سلێمانی: 50 ملیار دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لە بەرامبەر رێگاوبان و ژینگە
2019-07-23 12:58:43
درەو میدیا:
تەنها لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بڕی زیاتر لە ( 50 ملیار) دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لەبەرامبەر رێگاو بان و ژینگە لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام بارودۆخی ژینگەو رێگاو بانەكانیش لەوپەڕی خراپیدان .
هەردوو ئەفسەری هاتوچۆ لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی (بەختیار محەمەد و كاروان محەمەد ) لە نوسینێكی هاوبەشیاندا ئاماژە بە خراپی رێگاو بانو ژینگەی سلێمانی دەكەن و دەڵێن " لە چوار ساڵی ڕابردوودا واتە مانگی 3 ی ساڵی 2016 تاوەكو ئێستا ئەو پارانەی لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی بەكارهێنانی ڕێگە بریتی بووە لە بڕی (30.608.714.750) دینار ( 30 ملیارو 608 ملیۆن و 714 هەزارو 750 دینار) وە ئەو داهاتە كە كۆكراوەتەوە لە حەقی پیسكردنی ژینگە بریتی بووە لە بڕی (20.349.791.000) دینار ( 20 ملیار و 349 ملیۆن و 791 هەزار دینار) واتە بەكۆی گشتی بریتی یە لە بڕی (50.958.505.750) دینار ( 50 ملیار و 958 ملیۆن و 505 هەزارو 750 دینار) لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی ڕێگاوبان و ژینگە، دۆخی رێگە و ژینگەی سلێمانیش ئەوەیە كە هەموومان دەیبینین ڕۆژانە بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەكان بەردەوام هاوڵاتیانی ئێمە بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن"
دەقی نوسراوەكەیان:
تكایە پلانی ستراتیژی و درێژخایەن بۆ كێشە و ڕووداوەكانی هاتووچۆ بخەنەڕوو
دروست كردنی چەند نامیلكە و بانگێشتكردنی ڕاگەیاندنەكان و سازكردنی كۆنگرەی رۆژنامەنوسی بۆ بە چاپ گەیاندنی (ڕێنمایی هاتووچۆ – تەندروستی) كە لەلایەن كۆمپانیایەكی ناوخۆیی یەوە جێ بەجێ كراوە، پێویستی نەدەكرد بەو شێوەیە بكرێتە بابەتی ڕاگەیاندن. ئێمە لە گرنگی پڕۆژەی هۆشیاری هاتووچۆ كەم ناكەینەوە وە بەكارێكی گرنگی دەزانین وە بەپێویستی دەزانین بە ئەندازەی قەبارەی خۆی گرنگی و بایەخی پێ بدرێت، ئێمە پێشتر وەكو بەشی ڕاگەیاندنی هاتووچۆ چەندین كاری لەو جۆرە و باشترمان ئەنجام داوە خۆسەرقاڵ كردن بەو جۆرە پڕۆژانە بایەخی ئەوتۆی نیە كاری گرنگ و جدی كە دەبێت لەم كاتەدا بكرێت بەهۆی كەم بونەوەی كاریگەری قەیرانی دارایی هەوڵ بدەین ئەو داهاتەی كە پێشتر كۆكراوەتەوە (داهاتی هاتووچۆ) ئەو داهاتە بگێڕدرێتەوە بۆ خزمەت كردنی شاری سلێمانی خەرج بكرێت و كۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی لەسەر بابەتێكی وا ئەنجام بدرێت.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا واتە مانگی 3 ی ساڵی 2016 تاوەكو ئێستا ئەو پارانەی لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی بەكارهێنانی ڕێگە بریتی بووە لە بڕی (30.608.714.750) دینار وە ئەو داهاتە كە كۆكراوەتەوە لە حەقی پیس كردنی ژینگە بریتی بووە لە بڕی (20.349.791.000) دینار واتە بەكۆی گشتی بریتی یە لە بڕی (50.958.505.750) دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی ڕێگاوبان و ژینگە، دۆخی رێگە و ژینگەی سلێمانیش ئەوەیە كە هەموومان دەیبینین ڕۆژانە بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەكان بەردەوام هاوڵاتیانی ئێمە بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن.
كاری زۆرمان كرد لە ئەنجام دان و سازكردنی ۆرك شۆپ و سیمینار و پانێڵ لەسەر كێشە و گرفتەكان و لەسەر ڕووداوەكانی هاتووچۆ خەڵكانی شارەزا و خەم خۆر و چالاكوان و بەرپرسانمان بانگێشتی كاری لەو جۆرە كرد و راسپاردەكانمان خستە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار تەنها یەك خاڵ جێ بەجێ نەكرا.
پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی كاركردنە بۆ چاك كردنی سیستمی گواستنەوەی گشتی كە لەئێستادا شاری سلێمانی لە دۆخێكی زۆر خراپ دایە خزمەت گوزاری لەبواری ئەندازەی هاتووچۆ كە لە ئاستێكی باشدا نیە، وە كاری گرنگ لە ئێستادا زیندووكردنەوە و كارپێ كردنی و دروست كردنی ئەندەرپاص و بەرزە پردانەیە كە لەڕابردوودا دیزاینی بۆ كراوە بەڵام پڕۆژەكە پشت گوێ خراوە.
بۆیە كاتی ئەوە هاتووە بڵێین بەسە تكایە بەسە ئەگەر كاری ستراتیژی و گرنگتان بۆ شاری سلێمانی پێ ئەنجام نادرێت تكایە خەڵك سەرقاڵ مەكەن بە پڕۆژەی لاوەكیەوە.
تێنینی / ئەم نوسینەمان گوازرشت لە بۆچوونمان دەكات وەكو دوو ئەفسەری هاتووچۆ پەیوەندی بە پێگە و پلەمانەوە نیە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ.
مقدمی هاتووچۆ / بەختیار محمد عبدللە
رائیدی هاتووچۆ / كاروان محمد صدیق