Draw Media

ئاشتی هەورامی ، یاریدەدەرێك بە دەسەڵاتی وەزیرەوە 

ئاشتی هەورامی ، یاریدەدەرێك بە دەسەڵاتی وەزیرەوە 

2019-07-21 19:34:29


راپۆرت: نامیق رەسوڵ - محەمەد رەئوف
لە كابینەی نۆیەمیشدا دۆسیەی نەوت خرایەوە جانتاكەی ئاشتی، پێشتر دەوترا هەموو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە جانتاكەی ئاشتی هەورامیدایە، لەماوەی 14 ساڵی رابردودا و پێنج كابینەی یەك لەدوای یەك دۆسیەی نەوت دەخرێتە جانتاكەی ئاشتی هەورامیەوە، ئەمڕۆش بە فەرمانێك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشتی هەورامی كرد بە  یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، بە واتایەكی تر دۆسیەی نەوت سپێردرایەوە بە ئاشتی هەورامی.
تا ئێستا فەرمانەكەی مەسرور بارزانی رون نیە كە بەپێی كام یاسا و بڕیار ئاشتی هەورامی كردووە بە یاریدەدەری خۆی، كە ئایا بەو بڕیارە وەزیری سامانە سروشتیەكان لە كابینەكەیدا ناهێڵیت،  یاخود ئاشتی هەورامی لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دورخستۆتەوە.
بەڵام بە لێكدانەوەی ئەو دەسەڵاتانەی كە لە فەرمانەكەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، ئاشتی هەورامی لەگەڵ ئەوەی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت دەبێت بۆ كاروباری وزە، دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتیەكانیشی دەبێت.
 
دەسەڵاتەكانی ئاشتی هەورامی 
بەپێی خاڵی یەكەمی ئەو دەسەڵاتانەی مەسرور بارزانی بۆ ئاشتی هەورامی دیاریكردووە، (یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە) دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەبێت" بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەو سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان - عیراق لە بواری نەوت و غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان – عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران" بەپێی ئەم خاڵە بێت ئاشتی هەورامی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە واتا مومارەسەی كاری وەزیری دەكات و لەگەڵ پلەی یاریدەدەریدا وەزیری سامانە سروشتیەكانیش دەبێت.
بەپێی خاڵی پێنجەمی ئەو دەسەڵاتانەی مەسرور بارزانی بۆ ئاشتی هەورامی دیاریكردووە ئاشتی هەورامی دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت غاز " ئامادەبوونی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت‌و غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان – عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007 ، داڕشتنی بەرنامەی كۆبوونەوەكان"
ئامادەبون لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی واتا ئەندامی  ئەنجومەنەكە، مادەی 4ی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و غاز دەكەن كە پێكهاتون لە :
1-    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران – سەرۆكی ئەنجومەنەكە 
2-    جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران- جێگر
3-    وەزیری سامانە سروشتیەكان – ئەندام
4-    وەزیری دارایی و ئابوری – ئەندام 
5-    وەزیری پلاندانان – ئەندام 
خۆ ئەگەر بەدەر لە وەزیری سامانە سروشتیەكان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وەزە، ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز ئەوكات دەبێت یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007 هەموار بكرێتەوە، بۆیە پێدەچێت ئامادەبونی لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت گاز تەنها وەك راوێژی یاخود بەشدار بوو بێت نەك ئەندامی ئەنجومەنەكە 

فەرمانێك بەبێ‌ پشت بەستن بە یاسا
مەسرور بارزانی بە فەرمانی ژمارە (4) كە رۆژی 15ی تەمموز دەریكردووە بڕیاریداوە بە راسپاردنی عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا ناسراو بە ( ئاشتی هەورامی) بە پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە.
مەسرور بارزانی لە فەرمانەكەیدا بۆ دانانی ئاشتی هەورامی بە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران پشتی بە هیچ دەقێكی یاسایی نەبەستووە‌و ئاماژەی بە هیچ دەقێك نەداوە كە دەسەڵاتی ئەوەی پێببەخشێت كەسێك بكاتە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران.

یاسای ئەنجومەنی وەزیران چی دەڵێت؟
یاسای ژمارە (3) ی ئەنجومەنی وەزیران كە ساڵی 1992 پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە‌و تائێستا 10 جار هەمواركراوەتەوە هیچ جۆرە ئاماژەیەكی بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران تێدا نیە بەڵكو دەڵێت" ئەنجومەن باڵاترین دەزگای جێبەجێكردنە لە هەرێمدا‌و لە سەرۆك‌و جێگرەكەی‌و وەزیرەكان پێكدێت".

یاریدەدەری سەرۆك وەزیران لە عێراق
لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكات، دوو یاریدەدەری سەرۆك وەزیران هەن بۆ كاروباری دارایی و وزە، بەڵام هەردووكیان پلەی وەزیری پسپۆریان هەیە بریتین لە:
- فوئاد حسێن، وەزیری دارایی‌و یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی.
- سامر غەزبان، وەزیری نەوت‌و یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە.
بەڵام لە دیاریكردنی یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی بۆ كاروباری وزە ( ئاشتی هەورامی) پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەكانی نیە، واتا پلەی یاریدەدەر بەبێ پۆستی وەزیری، بە پێچەوانەی بەغدادەوە كە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران پۆستی وەزیریان هەیە. 

كەمكردنەوەی رۆڵی وەزیرەكان
بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) مەسرور بارزانی، بەنیازە یاریدەدەرێكی تر بۆ كاروباری دارایی دابنێت‌و باس لەوەشدەكرێت كە ئەو ئەركە بە (رێباز حەملان) وەزیری پێشووی دارایی بسپێردرێت.
دانانی دوو یاریدەدەر بۆ كاروباری (وەز‌و دارایی) كەمكردنەوەی رۆڵی وەزیرەكانی ئەو دوو وەزارەتەیە‌و كۆنترۆڵكردنی دۆسیەی نەوت‌و داراییە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە، ئەگەرچی تائێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هیچ كەسێكی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دیارینەكردووە‌و پێدەچێت خۆی ئەو پۆستە بەڕێوەبەرێت‌و بە گوێرەی یاسای ژمارە (3)ی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆك وەزیران مافی ئەوەی هەیە یەكێك لە وەزارەتەكانی حكومەتەكەی بە ئەسالەت یان بە وەكالەت بەڕێوەبەرێت.

یاریدەدەر بۆ كاروباری چاكسازی
بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردراوە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری چاكسازی بە پلەی وەزیر دابنرێت، بدرێت بە گۆڕان‌و لەناو گۆڕانیشدا ئەو پۆستە چەند كەسێك كاندیدن لەوانە جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن، شوان قلیاسانی هەڵسوڕاوی گۆڕان، بەڵام هێشتا  ئەم یاریدەدەرە كە بە فەرمی پێشوەخت رێككەوتنی لەسەركراوە دەستبەكارنەبووە‌و لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان‌و پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە جەختلەوەدەكرێتەوە كە بۆ دەستبەكاربوونی پێویستە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی بۆ دەربكات، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئاشتی هەورامی بەبێ‌ یاسای پەرلەمان بە فەرمانێك لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە كرا بە یاریدەدەر بۆ كاروباری وزە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand