Draw Media

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە لیستی تۆماری كۆن دەكرێت

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە لیستی تۆماری كۆن دەكرێت

2019-07-23 11:40:07


راپۆرتی: محەمەد رەئوف 
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
لە یاساكەدا هەمواری بڕگەكانی ( 7 و 8 ) لە مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە دوای گفتوگۆیەكی زۆری نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەری رێككەوتن و بە دەستنوسە، تیایدا ئاماژە بەوە كراوە " هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پارێزگای كەركوك ئەنجامدەدرێت و  تۆماری دەنگدەران و بایۆمەتری، ووردبینی تیادا دەكرێت و پاكدەكرێتەوە لە ماوەیەكدا كە زیاتر نەبێت لە 31/12/2020"
 بەپێی هەمواری ئەو مادەیە بێت  هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 ئەنجومەنی پارێزگاكان بە تۆمارە كۆنەكە دەكرێت، چونكە ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پێشتر بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیان راگەیاندووە كە ناتوانن بۆ هەڵبژاردنی 1 ی نیسانی 2020 بە ووردبینی لە لیستی تۆماری بایۆمەتری و تۆماری دەنگدەراندا بكەن . 

دەقی پرۆژە هەمواركراوەكە دەستكاریكرا كە لە 6 بڕگە پێكهاتبوو كە ئاماژە بەوە دەكات دەبێت وەزارەتەكانی ( ناوخۆ و تەندروستی و پلاندانان) وردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا بكەن، خۆ ئەگەر پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان وردبینی نەكرا ئەوا دەبێت دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێی پارێزگاكان وردیبینی بكرێت. 

كەركوك لە هەڵبژاردنی داهاتودا
بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقەوە واژووی لەسەر كراوەو لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، كورسی پارێزگاكانی عێراق بە پێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە.
بەپێی یاساهەمواركراوەكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، كە 14 كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوەو ( 13 كورسی گشتی و  1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵبریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو.
بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش بەپێی ژمارەی دانیشتوان كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگا دیاریكراوە: 
ئەنبار:   14 كورسی 
بەسرە : 21 كورسی   یەك كورسی كۆتا بۆ مەسیحی
قادسیە: 12 كورسی 
موسەننا:   10 كورسی 
نەجەف:  13 كورسی
بابل:   16 كورسی 
بەغداد:  50 كورسی، 3 كورسی كۆتایە( مەسیحی، سابئی، كوردی فەیلی)
دیالە:    13 كورسی
زیقار:   16 كورسی 
سەڵاحەدین:   13 كورسی 
كەربەلا:  11 كورسی 
كەركوك:  14 كورسی
میسان:  12 كورسی یەك كورسی كۆتا بۆ سائیبی
نەینەوا:   27 كورسی، 3 كورسی كۆتا بۆ ( مەسیحی، ئێزدی، شەبەك)
واست:  13 كورسی   یەك كورسی كۆتا بۆ فەیلی 
كۆی گشتی 255 كورسی
 

پارتی دەنگی نەدا!
لە كاتی دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هۆڵی كۆبونەوەكانیان جێهێشت، لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی یەكێتی، بەڵام ئەندامانی تری فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە هۆڵەكەدا مانەوەو دەنگیان بە هەمواری یاساكەدا.
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتاوە رازی نەبوو بەوەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك بكرێت، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ئێستادا پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك 12 ئەندامی هەیەو هەرگیز ئەو كورسیانە بەدەستناهێنێتەوە، بۆیە دەیەوێت دۆخەكە بەو شێوەیە بمێنێتەوەو هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك نەكرێت"

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
لەدوای هەڵبژاردنی 30ی كانونی دووەمی 2005 ەوە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك ئەنجامنەدراوە، بەڵام بڕیارە لە هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوكیش بەڕێوە بچێت.

كەركوك هەڵبژاردنی 2005 دا 
لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لە كۆی( 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و  گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی  بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی  1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا، كە دەكرێت بوترێت لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە بەڵام لایەنەكانی تر بە عەرەب و توركمانەوە ( 36.6% )ی كورسی ئەنجومەن و دەنگی پارێزگای كەركوكیان بەدەستهێناوە

كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا 
لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی ( 557 هەزارو 37 ) دەنگدەری پارێزگای كەركوك ، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، توانی  (206 هەزارو 542 ) دەنگ بەرێژەی (37% )ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت و 6 كورسی  لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، كە رێژەی كورسیەكانی ( 50%) دەكات، هاوكات  لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ و بەرێژەی ( 37.9% )ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایەو  6 كورسی بەدەستهێنا واتا (50% ) و لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78 ) دەنگ و بەرێژەی ( 5% )  و 1 كورسی لە كورسی كۆتا بەدەستهێنا.
سەرەرای دەنگی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542 ) دەنگی بەدەستهێنابوو دەنگی سەرجەم لیستە كوردیەكان لەو پارێزگایە ( 278هەزارو 170 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە بەو پێەی لیستی گۆران ( 36هەزارو 554 ) دەنگ و یەكگرتووی ئیسلامی ( 24هەزارو 274 ) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی ( 7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو حیزبی شیوعی ( 3 هەزارو 397 ) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی ( 70 هەزار ) دەنگە كە ئەو دەنگانە لەبەر ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسیەك كە بەهای كورسیەك ( 46 هەزارو 419 ) دەنگ بووە، هیچ كورسیەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا.
بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە دابەزی واتا بەرێژەی ( 13.5% )ی دەنگەكانی دابەزی رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە( 13.4% ) دابەزی.

كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا 
بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی بەدەستهێنا 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی بەدەستهێنا 2 كورسی بەدەستهێنا بەهای كورسی لەو پارێزگایە ( 47566 ) دەنگ دەكات .

كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018 دا 
لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 دا  لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەی نەكرد، لە كۆی ( 12) كورسی و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر. 
-    یەكێتی نیشتیمانی  6 كورسی و ( 177 هەزارو 920 ) دەنگی بەدەسهتهێنا
-    هاوپەیمانی عەرەبی لەكەركوك 3 كورسی و ( 86 هەزارو 452 ) دەنگی بەدەستهێنا
-    بەرەی توركمانی 3 كورسی و ( 82 هەزارو 33 ) دەنگی بەدەستهێنا
-    لیستی نیشتیمانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك ( 14 هەزارو 914 ) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی
-    نەوەی نوێ (  13 هەزارو 665 ) دەنگی بەدەستهێنا
-    حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ( 7 هەزارو 509 ) دەنگی بەدەستهێنا
-    یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 4 هەزارو 784 ) دەنگ

كورد لە هەڵبژاردنی داهاتوودا
تا ئێستا كورد زۆرینەیە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆی 41 كورسی 26 كورسی هەیە، بەڵام ناكۆك و ناتەبان و لیستی برایەتی بەسەر چەندین گروپدا دابەش بووە، حزبە كوردیەكانیش لە كەركوك ناكۆكی زۆریان هەیە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەرچی رێككەوتنیان هەیە بۆ هەڵبژاردن و دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ ئەو شارە ( تەیب جەبار) بەڵام تا ئێستا ئەو دوو حزبە كات و رێوشوێنی دانانی ئەو پارێزگایەیان دیارینەكردووەو پارتی تا ئێستاش سورە لەسەر ئەوەی دەبێت لە پێشدا بارودۆخی ئەمنی ئەو پارێزگایە ئاسایی بكرێتەوە ئەوكات ئامادەن بگەڕێنەوە كەركوك و بەشداری لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا یكەن، بۆیە پێناچێت بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بتوانرێت پارێزگاری نوێ دابنرێت، لە ئێستادا كێشەی كەركوك پەیوەستە بە كێشەو ناكۆكی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، پاشان پێكهاتەكانی دیكەو وڵاتە هەرێمایەتیەكان، چونكە جگە لە كەركوك، كورد لە خانەقین و دوزخورمات و شەنگال و موسڵێش ناكۆك و پەرتەوازەیە، ئەم ناكۆكیانە و بارودۆخی دوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە ناوچەكانی مادەی 140، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان كاریگەری تەواوی لەسەر پێگەی كورد دەبێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand