ئەنجومەنی ئاساییش: پەكەكەوە پلانداڕێژەری پلانەكە بووە
2019-07-26 16:34:36
درەو میدیا:
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەقی دانپێدانانی هێرشبەرەكانی رێستۆرانتی( هۆقەباز)ی هەولێری بڵاودەكاتەوە، بەپێی دەقی ئەو راگەیەنراوەی ئەنجومەنی ئاساییش بڵاویكردۆتەوە، كردەوەكە لە قەندیلەوە پلانی بۆ دارێژراوەوە" بە پێی دانپێدانانی تۆمەتباران، رووداوەكە تیرۆریستییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لە لایەن بەرپرسێكی پەكەكە بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆركردنی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا و سەرەنجام تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان"
دەقی راگەیێندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
"رۆژی چوارشەممە 7/17/ 2019 رووداوێكی تەقەكردن لە رێستورانتێكی شاری هەولێر روویدا كە لە ئەنجامدا كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر بە ناوی (عوسمان كۆسە) و دوو هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بەناوەكانی نەریمان (عوسمان محەمەدعەلی) و (بەشدار رەمەزان ساڵح) بوونە قوربانی.
هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆری كوردستان توانیان لە ماوەیەكی زۆر كەمدا شەش كەس لە پەیوەند بەم رووداوەدا دەستگیربكەن كە سێ كەس هاووڵاتی توركیان لە نێویاندا ئەنجامدەری سەرەكی رووداوەكە بەناوی (مەزڵوم داغ). سێ كەسیش لە هاوكار و یاریدەدەرانی ئەنجامدەرانی رووداوەكە هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن. هەروەها چەند كەسێكی دیكەش كە پەیوەندییان بەم رووداوەوە هەیە و لە رووی یاساییەوە داواكراون بەدواداچوون لە سەریان بەردەوامە.
بە پێی دانپێدانانی تۆمەتباران، رووداوەكە تیرۆریستییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لە لایەن بەرپرسێكی پەكەكە بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆركردنی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا و سەرەنجام تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان. هەر بەپێی دانپێدانانی ئەنجامدەری سەرەكی رووداوە تیرۆریستییەكەش، هەردوو هاووڵاتییەكەی هەرێمی كوردستان تەنیا بە گومانی ئەوەی پاسەوانی دیپلوماتەكەی توركیان كوژراون.
لێرەدا دەقی دانپێدانانی تۆمەتبارانی رووداوە تیرۆریستییەكە دەخەینەڕوو. لەبەر رێزگرتن لە كەسوكاری قوربانییەكانی ئەم رووداوەش ساتی تەققەكردنەكە لێڵ كراوە.
https://www.facebook.com/drawmedia/videos/439880726598535/