەیی بۆ كێشەی كەركوك، بەرپرسێكی ئاگاداری كورد لە كۆبونەوەكان بە ( درەو میدیا) رایگەیاند: بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە بەغداد چەند كۆبونەوەیەكیانكردووە ئەگەرچی بڕیار بوو ئەم هەفتە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە شاری بەغداد بەرێوەبچێت و پارێزگاری كەركوكیش دیاری بكرێت، بەڵام بەهۆی فشاری پێكهاتەكان و جدی نەبونی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك، ئەنجامدانی ئەو كۆبونەوەیە نادیارە.
چونكە ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەسەر دەكاتەوە بەر لە دانانی پارێزگاری كەركوك ئاساساییكردنەوەی بارودۆخی ئەمنی كەركوكە، چونكە لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان كە 12 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە هیچ بارەگایەكی لە شاری كەركوكدا نەماوە، بۆیە بەم بارودۆخەوە كە هەموو لایەنەكان ئامادەكاری دەكەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لە 1ی نیسانی 2020 بەرێوە بچێت، دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ ئەوشارە ئەستەمە.