دایكی جۆرج بوش كۆچی دواییكرد
2018-04-18 06:48:10
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت
باربارا بوش هاوسەری جۆرج بوشی باوك و سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا و دایكی جۆرج بوشی كوڕ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەتەمەنی 92 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
باربارا لە خێزانێكی سیاسیدا ژیاوە، هاوسەر و كوڕەكەی سەرۆكی ئەمریكا بوون، خۆشی لەسەردەمی سەرۆكایەتی هاوسەرەكەیدا لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، خانمی یەكەمی ئەمریكا بووە.
باربارا ماوەیەكی زۆر بوو بەدەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند، لە چەند رۆژی رابردوودا بڕیاریدا ئیتر چارەسەرە پزیشكییەكانی بەكارنەهێنێت.
هاوسەرەكەی جۆرج بوشی باوك هێشتا لە ژیاندا ماوە و تەمەنی (93) ساڵە، جورج بوشی باوك یەكەمین سەرۆكی ئەمریكایە ئەو تەمەنە زۆرە بژی.
جۆرج بوشی كوڕ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و بەمشێوەیە هەواڵی مردنی دایكی راگەیاند" دایكی ئازیزم لە تەمەنی 92 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، من و باربارا و لۆرا و جنا دڵتەنگین، بەڵام دڵمان وەكو دڵی ئەو ئاسودەیە. باربارا بوش خانمی یەكەم سەرسامكەر بوو، ژنێك بوو كە لە ژنەكانی تر نەدەچوو، خۆشەویستی و توانای خوێندنەوە و نوسینی بۆ ملیۆنان كەس هێنا".
باربارا بوش جگە لەوەی هاوسەرو كوڕەكەی سەرۆكی ئەمریكا بوون، كوڕێكی تریشی هەیە بەناوی جیب بوش كە لەماوەی ساڵانی 1999 بۆ 2007 حاكمی ویلایەتی فلۆریدا بووە و ساڵی 2016 خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا كاندید كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.
باربارا بوش ئەوكاتەی كە خانمی یەكەمی ئەمریكا بوو بەرگریكارێكی سەرسەختی مافە مەدەنییەكان بوو، دەزگایەكی دروستكرد بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری، هەروەها لە بواری روبەڕوبونەوەی هەڵاواردنی رەگەزیشدا چالاكی دەنواند، ئەو لەبارەی پرسی لە باربردنی كۆرپەلەوە بیروبۆچونێكی كراوەتری هەبووە، لەمڕوەشەوە لەگەڵ زۆرێك لە لایەنگرانی پارتی كۆماری كە هاوسەرەكەی لەو پارتە بوو، ناكۆك بوو.
كاتێك خانمی یەكەم بووە سەركردەی زۆربەی وڵاتانی جیهانی بینیوە
كۆشكی سپیش بەبۆنەی مردنی بارباراوە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا باربارای وەكو "ژنێكی دڵسۆز بۆ ئەمریكا و خێزانەكەی" ناوبردووە.
"نمونەی مرۆڤایەتی و ئەو شارستانییە بوو وێنەدانەوەی باشترین رۆحی گەلی ئەمریكییە" باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و میشیلی هاوسەری بەمشێوەیە وەسفی باربارا بوشیان كرد دوای راگەیاندنی هەواڵی مردنی.
بیل كلینتۆن سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و هێلاری كلینتۆنی هاوسەری لە نیگەرانی خۆیان بە مردنی باربارا راگەیاند و ستایشی زیرەكی ئەو ژنەیان كرد لە مامەڵەكردنی لەگەڵ بەرامبەرەكانی.
باربارا بۆش كە بە قژە سپییەكەیدا دەناسرایەوە جارێك لە بۆنەیەكدا وتی: من كاریگەریم لەسەر هاوسەرەكەم نەبووە لەو ماوەیەی كە بووە بە سەرۆك، هەروەك چۆن ئەویش دەستلەكاروباری نوسینگە و كاروباری ماڵەوەی من وەرنادات.
باربارا بوش بەر لەوەی هاوسەرگیری بكات، ساڵی 1925 بەناوی باربارا پێرس لە شاری نیویۆرك لەدایكبووە، ساڵی 1941 لە ئاهەنگێكی یادی لەدایكبوندا چاوی بە جۆرج بوشی باوك كەوتووە و دواتر هاوسەرگیرییان كردووە، بەر لە مردنی مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ باربارا لەگەڵ جورج بوشی هاوسەریدا یادی 73 ساڵەی هاوسەرگیرییان كردەوە.
هاوسەرگیرییەكەی باربارا و جۆرج بوش 73 ساڵی خایاند
ئەم جوتە هاوسەرە شەش منداڵیان بووە، یەكێك لە منداڵەكانیان كچێك بووە بەناوی (روبین) بەهۆی نەخۆشی لۆكیمیاوە لە ساڵی 1953 لە تەمەنی سێ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە، هەروەها سێ منداڵی تریان هەیە بەناوەكانی (نیل- مارفن- دوروتی) لەگەڵ جۆرج بۆشی سەرۆكی پێشوو هەروەها جیب بۆش حاكمی پێشووی ویلایەتی فلۆریدا.