Draw Media

دوو كاندیدی پۆستە وزارییەكانی یەكێتی دەكشێنەوە 

دوو كاندیدی پۆستە وزارییەكانی یەكێتی دەكشێنەوە 

2019-07-17 08:55:58


درەو میدیا:
دوو كاندیدی دیاریكراوی پۆستە وزارییەكانی یەكێتی نیشتمیان كوردستان دەكشێنەوەو  لە پڕکردنەوەی شوێنەکانیشیاندا كێشە دروست دەبێت.

رۆژی 6ی تەموزی رابردوو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستە وزارییەكان دیاریكران و رۆژی دواتر بە واژووی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی ناوەكان ئاراستەی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو كرا، بەڵام دوو كاندیدی پۆستە وزاریەكان بەهۆی ناڕازیبونیان بەو پۆستانەی بۆیان دیاریكراوە كشانەوە.

دەستەی گشتی كاروباری مین
بە پێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) ئیسماعیل مەحمود، كە كاندیدی یەكێتیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەستەی گشتی كاروباری مین بەپلەی وەزیر، لە وەرگرتنی پۆستەكە كشاوەتەوەو پێی وایە پۆستەكە لە ئاستی ئەودا نیە. 
بەپێی دابەشكاری پۆستەكان ئەو پۆستەی بەر ئیسماعیل مەحمود كەوتووە، وەك پشكی قەزای سۆران لەناو یەكێتی دیاریكراوەو لەدوای كشانەوەشیی، ئەو پۆستە بە كاندیدێكی تری سۆرانی بەناوی ( زەینەدین) پڕدەكرێتەوە. 
ئیسماعیل مەحمود ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان بووە، لە كاتی دروستكردنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراتی و دادپەروەری بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح ، ئەندامی دامەزرێنەری ئەو هاوپەیمانێتیە بووە.

دەستەی گەشتوگوزار
كاندیدی دەستنیشانكراوی یەكێتی بۆ پۆستی دەستەی گەشتوگوزار ( عوسمان شوانی)یە، لە ئێستادا لە وەرگرتنی پۆستەكە كشاوەتەوە، عوسمان شوانی لە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پۆستی وەزارەتی پلاندانانی هەبووە، لە ئێستاشدا سكرتێری ئەنجومەنی ئابوری كوردستانە لە ئەنجومەنی وەزیران بە پلەی وەزیر، پێی وایە پۆستەكەی لە ئاستی ئەودا نیە، چونكە پۆستی دەستەی گەشتوگوزار سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە بەپلەی بەڕێوەبەری گشتی و لە كابینەی نۆیەمدا ( ساسان عەونی ) لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری ئەو وەزارەتەیە.
زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە كشانەوەی عوسمان شوانی پەیوەندی بە ناڕەزایی هەولێریەكانی ناو یەكێتیەوە هەیەو پێیان وایە كە دەبێت رێگە بە كادری نوێ بدرێت بچێتە پۆستەكان چونكە عوسمان شوانی لە ئێستادا پۆستی هەیە بە پلەی وەزیر و بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتیش " هەموو پۆستەكانی پێشوی یەكێتی لە حكومەتدا پارێزراون و وەك خۆیان دەمێننەوە" .
پۆستی دەستەی گەشتوگوزار لە دابەشكاری پۆستەكانی یەكێتیدا وەك پشكی هەولێر دیاریكراوەو لە ئێستادا سێ كەس بۆ ئەو پۆستە كاندیدن.

كەركوكیەكانی ناو حكومەت
بەپێی نوسراوەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ مەسرور بارزانی، ناوی ( رەوەند مەلامەحمود) جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی وەك كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی ( سەرۆكی دەستەی گشتی  ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) دەستنیشانكراوە، بەڵام تا ئێستا دەستبەكار نەبووە، زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان هێشتا رەزامەندی تەواوی دەرنەبڕیوە لەسەر دانانی ( رەوەند مەلا مەحمود) و بە ( ئۆكتۆبەرچی) ناوی دەبەن و دەیانەوێت یەكێتی خۆی بیگۆڕێت، بەڵام یەكێتیش نایەوێت گۆڕانكاری لەو كاندیدەدا بكات، چونكە كاندیدی دەستنیشانكراوی دوای ئەو ( شوان داودی)یە، چونكە لە دابەشكاری پۆستەكاندا ( سەرۆكی دەستەی گشتی  ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم) وەك پشكی كەركوك دیاریكراوە. 
هەرچی  پۆستی ( وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد)ە و لە ئێستادا خالید شوانی وەك وەزیری هەرێم سوێندی یاسایی خواردووە، بەڵام تا ئێستا فەرمانی وزاری بۆ دەستنیشانكردنی پۆستەكەی دیارینەكراوە، زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن كە ئەو پۆستە ئیشكالیەتی تێدایە، بەوەی لە كاتی رێككەوتنەكاندا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندیان لەسەر (وەزیرێكی هەرێم)داوە، بەڵام ناونیشانەكەی دیارینەكراوە، تەنانەت لەكاتی بردنەوەی كۆنوسی رێككەوتنەكە لەلایەن ( عیماد ئەحمەد) سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری یەكێتی بۆ لای وەفدی پارتی، كاتێك ناونیشانی ( وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد) دیاریكراوە، وەفدی پارتی رایانگەیاندووە دیاریكردنی ناونیشانی ئەو پۆستە لە رێككەوتنەكەدا نەبووە، بۆیە تا ئێستا ناونیشانی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم بەغداد دیارینەكراوە، خالید شوانی چاوەڕەوانی دیاریكردنی ناونیشانی وەزارەتەكەیەتی و هەربەو هۆیەشەوە لەگەڵ وەفدی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد بەشدار نەبوو.  



بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand