Draw Media

توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا ئۆپراسیۆن دەكات

توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا ئۆپراسیۆن دەكات

2019-07-25 14:00:32


(درەو میدیا):
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە ئاشكرایكرد، هەفتەی رابردوو سوپای توركیا لە دوو هێرشی ئاسمانیدا چەند كەسێكی لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا كوشتووە، كە پلانداڕێژەری كوشتنی دیپلۆماتكارەكەی شاری هەولێر بوون.
سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، هێرشی ئاسمانی یەكەم لە رۆژی 18ی ئەم مانگە ئەنجامدراوە، واتە رۆژێك دوای رووداوی كوشتنی "دیپلۆماتكار"ەكەی توركیا، ئەم هێرشە لە سەر رێگایەكی سنوری پارێزگای دهۆك ئەنجامدراوە، هێرشی دووەمیش دوێنێ لەناوچەی (باتۆڤا)ی سەربە هەمان پارێزگا جێبەجێكراوە.
كەناڵی (CNNTURK)، وێنەی دوو ئۆتۆمبیلی بڵاوكردەوە كە بەوتەی كەناڵەكە لە هێرشە ئاسمانییەكاندا كراونەتە ئامانج‌و تێكشكاون.
كەناڵەكە باسی لەوەشكردووە، هێرشە ئاسمانییەكان ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی سوپا‌و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توركیا بوون.
بەڵام تائێستا روون نییە چەند كەس لەو هێرشە ئەسمانییانەدا بەركەوتوون‌و كوژراوەكان كێن‌و سەربە چ لایەنێكن، كەناڵەكەی توركیا دەڵێ:" دەزگاكانی توركیا لەدوای هێرشەكەی ریستۆرانتی هۆقەبازەوە چاودێری دوو كەسیان كردووە كە پلانداڕێژەری هێرشەكە بوون‌و لە شاری هەولێر چونەتە دەرەوە".
رۆژی 17ی ئەم مانگە لەناو ریستۆرانتێكی شاری هەولێر بەناوی "ریستۆرانتی هۆقەباز"، لە هێرشێكی چەكداریدا بەرپرسێكی توركیا بەناوی (عوسمان كۆسە) كوژرا، كە بەپێی زانیارییە فەرمییەكان پۆستەكەی جێگری كونسوڵی گشتی توركیا بووە لە هەولێر‌و زانیارییە نافەرمییەكانیش دەڵێن بەرپرسێكی باڵای دەزگای هەواڵگری توركیا "میت" بووە. 
ئەمڕۆ (8) رۆژ بەسەر رووداوەكەدا تێدەپەڕێت، تائێستا دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم هیچ ئەنجامێكیان لەبارەی لێكۆڵینەوەكان ئەو دۆسیەیە بۆ رایگشتی بڵاونەكردوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا هێزە ئەمنییەكان لە رۆژی شەممەی رابردووەوە دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەیان راگەیاندووە، كە یەكێكیان برای پەرلەمانتارێكی سەربە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە لە پەرلەمانی توركیا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە دووەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بە وەزیرەكانی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا زانیارییەكان بۆ رایگشتی بڵاودەكەنەوە.
مەسرور بارزانی هاوكات لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی حكومەتە، سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان‌و دەزگای پاراستنی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand