حكومەتی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد دەكات
2019-07-16 18:19:02
درەو میدیا:
لەسەر پرسی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەولێرو بەغداد رێككەوتن.
سەرچاوەیەكی باڵا لەبەغداد بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" لە سەردانەكەی ئەمڕۆی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد هەردوولا رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت و بودجەی هەرێمی كوردستان"
سەرچاوەكەی ( درەو میدیا) ئاماژەی بەوەكرد كە " رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغداد بەجۆرێكە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەری ساڵی 2020 ەوە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد دەكات و بەغداش موچەی موچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەكات كە مانگانە 881 ملیار دینارە، لەگەڵ پارەی گەنمى جوتیاران و پەرەپێدانی پارێزگاكان"
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد "لە ئێستادا هەرێمی كوردستان رۆژانە 452 هەزار بەرمیل نەوت رەوانە دەكات، لەو بڕە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی بەغداد دەكات و 202 هەزار بەرمیل نەوتی دەمێنێتەوە هەرێم خۆی مامەڵە بەداهاتەكەیەوە دەكات بۆ خەرجی كۆمپانیاكان و قەرزەكانی دەبێت"
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە روو كە" لە دوێنی لە كۆشكی سەلام بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ سەركردە سیاسیەكانی عێراق كۆبۆتەوەو پێی راگەیاندوون كە حكومەتی هەرێم نەرمی نواندووە لەسەر پرسی نەوت و پێویستە عێراقیش بەدەم ئەو خواستەی حكومەتی هەرێمەوە بچێت".
وەفدەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە ( مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێششمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری)، لە بەغداد لەگەڵ هەریەك لە بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق و عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبونەوە.