118 بەرپرسی هەرێم لەژێر چاودێریدان
2019-07-23 16:36:52
راپۆرتی: محەمەد رەئوف
118 بەرپرسی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێری وردی "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە"دان لە یەكێتی ئەوروپا، ئەم بەرپرسانە لە رابردوودا لەڕێگەی نایاساییەوە پارەیان رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا كردووە، (درەو میدیا) لە بەدواداچونێكدا، زانیاری ورد لەبارەی سپیكردنەوەی پارەی بەرپرسانی هەرێمو حەواڵەكردنی بۆ بانكەكانی ئەوروپا، بڵاودەكاتەوە.
دەزگایەكی نوێ دەستبەكاردەبێت
مانگی ئازاری ئەمساڵ یەكێتی ئەوروپا دوای بەدواداچونێكی چەندین ساڵە لەسەر كەیسی زیادبوونی دیاردەی سپیكردنەوەی پارە لە بانكەكانی ئەوروپا، لەڕێگەی "دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا"وە دەزگایەكی بۆ روبەڕووبونەوەی سپیكردنەوەی پارە، ئاڵوگۆڕی پارەی زۆرو پرۆژەی وەبەرهێنانی كارەكتەرە سیاسییەكان لەناو سنوری یەكێتی ئەوروپا، دامەزراند.
دەزگاكە ناوی لێنراوە " ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە".
ئامانج لە دامەزراندنی ئەم دەزگایە، چاودێریكردنی ئەو بەرپرسە حیزبیو حوكومییانەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە كە هەوڵی سپیكردنەوەی پارە ناشەرعییەكانیان دەدەن، ئەوەش لەڕێگەی ناردنەدەرەوەی پارەكانیان بۆ بانكەكانی ئەوروپاو بونیاتنانی پرۆژەی بازرگانی گەورە لە وڵاتانی ئەوروپا.
دامەزراندنی ئەم ئاژانسە دوای راپۆرتە بنكۆڵكارییەكانی (رێكخراوی بنكۆڵكاریی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی) هات، ئەو رێكخراوە دەیان راپۆرتی وردی لەسەر سپیكردنەوەی پارەی كاربەدەستە سیاسییەكان بڵاوكردەوە، بەتایبەتی بڵاوكردنەوەی (11 ملیۆن 500 هەزار) بەڵگەنامە كە دواتر بە بەڵگەنامەكانی "پەناما پەیپەرس" ناسراو تێیدا هەزارن كەیسی پارە سپیكردنەوەو سەرمایەی كاربەدەستانی حكومیو حیزبیی وڵاتانی جیهان، ئاشكراكرا.
كورد لە دۆسیەی سپیكردنەوەی پارەدا
(درەو میدیا) چەند رۆژێك سەرقاڵی بەدواداچونی ورد بوو لەسەر كەیسی سپیكردنەوەی پارەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان تاوەكو دەستی گەیشت بە كارەكتەرێكی نزیك لە "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە" لە دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە كە ناوەكەی لای (درەو میدیا) پارێزراوە، ئێستا (118) كارەكتەری حیزبیو حكومی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێریی وردی ئاژانسی روبەرووبونەوەی سپیكردنەوەی پارەن لە یەكێتی ئەوروپا، ناوی بەشێك لەو بەرپرسانە لای (درەو میدیا) پارێزراوە.
سەرچاوەكە باسیلەوەكرد، ئاژانسەكە چاودێری وردی خستوەتە سەر ئەو كارەكتەرە حزبیو حكومیانەی هەرێمی كوردستانو ئاگاداری مامەڵەو حەواڵەكانیانەو چاودێری وردی پارەو پرۆژەكانیان دەكات لە بانكەكانی ئەوروپادا.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسانەی هەرێم لەبەردەستدایە كە لەنێوان (2011 بۆ 2019) پارەیان بە ناشەرعی پەیداكردووەو پارەكانیان رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا كردووە، هەندێك لەوانە پرۆژەی گەورەیان دامەزراندووەو موڵك و ماڵیان پێ كڕیوە.
ناوی كەسایەتییەكانو پڕۆژەكانیان لە هەندێك لە وڵاتانی وەك ئەڵمانیاو بەریتانیاو سویسراو فەرەنساو هۆڵەندا لای (درەو میدیا) پارێزراوە، تائەوكاتەی لێكۆڵینەوەكان دەگەن بەئەنجامو بەفەرمی بڵاودەكرێنەوە.
پارە چۆن سپیدەكرێتەوە ؟
بەگوێرەی بەدواداچونەكان، بەشێكی زۆری بەرپرسە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان تێكەڵە لە بازرگانی نەوتو لە پشت زۆرێك لە سەرمایەو كارە بازرگانییەكانی ترەوەن، كێشەی سەرەكی بەردەم ئەو بەرپرسانە پەیداكردنی پارە نیە، بەڵكو سپیكردنەوەی ئەو پارە زۆرو زەبەلاحەیە كە دەستیان دەكەوێت.
بەرپرسان ئەو پارانەیان دەنێرنە بانكەكانی ئەو وڵاتانەی كە پەیوەستنامەو رێككەوتنیان نیە لەگەڵ وڵاتانی تر تایبەت بە وردبینیكردنو خاوەنی یاسای تایبەت بە خۆیانن لە نمونەی وڵاتانی (پەنەما، سویسرا، قوبرس، ماڵتا، لیتوانیا، ئیستۆنیا.. هتد..).
ئێستا زۆرێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی ئەو بانكانەوە پارەكانیان حەواڵە دەكەن كە لقیان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هەیەو لقەكانی دیكەیان لە (قوبروس، ماڵتا، ئیستۆنیا، لیتوانیاو پەنەما) هەیەو چەندین ساڵە سەرقاڵی سپیكردنەوەی پارەن. بۆ نمونە، لە بانكی (......) كە ناوەكەی لای (درەو میدیا) پارێزراوە، ژمارەی بانكیی دەكەنەوە، ئەم بانكە لقی لە سلێمانیو هەولێر هەیە، پارە دەخەنە سەر ئەو حساب بانكییەو دواتر لە لقە ئەوروپییەكەوە لە قوبرس بە ئەلیكترۆنی حەواڵەی دەكەن بۆ بانكەكانی تریان لە سویسراو فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیا.. هتد.
جگە لە بانكەكان، چەندین رێگای تر هەیە بۆ سپیكردنەوەی پارەكان، دیارترینیان حەسانەی دیپلۆماسییە، فڕۆكەی تایبەتو جانتای بەرپرسە باڵاكان لە فڕۆكەخانەكاندا ناپشكنرێن، هەندێك لەو بەرپرسانە بڕێكی زۆر پارەی كاش بەوشێوەیە دەبەنەدەرەوە، هەرچەندە ئەمە سەرچڵییەو ئەگەر ئاشكرابن روبەڕووی لێپێچینەوەو ئابڕوچوون دەبنەوە.
ئەم حەواڵەكردنە زۆرجار خاوەنی پارەكانی دوچاری كێشەو گرفتی زۆر كردووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دەستی (درەو میدیا) كەوتووە، لە ساڵی 2015دا بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستان (ناوەكەی پارێزراوە)، بڕی (205 ملیۆن) دۆلار لەڕێگەی بانكەكانی لوبنانەوە رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا دەكات، لە لوبنان لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، دوای گفتوگۆو دانوستانی زۆرو پەنابردن بۆ بەرپرسانی ئێرانیو حزبە شیعەكانی عێراق، توانرا نیوەی پارەكە وەربگیرێتەوە.
هەر لە ساڵی 2015دا لەڕێگەی فڕۆكەوە بڕێكی زۆر پارەی كاشی بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان رەوانەی پۆڵەندا كراوە، لەوێ لە فڕۆكەخانە كێشەی بۆ دروست كرا، بەڵام دواتر بە ئۆتۆمبێل گوازرایەوە بۆ بانكەكانی ئەڵمانیا.
لە ساڵی 2017 كێشەی زۆر بۆ بڕی (7 ملیار) دۆلاری یەكێك لە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان (ناوەكەی لای درەو میدیا پارێزراوە) دروستكرا، كە سەربە بەرپرسێكی حزبییە، دواتر بە هەوڵێكی زۆر چارەسەركرا.
پارەكانیان لەكوێ دادەنێن
زۆرێك لە بەرپرسان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەڕێگەی ناشەرعییەوە پارە كۆدەكەنەوە، دەیانەوێت پارەكان لە وڵاتێك بخەنەگەڕ كە نەكەوێتە ژێر هیچ جۆرە چاودێرییەكو زانیارییەكانیش نەگاتە هاوڵاتیانی وڵاتەكانی خۆیان.
بەرپرسان زۆربەیان پارەو پرۆژەكانیان لەو وڵاتانە دەخەنەگەڕ كە خاوەنی یاسای تایبەت بەخۆیاننو ناكەونە ژێر چاودێریو لێكۆڵینەوەی وڵاتانی دیكەوە، لەنمونەی دورگەكانی (كەیمەنو پەنەما).
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پارەكانیان لە دورگەكانی (كەیمەنو پەنەما) خستوەتەگەڕ، ئەوەش لەڕێگەی "كۆمپانیا هۆڵدین" واتا "گروپی كۆمپانیا"، ئەمانە ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیان كە لەژێر چەترێكدا كۆدەبنەوە، كۆمپانیاكە بەناوی بەرپرسەكە خۆیەوە نابێت، بەڵكو بەناوی گروپی پارێزەرانەوە دەبێت كە ئێستا زۆرێك لە كۆمپانیاكان بەوشێوەیە كاردەكەن، ناوی بەشێك لە بەرپرسانی هەرێم لای (درەو میدیا) پارێزراوە، كە لەو دوو دورگەیە پارەكانیان خستوەتەگەڕ، هەروەها بەشێكیشیان پارەو پرۆژەكانیان لە (سویسرا، قوبرس، ماڵتا، ئیستۆنیاو لیتوانیا..) داناوە، كە بانكەكانیان ناكەوێتە ژێر چاودێریو لێكۆڵینەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاوە، بۆیە یاسای بانكیی تایبەت بەخۆیان هەیەو بازرگانو سەرمایەداران ناو و پارەو پرۆژەكانیان پارێزراوە. ئەم وڵاتانە رێككەوتنی پەیوەست بە بانكو پرۆژە ئابورییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا واژو نەكردووە، بۆیە چاودێریكردنو لێكۆڵینەوە نایانگرێتەوە.
بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگەی "بازل"ی نێودەوڵەتی تایبەت بەسپیكردنەوەی پارە، كە لە دیسەمبەری 2018 دەرچووە، ئاماژە بەوە دەكات، 20 دەوڵەت سپیكردنەوەی پارەیان تێدا ئەنجام دەدرێت.
عێراق لە سپیكردنەوەی پارەدا
ساڵی 2015 گەورەترین دۆسیەی گەندەڵیو سپیكردنەوەو حەواڵەكردنی پارەی بەرپرسانی عێراق ئاشكرا بوو، ئەوكات كۆچكردووە (ئەحمەد چەلەبی) سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی بەدواداچوونو كۆكردنەوەی زانیاری بوو لەسەر ئەو دۆسێیە.
دۆسیەكە (72) لاپەڕە بوو، تێیدا ئەوە ئاشكراكرابوو كە لەنێوان ساڵانی (2007 -2013) بڕی (312 ملیار) دۆلار چوەتە بانكەكانی عێراقەوە، لەوە بڕی (212 ملیار) دۆلاری چوەتە دەرەوەی عێراق، لەو نێوەندەدا بڕی (78 ملیار) دۆلار چارەنوسی نادیارەو نازانرێت لەلایەن كێوە بۆ كێ رۆیشتووە؟.
سەبارەت بەو حەواڵانەش، لەو ماوەیەدا (60 هەزار) جوڵەی بانكیی هەبووە، لەو (60 هەزار)جوڵەیە (30 هەزار) جوڵەی بانكیی نازانرێت لە كێوە بۆ كێ چووە؟، بەشێوەیەكی گشتی لەو ماوەیەدا رۆژانە بە تێكڕا (50 ملیۆن) دۆلار جوڵەی پێكراوە، بەشی زۆری ئەو پارەیە حەواڵەی بانكەكانی دەرەوە كراوە.
هەرێمی كوردستان لە دۆسیە گەورەكەدا
لەو (78 ملیار) دۆلارەی كە نازانرێت لە كێوە بۆ كێ رۆشتووەو چارەنوسی نادیارە، بڕی (12 ملیار) دۆلاری لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە چوەتە دەرەوە، (32) بەرپرسو (25) كۆمپانیای هەرێمی كوردستان لەناو دۆسیەكەدان، كە دەوترێت مردنی گوماناوی (ئەحمەد چەلەبی) لە 2015دا پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە هەبووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" ئێستا هەموو جموجوڵێكی حەواڵەكردنی پارەی زۆر بەئاگاداری بانكی ناوەندیی دەبێت، ئەگەرچی چونە دەرەوەی پارە بە بڕی زۆر بەئاسانی ناكرێت، بەڵام لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە پارەی زۆر حەواڵە دەكرێت، ئەویش لەبەرامبەر هاوردەكردنی كەلوپەلو فێڵی ترەوە".
بەپێی راپۆرتی پەیمانگەی "بازل"ی نێودەوڵەتی كە تایبەتە بە سپیكردنەوەی پارە، لە ساڵی 2012دا لە دزینو سپیكردنەوەی پارەی حكومەتدا، عێراق پلەی یەكەمی هەبووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیو هەموو جیهان.
پۆلێنكارییەكە لەسەر بنەمای 14 پێوەری ورد دانراوە، كە وڵاتانی پێ هەڵسەنگێنراوە، لەناو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئوردەن خاوێنترین وڵاتە.
بەڵام لە ساڵی 2018دا بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، عێراق بەفەرمی لە لیستی دەستەی چاودێریكردنی سپیكردنەوەی پارەی نێودەوڵەتیو پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆر (FAFTF) دەرهێنراوە، ئەوەش بە هۆی ئەوەی كە بانكی ناوەندیو نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپییكردنەوەی پارەو پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆر پابەندی رێنماییەكانی كۆمەڵەكە بوون. ئەمە جگە لەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە ژمارە 39 بۆ ساڵی 2015 دەركردووە.
لە 2017 نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە تاوان، پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەی لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی ساڵانە لەنێوان 2-5%ی كۆی قەبارەی بەرهەمی جیهانی دیاریكرد، ئەوكاتە ئەو بڕە بە (2 ترلیۆن) دۆلار خەمڵێندرا، لەوكاتەی پێوەری بازڵ بۆ نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە كە لە پەیمانگای بازل دەرچووە لە سویسرا، لە راپۆرتی خۆیدا لە ساڵی 2017 دەڵێ" قەبارەی پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە لە جیهاندا ساڵانە لەنێوان 500 ملیار بۆ ترلیۆنێك) دۆلاردایە، ئەوەش رێژەی 1%ی قەبارەی ئابوری جیهان پێكدەهێنێت كە بڕەكەی (85 ترلیۆن) دۆلارە.