مەسعود حەیدەر: پەیوەندی بەهیچ حزبێكەوە ناكەم
2018-04-17 15:04:52
دوای ئەوەی درەومیدیا وەك یەكەم میدیا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕانی بڵاوكردەوە، لە روونكردەوەیەكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی مەسعود حەیدەر رایدەگەیەنێت: كە روبەرووی تەشهیر و ناوزڕاندن بوتەوە و لە هەمانكاتدا بەبێلایەنی دەمێنێتەوە و پەیوەندەی بە هیچ حزبێكەوە ناكات.
بە دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود حەیدەر ژمارەی ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ 7 ئەندامان كەم دەبێتەوە لەبەر ئەوەی پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان د. تاڤگە محەمەدی لە ئەندامێتی فراکسیۆنەکەی دوورخستەوە.
دەقی روونكردنەوەكەی مەسعود حەیدەر:
روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی..
هاونیشتمانیانی بەریز
وەکو چۆن لە چوار ساڵی رابردوو بێ بنەما زۆرترین جنێو تەشھیرو تەخوین ئاراستەمان کرا لەسەر ھەڵوێستە نیشتمانیەکانمان و دوور لە ھەموو بەھاو ئاکارێک و لەلایەن گروپێکی دیارەوە، دوای دەستلەکارکێشانەوەم کە ئەمە مافێکی سەرەتایی ھەموو مرۆڤێکە، دیسان ھەمان گروپ بەھەمان ئاکار و بە درۆ و دراو تەخوین و تەشھیرمان بۆ دەکەن، تا ئەو رادەی ھەوڵی زەوتکردنی ئازادی ھەڵبژاردنی بێ لایەنیشمان ئەدەن. ھەم وەکو خانەوادە وەھەم لەسەر ئاستی کەسی ھەمیشە خەباتمان کردوە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان و لەبەری حەق و گەل بووینەو دەبین و دوای دەستلەکارکێشانەوەم #بێ_لایەن_دەمێنم ، پەیوەندی بە ھیچ حزب و لایەنێکەوە ناکەم.
مەسعود حەیدەر
ئەندامی پەرلەمانی عێراق
٢٠١٨/٤/١٧
بغداد