Draw Media

لەندەن هۆشداری بە تاران دەدات

لەندەن هۆشداری بە تاران دەدات

2019-07-20 11:31:51


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت
ئەمریكا دوای 16 ساڵ جارێكی تر دەگەڕێتەوە‌و هێزی سەربازی لە سعودیە جێگیردەكات، بەریتانیاش هۆشداری بە ئێران دەدات‌و لە مەترسییەكانی سنورداركردنی جموجوڵی دەریاوانی لە گەرووی هورمز ئاگاداری دەكاتەوە.

پادشا رەزامەندی نیشاندا
شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پادشای سعودیە رەزامەندی نیشاندا لەسەر جێگیربوونی هێزی ئەمریكی لە خاكی وڵاتەكەی.
ئاژانسی هەواڵی سعودیە رایگەیاند، نیشاندانی رەزامەندی بۆ "میوانداریكردنی" سوپای ئەمریكا لەلایەن شا سەلمانەوە بۆ پتەوتركردنی ئاسایش‌و سەقامگیرییە لە ناوچەكە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پێنتاگۆن" لەبەیاننامەیەكدا لەبارەی ناردنی هیزی سەربازی بۆ سعودیە دەڵێ:" ئەوە بەرپەرچدانەوەی زیاترە بەڕووی هەڕەشەكاندا".
ناردنی هێزی سەربازی بۆ سعودیە لەكاتێكدایە ئاڵۆزی نێوان واشنتۆن‌و تاران لەناوچەی كەنداوی عەرەبیدا زیادی كردووە‌و كاریگەری لەسەر بازاڕەكانی نەوتی لە جیهاندا دروستكردووە.

هێزی ئەمریكی لە سعودیە ؟
ئاژانسی هەواڵی سعودیە لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بڵاویكردەوە، بڕیاری ناردنی هێزی ئەمریكی بۆ سعودیە ئامانج لێی "بەرزكردنەوەی ئاستی كاری هاوبەشە بۆ بەرگیركردن لە ئاسایش‌و سەقامگیری‌و زامنگردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا".
ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێكی تری ئەمریكییەوە كە ناوەكەی ئاشكرانەكردووە، دەڵێ:" زیاتر لە 500 سەربازی سوپای ئەمریكا رەوانەی سعودیە دەكرێن، ئەمە لەچوارچێوەی زیادكردنی ژمارەی سەربازانی ئەمریكادایە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاسا كە مانگی رابردوو پێنتاگۆن رایگەیاند".
مانگی حوزەیرانی رابردوو پێنتاگۆن رایگەیاند، هەزار سەرباز رەوانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، بەڵام ئاماژەی بەوەنەكرد سەربازەكان لە چ وڵاتێك جێگیردەكرێن.
ساڵی رابردوو پەیوەندییەكانی واشنتۆن‌و تاران جارێكی تر ئاڵۆزی تێكەوتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەرێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران كشایەوە كە ساڵی 2015 لەنێوان وڵاتانی زلهێزی جیهان‌و ئێران ئیمزاكرا‌و لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا ئێران قایل بوو بەوەی چالاكییە ئەتۆمییەكان سنوردار بكات لەبەرامبەر هەڵگرتنی ئەو سزا ئابورییانەی كە بەسەریدا سەپێندراوە.

گەڕانەوەی ئەمریكا دوای 16 ساڵ
رۆژی 26ی ئابی 2003 ئەمریكییەكان لە مەراسیمێكدا بنكەی ئاسمانی "ئەمیر سوڵتان"نیان رادەستی سعودیە كردەوە، ئەمە راگەیاندنی كۆتایهاتنی بوونی سەربازی ئەمریكا بوو لە سعودیە.
بنكەی ئاسمانی "ئەمیر سوڵتان" رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە ستراتیژیەتی واشنتۆن لە ناوچەكەدا، هەندێك كات ژمارەی سەربازانی ئەمریكی لەم بنكەیەدا دەگەیشتە (60 هەزار) سەرباز.
واتە (16) ساڵ ئەمریكییەكان جارێكی تر هێزی سەربازی دەگەڕێننەوە بۆ سعودیە، ئەمەش لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی ئەمریكا‌و ئێران بە قۆناغێكی هەستیاردا گوزەر دەكەن.
بەپێی هەواڵی تۆری (CNN)، سەربازانی ئەمریكا بۆ هەمان ئەو شوێنە دەگەڕێنەوە كە بەر لە (16 ساڵ) تێیدا جێگیربوون، واتە بنكەی ئاسمانی "ئەمیر سوڵتان" كە دەكەوێتە ناوچەیەكی بیابانی خۆرهەڵاتی ریازی پایتەختی سعودیە.
هەندێك لە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان باسلەوەدەكەن، ئێستا ژمارەیەك سەربازی ئەمریكی لە بنكەی ئاسمانی "ئەمیر سوڵتان"ن بەمەبەستی ئامادەكاریكردن بۆ ناردنی هێزە سەربازییەكە‌و بەكارخستنی سیستمی بەرگری موشەكی پاتریۆت‌و نۆژەنكردنەوەی شوێنی نیشتنەوەی فڕۆكەكان.

كێشەیەكی نوێ‌
سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دوێنێ‌ دەستی بەسەر كەشتییەكی نەوهەڵگری بەریتانیادا گرت لە گەرووی هورمز، ئەمە وەك وەڵامدانەوەیەك بوو بۆ دەستبەسەراگرتنی كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێران لە جەبەل تاریق لەلایەن بەریتانییەكانەوە، كە بەڕێگاوە بوو بۆ سوریا.
بە گوێرەی قسەی میدیاكانی ئێران، ئەو  كەشتییە نەوتهەڵگرەی بەریتانیا كە ئێران دەستی بەسەرداگرتووە، ناوی "ستینا ئەمپیرۆ" یە، دوای خۆكێشانی بە بەلەمێكی راوكردندا لە گەرووی هورمز، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە‌و لەگەڵ تیمەكەیدا كە (23) كەسن، بۆ بەندەر عەباس گواستراونەتەوە.
بەرپرسێكی دەریاوانی ئێران لە پارێزگای هورمزگان رایگەیاند، كەشتییە نەوتهەڵگرە بەریتانییەكە بەپێچەوانەی ئاڕاستەوە لە دەریادا رۆیشتووە‌و یاسای دەریاوانی نێودەوڵەتی پێشێلكردووە.
هاوكات موراد عەفیفی پور بەڕێوەبەری بەندەر‌و دەریاوانی ئێران لە پارێزگای هورمزگان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی "فارس" وتی:" 18 كەسی تیمی كەشتییە بەریتانییەكە هەڵگری رەگەزنامەی هیندستانن‌و پێنج كەسیان هەڵگری رەگەزنامەی روسیا، فلیپین‌و لاتیڤیا-ن".
عەفیفی پور ئاشكراشیكرد" كەشتییەكە هیچ بڕە نەوتێكی هەڵنەگرتووە، دەربارەی هەندێك كاروباری تەكنیكیش لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ تیمی كەشتییەكەدا دەكرێت".

لەندەن هۆشداری دەدات
لە كاردانەوەیدا بەرامبەر دەستبەسەراگرتنی ئەو كەشتییە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بەیانی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا هۆشداریدا لە لێكەوتەی جدیی ئەگەر ئێران بەزووترین كات كەشتییەكە ئازادنەكات، لە هەمان كاتدا جەختیكردەوە "لەندەن بیر لە بژاردەی سەربازیی ناكاتەوە".
جێریمی هانت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی:" بە رێگایەكی گونجا‌و و بەهێز وەڵامدەدەینەوە، ئێمە بە روون‌و ئاشكرا دەڵێن ئەگەر ئەو دۆخە بە خێرایی چارەسەرنەكرێت، ئەوا كۆتایی مەترسیداری دەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا" بەریتانیا لە بژاردەی سەربازیی ناكۆڵێتەوە، بەڵكو لەڕێگەی دیپلۆماتییەوە هەوڵی چارەسەری دۆخەكە دەدات، ئەگەر ئازادی دەریاوانی سنورداربكرێت، ئەوا دۆڕاوی گەورە ئێران دەبێت، لە بەرژەوەندی خۆیاندایە بە خێراترین كات دۆخەكە چارەسەربكەن".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand