Draw Media

ئەندامانی لیژنەی دیاریكردنی كاندیدەكانی گۆڕان رونكردنەوە دەدەن

ئەندامانی لیژنەی دیاریكردنی كاندیدەكانی گۆڕان رونكردنەوە دەدەن

2019-07-16 09:55:19


(درەو میدیا):
سێ ئەندامی لیژنەی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا رایدەگەیەنن: داوای لێبوردنیان لە جڤاتی نیشتیمانی نەكردوە لەسەر شكستهێنانی لیژنەكەیان.
لە رونكردنەوەكەیاندا ئەوەشیان خستوەتەروو کە هەر لە سەرەتاوە  گومانیان لەوە هەبوو كە دەستێك دەیویست كاری لیژنەكە بەلاڕێدا بەرێت بۆئەوەی دوور لە رێنمایی و پێوەرەكانی لیژنەكە بەربژێرەكان یەكلایی بكرێنەوە، دواتریش ئەم راستییانە لەلایەن چەند ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانییەوە لە هەندێك لە راگەیاندنەكاندا شێوێنران، جگە لەو شێواندنانەش  باسی ئەوەشیان كردووە كە گوایە لیژنەی هەڵسەنگاندن دانی بە شكستهێنانی خۆیدا نابێ و داوای لێبوردنیشی لە جڤاتی نیشتیمانی كرد بێت ، ئەمانە دوورن لە راستییەوە و دەشێت یەك دوو ئەندامی لیژنەكە كە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانین لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانییدا دانیان بە شكستی خۆیاندا نابیت، نەوەك هەموو ئەندامانی لیژنەكە".

روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی
لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ ، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ، لیژنەی هەڵسەنگاندنی سی ڤی كاندیدەكانی گۆڕانی بۆ پۆستە حكومییەكان پێکهێنا، لیژنەكەمان لە رۆژی دەست بەكاربوونییەوە ، زۆر پیشەییانە و بەپێی ئەو رێنمایی و پێوەرانەی  كە لیژنەكە و جڤاتی نیشتیمانی لەسەری رێككەوتبوون كارەكەی خۆی ئەنجامدا، لە كۆتاییدا لیژنەكە  ئەنجامی هەڵسەنگاندنی سی ڤی یەكانی تەواوكرد و بۆ هەر یەك لە وەزارەتەكانی  ئاوەدانكردنەوە و دارایی و كاروباری كۆمەڵایەتی سێ بەربژێر و بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێنج بەربژێری دیاریكرد،  ئەوەش بە پێی نمرەبەندی و پێوەرەكان تاكو  جڤاتی نیشتیمانی بەپێی بڕیاری خۆیان بە دەنگدان بۆ هەر وەزارەتێك  بەربژێرێك دیاری بكات، بەڵام جێی داخە راستی كاركردنی ئەم لیژنەیە بە مەبەستی تایبەتی لە میدیاكان شێوێنراوە. 
ئێمە رایدەگەیەنین كە ئەم لیژنەیە كارەكانی بە سەركەوتوویی ئەنجامداوە و زۆرینەی  ئەندامەكانی شێلگیرانە پابەندبوون بە شێوازی هەڵسەنگاندن  و ئەنجامەكانی بەڵام هەر لە سەرەتاوە  گومانمان لەوە هەبوو كە دەستێك دەیویست كاری لیژنەكە بەلاڕێدا بەرێت بۆ ئەوەی دوور لە رێنمایی و پێوەرەكانی لیژنەكە بەربژێرەكان  یەكلایی بكرێنەوە ، دواتریش  ئەم راستییانە لەلایەن چەند ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانییەوە لە هەندێك لە راگەیاندنەكاندا شێوێنران جگە لەو شێواندنانەش  باسی ئەوەشیان كردووە كە گوایە لیژنەی هەڵسەنگاندن دانی بە شكستهێنانی خۆیدا نابێ و داوای لێبوردنیشی لە جڤاتی نیشتیمانی كرد بێت ، ئەمانە دوورن لە راستییەوە و دەشێت یەك دوو ئەندامی لێژنەكە كە ئەندامی جڤاتی نیشتیمانین لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانییدا دانیان بە شكستی خۆیاندا نابیت ، نەوەك هەموو ئەندامانی لیژنەكە . 
جارێكی تر بۆ رای گشتی و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنین كە ئەو بابەتانەی لەلایەن هەندێك كەسەوە  سەبارەت بە كاری لیژنەكەمان  باس دەكرێن دوورن لە راستی و تەنیا بۆ چەواشەكردنی رای گشتی و مەبەستی تایبەتی و بەرژەوەندیخوازانەیە  كە دوورن لە نەریتی گۆڕان و پەیام و ئامانجەكانی بزوتنەوەی گۆڕان . 

 د. بایەزید حەسەن عەبدوڵڵا          

 لیوا جەلال مستەفا محەمەد          

فوئاد جەمال سەلام 
                                                                                       ١٦-٧-٢٠١٩
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand