"فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی كاروباری فەرمانبەراییەتی"
2019-07-15 12:16:47
درەو میدیا:
لە یەكەم كۆبونەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی شەش بڕیاری دەركرد تایبەت بە دەوام و كاری فەرمانبەران و پلە باڵاكان.
لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا كە " سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە كاتی دیاریكراوی دەوامی فەرمی و هیچ كەسێك بۆی نیە لە كاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی كاركردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان كارێكی دیكەی دەرەوەی ئەركەكەی جێبەجێ بكات" ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریشیداوە كە " فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی كاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی كە بە نهێنی پۆلێن دەكرێن، لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان ئاشكرا بكرێن"
ئەنجومەنی وەزیران لە یەكەم كۆبونەوەیدا بڕیاریدا كە "سبەینێ شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ دەربڕینی نیاز پاكی سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوه ی ده ستوور".
دەقی بڕیارەكانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران:
یەكەم: سەرجەم وەزیرەكان و خاوەن پۆستە باڵاكان دەبێت پابەند بن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەكانیان لە دەستپێكی دەوامی رۆژانی یەكشەممەوە تا كۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.
دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەبێت پابەند بن بە كاتی دیاریكراوی دەوامی فەرمی و هیچ كەسێك بۆی نیە لە كاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی كاركردنی خۆی بەجێ بهێڵیت یان كارێكی دیكەی دەرەوەی ئەركەكەی جێبەجێ بكات.
سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەند بن بە پاراستنی نهێنی كاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی كە بە نهێنی پۆلێن دەكرێن، لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان ئاشكرا بكرێن.
چوارەم: هەموو وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بە پێی یاسا ورێنماییەكانی دەستەی دەستپاكیی كوردستان، سەرجەم ماڵ و موڵكی خۆیان ئاشكرا بكەن.
پێنجەم: دەبێت رووتین لەداموودەزگانی حكومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا و وورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بكرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سكاڵاو و پرسیاری هاووڵاتیان بە شێوەیەكی خێرا و گونجاو، ئەركی داموودەزگاكانی حكومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشكرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆكاری هەردواكەوتنێك یا رەزامەندی نەدانێك روون و ئاشكرا بێت وپێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاكانی حكومەتدا.
شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاكانی حكومەتدا هەستی پێدەكرێت، بۆیە بنبڕ كردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەكێك لەكارە لەپێشینەكانی وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێت و سەرپێچیكاران بە تووندی سزا دەدرێن.