Draw Media

24 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشین دەبن

24 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشین دەبن

2019-07-14 15:28:02


راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت 
لیستی خانەنشینەكانی هەرێمی كوردستان ناوی (24) كەسی تری بۆ زیاد دەبێت، بەڵام ئەمانە پلەیان وەزیرەو لە كابینەی هەشتەمدا كاریان كردووە، موچەی خانەنشینی هەر وەزیرێك بۆ یەك مانگ (6 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینارە، واتە موچەی خانەنشینی ئەم (24) كەسە پێكەوە، مانگانە (156 ملیۆن) دینار لەسەر بودجەی هەرێمی كوردستان دەكەوێت. 
رۆژ 6ی ئەم مانگە، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، دواین كۆبونەوەی خۆی كرد، ئەوە كۆبونەوەی ماڵئاوایكردن بوو.
كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم لە (33) كەس پێكهاتبوو، بەپێی سایتی فەرمی حكومەت، وەزیرەكانی كابینەی هەشتەم (23) وەزیرن، لەگەڵ سەرۆكی (10) دەستەو فەرمانگەی سەربە حكومەت كە پلەی وەزیریان هەیە، واتە بەكۆی گشتی (33) كەس لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم پلەی وەزیرییان هەیە.  
وەزیرەكانی كابینەی هەشتەم بەهەمان پلەو موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتاران خانەنشین دەبن‌، واتە لەگەڵ خانەنشینبوونیاندا ئەوانیش هاوشێوەی پەرلەمانتاران شەش موچە پێكەوە وەردەگرن، ئەمە سەرباری دوو پاسەوان‌و ئۆتۆمبیلێك.

خانەنشینەكانی كابینەی هەشتەم
لە كابینەی هەشتەمدا لە كۆی (33) كەس، (24) كەسیان خانەنشین دەبن، واتە ناچنەوە سەر پۆستی باڵای ترو دادەنیشن.
ئەوانەی كە بە پلەی وەزیر لە كابینەی هەشتدا خانەنشین دەبن تاوەكو ساتی نوسینی راپۆرتە ئەمانەن:
• وەزارەتی رۆشنبیری‌‌و لاوان- خالید دۆسكی
• وەزارەتی كارەبا- سەڵاحەدین بابەكر 
• وەزارەتی دارایی‌و ئابووری- رێباز حەملان
• وەزارەتی تەندروستی- رێكەوت حەمەڕەشید 
• وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی- یوسف گۆران
• وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن- دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
• وەزارەتی داد- سینان چەلەبی 
• وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی-  محەمەد هاودیانی
• وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان- مەحمودی حاجی ساڵح 
• وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار-  نەورۆز مەولود  
• وەزارەتی سامانە سروشتییەكان- ئاشتی هەورامی (بەپێی زانیارییەكان بڕیارە لە كابینەی نوێی حكومەتدا بمێنێتەوە‌و پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە وەربگرێت، ئەگەر ئەم پۆستە وەرگرێت خانەنشین نابێت)
• وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە- مستەفای سەید قادر (كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، ئەگەر ئەو پۆستە وەرگرێت خانەنشین نابێت)
• وەزارەتی پلاندانان- عەلی سندی
• وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی- ساماڵ سەردار 
• وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن- جونسون سیاوش ئەیۆ
• وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان- مەولود باوە موراد
• وەزیری هەرێم  بۆ كاروباری ژینگە- عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم 
• فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە- فەلاح مستەفا (پێدەچێت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لە سەرۆكایەتی هەرێم كاربكات، ئەگەر لەسەرۆكایەتی دەستبەكارببێت، خانەنشین نابێت)
• سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران- نێچیرڤان ئەحمەد (پێدەچێت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كاربكات، ئەگەر لە سەرۆكایەتی هەرێم كاربكات، خانەنشین نابێت)
• دەستەی وەبەرهێنان- رێبوار خەلیل
• فەرمانگەی هەماهەنگی‌و بەدواداچوون- نوری عوسمان (پێدەچێت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم كاربكات، ئەگەر لە سەرۆكایەتی هەرێم دەستبەكارببێت، خانەنشین نابێت)
• دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم-    نەسرەدین سندی
• ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان- پەخشان زەنگەنە (پێدەچێت هەر لەم پۆستەدا بمێنێتەوە، ئەگەر بەردەوام بوو لە پۆستەكەی، خانەنشین نابێت)
• دەزگای گشتی كاروباری مین- سیراج جیهاد

ئەوانەی خانەنشین نابن 
ئەوانەی لە كابینەی هەشتەمی حكومەتدا كاریان كردووە، بەڵام خانەنشین نابن‌و لە پۆستی تردا دەستبەكاردەبن (9) كەس كە ئەمانەن:
• سەرۆك وەزیران- نێچیرڤان بارزانی (ئێستا لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدایە)
• جێگری سەرۆك وەزیران- قوباد تاڵەبانی (جارێكی تر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی لە كابینەی نوێدا وەرگرتەوە)
• وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو- عەبدولسەتار مەجید (ئێستا سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە لە پەرلەمانی كوردستان) 
• وەزارەتی پەروەردە-  پشتیوان سادق (ئێستا لەكابینەی نوێدا وەزیری ئەوقافە) 
• وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی-  كەمال موسلیم (ئێستا لەكابینەی نوێدا وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازییە)
• وەزارەتی ناوخۆ- كەریم سنجاری (ئێستا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمە)
• سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم-  فواد حوسین (ئێستا وەزیری دارایی عێراقە)
• فەرمانگەی میدیاو زانیاری/ وتەبێژی حكومەت- سەفین دزەیی (ئێستا سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەیە)
• سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران-  ئامانج رەحیم (بۆ كابینەی نوێ لەهەمان پۆستی خۆیدا ماوەتەوە)

موچەی وەزیر چەندە؟
كۆی موچە‌و دەرماڵەی هەر وەزیرێك پێش خانەنشینبوون (8 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، ئەمە جگە لەو نەسریەی كە لەبەردەستیدایە.

خانەنشینی وەزیرەكان 
هەر وەزیرێك بە بڕی (6 ملیۆن‌و 500 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، كۆی گشتی ئەو پارەیەی كە پێویستە بۆ موچەی خانەنشینی (24) كەس كە لەم كابینەیەدا بە پلەی وەزیر خانەنشین دەبن (156 ملیۆن) دینارە بۆ هەر مانگێك.
موچەی خانەنشینی ساڵێكی ئەو (24) كەسە دەكاتە (ملیارێك‌و 872 ملیۆن) دینار.
ئەمە سەرباری ئەوەی وەزیرەكانیش هاوشێوەی پەرلەمانتار‌و فەرمانبەرانی ئاسایی، بەپێی یاسا دوای خانەنشینبوون موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرن، موچەی شەش مانگی خانەنشینی هەر وەزیرێك (49 ملیۆن‌و 200 هەزار) دینارە، كۆی ئەو شەش موچەیەی  كە (24) وەزیرە خانەنشینەكەی كابینەی هەشتتەم وەریدەگرن، دەكاتە (ملیارێك‌و 180 ملیۆن‌و 800 هەزار) دینار لە داهاتی گشتی دەبات.

پشكی حزبەكان لە كابینەی هەشتەمدا 
• پارتی دیموكراتی كوردستان- 13 وەزیرو پلەی وەزیرو سەرۆك وەزیران
• یەكێتی نیشتمانی كوردستان- 7 وەزیرو پلەی وەزیر 
• بزوتنەوەی گۆڕان- 5 وەزیرو پلەی وەزیر
• یەكگرتووی ئیسلامی- 4 وەزیرو پلەی وەزیر
• كۆمەڵی ئیسلامی- 3 وەزیرو پلەی وەزیر 
• شیوعی- 1 بە پلەی وەزیر

كۆبونەوەی ماڵئاوایی كابینەی هەشتەم، چەند وەزیرێك ئامادەی كۆبونەوەكە نین

كورتەیەكی مێژوویی
لەكابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو پێش كابینەی هەشتەم كە چەند رۆژی رابردوو وادەكەی تەواو بوو، بەپێی زانیارییەكان:
• 461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون
• هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە
• كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە
• 163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر
• 506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون
• 44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیر‌و 260 بەڕێوەبەری گشتی‌و 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون‌و كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand