وەزارەتی دەرەوەی توركیا: هێرشبەرەكان دەدۆزینەوە
2019-07-17 13:29:54
(درەو میدیا):
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چەكدارێك لەناو رستۆرانتی (هوكا باز) لە گەڕەكی عەنكاوەی شاری هەولێر، تەقەی لە ژمارەیەك كارمەندی كونسوڵخانەی توركیا كرد.
بەپێی دواین زانیارییەكان، بەهۆی ئەو هێرشەوە، دیپلۆماتكارێكی توركیا كوژراوەو كەسێكی تر برینداربووە، تائێستا ناسنامەی هێرشبەرەكە نەزانراوە، بەڵام تەلەفزیۆنی (سێ ئێن ئێن تورك) رایگەیاند، هێرشبەرەكە كوژراوە.
بەڵام بەپێی هەواڵێك كە تۆڕی (بی بی سی) لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردوەتەوە" چەكدارەكان لە مێزێكی نزیك دیپلۆماتكارە توركەكان دانیشتوون، پاشان بە چەكی سوكی بێدەنگ (كاتم) تەقەیان لە دیپلۆماتكارەكان كردووە، كەناڵی (سی ئێن ئێن تورك)یش دەڵێ" كچێكی تەمەن 20 ساڵان هێرشەكەی ئەنجامداوە".
سەرباری ئەوەی تائێستا ئاسایشی هەولێرو میدیاكانی توركیا باسلەوە دەكەن، لە هێرشەكەدا یەك دیپلۆماتكار كوژراوە، بەڵام دوو بەرپرسی ئەمنی هەرێم بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان وتووە:" لەو هێرشەدا لانی كەم سێ دیپلۆماتكار كوژراون".
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەبارەی روداوەكەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تێیدا دەڵێ:" ئێمە لەكاتێكدا ئەم رووداوە بە توندترین شێوە شەرمەزار دەكەینو هاوخەمی خۆمان لەگەڵ كەسوكاری قوربانییەكان دەردەبڕین. لەهەمانكاتدا هاوڵاتیانی هەولێرو بەتایبەتیش دیپلوماتكاران دڵنیادەكەینەوە كە رێگەنادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدرێت. لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە دەستیپێكردووە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا، كوشتنی كارمەندە دیپلۆماتكارەكەی پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەكە (هەرێمی كوردستان) لە پەیوەندیدان بۆ دۆزینەوەی هێرشبەرەكان.
لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵی كوشتنی دیپلۆماتكارەكە، سەرەنجی میدیاكان كەوتەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بەوپێیەی لەشەڕدایە لەدژی دەوڵەتی توركیا، بەڵام تائێستا پەكەكە بەفەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەكەی نەگرتوەتەئەستۆ.
روداوی تەقەكردن لە كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر، پاش چەند كاتژمێرێك هات لە راگەیاندنی هەواڵی كوژرانی فەرماندەیەكو ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە هێرشێكی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا.