موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە مشتومڕی فوئاد حسێن و پەرلەماندا
2019-07-12 16:07:33
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەرەفعەت
چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمو پشكی بودجەی هەرێم لە بەغداد لەسەر ئەو وەڵامو رونكردنەوانە وەستاوەتەوە كە مانگی رابردوو فوئاد حسێن وەزیری دارایی لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا قسەی لەبارەوە كردووە.
ئەگەر وەڵامو روونكردنەوەكانی فوئاد حسێن پەرلەمانتارانی لیژنەی داراییو دواتر كۆی پەرلەمانتاران قایل نەكات، هەفتەی داهاتوو سەرەتای مەترسییەكی جدی لەسەر موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەردەكەوێتو پەرلەمان میوانداری وەزیری دارایی دەكات.
ناردنی بەشە بودجەی هەرێم بەبێ ئەوەی هەرێم بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە رادەستی حكومەتی عێراق بكات، ئاستەنگی بۆ ئەو پرۆسەیە دروستكردووە, هەفتەی رابردوودا هەوڵدرا ئەو مادەیە هەمواربكرێتەوە كە موچەی هەرێمی پێ رەوانەدەكرێت، بەڵام هەوڵەكە شكستیهێناو ئێستاش فشاری زیاتر دەخرێتە سەر پەرلەمانو خودی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بۆئەوەی ئەو پرسە چارەسەربكات.
بڕیاربوو رۆژی سێشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق میوانداری فوئاد حسێن وەزیری داراییو چەند بەرپرسێكی تر بكات، بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كە دیارترینیان پرسی بودجەی هەرێمی كوردستانو رادەستكردنی نەوتی هەرێم بوو بە كۆمپانیای سۆمۆ.
فوئاد حسێن نەچووە بەردەم پەرلەمان، هەفتەی داهاتووی بۆدیاریكراوە تائامادەبێت.
سیناریۆكەی زێباری دووبارەدەبێتەوە؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)و بابەتی میوانداریكردنی فوئاد حسێن لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان بەگشتیو فراكسیۆنە كوردییەكانو خودی مەسعود بارزانی سەرقاڵكردووە.
پارتییەكان ترسیان لەوەیە كە هەمان سیناریۆی هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دارایی عێراق دووبارە ببێتەوە كە لە خولی رابردوودا دوای لێپرسینەوە لێی لەسەر چەند كەیسێكی گەندەڵی متمانەی لێ وەرگیرایەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی داوای لە فوئاد حسێن كردووە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبێتو بۆئەوە ئەوەی بەبیرهێناوەتەوە كە لەخولی پێشوودا دژی ئەوە بووە هۆشیار زێباری بۆ لێپرسینەوە بچێتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام هۆشیار زێباری چووەتە بەردەم پەرلەمان ئاكامەكەشی بە سەندنەوەی متمانە لێی كۆتایی هاتووە.
تائێستا دیارنییە كە فوئاد حسێن لە بەردەم پەرلەمان ئامادە دەبێت یاخود نا، بەڵام پرسی ئامادەبوون یان نەبوونی ئێستا هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكانی لە پەرلەمانی عێراق سەرقاڵكردووە.
(درەو میدیا) زانیویەتی فراكسیۆنی پارتی تاوتوێی ئەوەدەكات كە چۆن بتوانێت بەهەماهەنگی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر بتوانن رێژەی یاسایی دانیشتنەكەی پەرلەمان بشكێننو كۆبوونەوەكە بەڕێوەنەچێت.
فراكسیۆنەكانی تری وەكو فراكسیۆنی گۆڕانو یەكێتیو كۆمەڵو یەكگرتوو و ئایندە ( ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابوونەوە)و سەربەخۆكان، لە گفتوگۆی ئەوەدان چ هەڵوێستێك وەرگرن، هەندێك لەناو ئەم فراكسیۆنانە پێیانوایە باشترە رێگری لە لێدان لە وەزیری دارایی بكرێت، هەندێكی تر بە پێویستی دەزانن فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئامادەی كۆبونەكە ببنو لەسەر ئەو رێككەوتنەی لە نێوان پارتیو عادل عەبدولمەهدیدا كراوە پرسیاری ئاراستەی وەزیری دارایی بكەن.
فوئاد حسێن لەبەردەم لیژنەی داراییدا
رۆژی 11ی ئەم مانگە فوئاد حسێن، وەزیری دارایی چووە بەردەم لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لیژنەكە دوای كۆبوونەوەكەی راپۆرتێكی لەسەر كۆبوونەكە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزكردووەتەوەو ئاماژەی بەوەداوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەناردەو فرۆشتنی نەوتی هەرێمو مادەی (10/ دووەم/ ج) ی یاسای بودجەی عێراق میوانداریی وەزیری داراییو بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆو بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری وەزارەتی داراییان كردووە.
دەقی (مادەی 10 / دووەم /ج)ی یاسای بودجە دەڵێت:" ئەگەر هەرێمی كوردستان داهاتە فیدراڵییەكانی بۆ گەنجینەی گشتی فیدراڵی نەگەڕاندەوە، یان حوكمەكانی هەردوو بڕگەی ( أ- ب)ی ئەو مادەیەی جێبەجێنەكرد، وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە دەبڕێت كە لە هەردوو مادەی (یەكەمو دووەم/ أ-ب) ی مادەكەدا هاتووە.
وردەكاری راپۆرتەكە:
• وەزارەتی دارایی بڕی 72 ملیار دیناری لە مانگی ئازاردا رەوانەی هەرێم كردووە بۆ جیاوازییەكانی هەردوو مانگی كانوونی دووەمو شوباتی 2019 لەگەڵ شایستەی دارایی مانگی ئازار كە 454 ملیار دینار بووە بەبێ ئەوەی ئەو بڕەی لێببڕدرێت كە مادەی 10/ دووەم/ ج یاسای بودجە باسی كردووە.
• كۆی بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2018دا گەیشتوەتە 2.477 ترلیۆن دینار.
• وەزارەتی دارایی پێشوو بەردەوام لە ساڵی 2018دا مانگانە بڕی 317 ملیار دیناری بۆ هەرێم رەوانەكردوەو وەزارەتی دارایی ئێستاش بەردەوام بووە لەسەری تا پەسەندكردنی بودجەی گشتیو ئەو خەرجركردنی پارەیە پشتی بە هیچ دەقێكی یاسایی نەبیستووە.
• مادەی (10/ دووەم/ج)ی یاسای بودجە دەڵێت:" حكومەتی فیدراڵی پابەندە بە رەوانەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، لەوانەش قەرەبووی فەرمانبەرانی هەرێمو ئەگەر هەرێم ئەو بڕە نەوتەی كە بۆی دیاریكراوە رادەستی سۆمۆی نەكات، ئەوا بەهای ئەوەندە پارە لە بەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێت.
• وەزیری دارایی: حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا رێككەوتووە كە مانگانە بڕی 317 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكرێتو لە ئەیلولی 2018 رێككەوتن ئیمزاكراكە مانگانە 100 ملیۆن دیناری تری بۆ زیادبكرێت.
• ساڵی 2019 بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ قەرەبووی فەرمانبەرانی هەرێم لە 2.477 ترلیۆن دینارەوە زیادكرا بۆ 5.44 ترلیۆن دینار، لەسەر ئەوەش بڕی قەرەبووی مانگامە فەرمانبەران بە 454 ملیار دینار مانگانە خەمڵێندرا.
• بڕگەی ( أ) دەڵێت:" بەشە بودجەی مانگانەی هەرێم بڕی زیانی رادەستنەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لێ دەبڕدرێت كە بریتیە لە 250000 بەرمیل× تێكڕای نرخی بەرمیلێك × ژمارەی رۆژەكانی مانگێك.
راسپاردەكانی لیژنەكە
• پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیران وەزارەتی دارایی پابەندبكات دەقی مادەی 10/ دووەم/ج ی یاسای بودجە بەتەواوەتی جێبەجێ بكات.
• داوا لە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت كە حكومەتی پێشوو بەچ چوارچێوەیەكی یاسایی بڕی بودجەی دیاریكراوی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە لە ساڵی 2018دا.
• پێویستە وەزارتی نەوتی عێراق رێوشوێنی یاسایی پێویست لەدژی هەموو ئەو كۆمپانیایانە بگرێتەبەر كە نەوتی عێراق دەكڕن بە نایاساییو بێ رەزامەندی رەسمی خۆی.
• پێویستە وەزارەتی داراییو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی مادەی 11/ شەشەم لە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2019 جێبەجێ بكات كە تایبەتە بە میكانیزمی بایۆمەتری كە هەرێم پابەند دەكات لیستی میلاكاتی فەرمانبەران بە پێی خشتەی دیاریكراو رادەستی وەزارەتی دارایی بكات.
• پێویستە ئەنجومەنی وەزیران رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆئەوەی حكومەتی هەرێم ناچار بكات ئەو بڕە پارەی رەوانەی هەرێم دەكرێت بگاتەدەستی موچەخۆران، ئەگەر نەكرا حكومەتی فیدراڵی راستەوخۆ موچەی هەرێم دابەشبكات.
• پەلەبكرێت لە دەركردنو پەسەندكردنی پرۆژە یاسای نەوتو غاز لەلایەن پەرلەمانەوە.
چارەنوسی فوئاد حسێن
ئەگەر ئەم راپۆرتەی كە لیژنەی دارایی دوای میوانداریكردنی فوئاد حسێن وەزیری دارایی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزیكردوەتە قەناعەتی پەرلەمانتاران نەگۆڕێت، ئەوا هەفتەی داهاتوو پەرلەمان میوانداری دەكات، رەنگە دواجار پرسەكە لە میوانداریكردنەوە" استچافە" سەربكێشێت بۆ لێپرسینەوە " استجواب"و لە قۆناغی داهاتووشدا هاوشێوەی ئەوەی بەسەر زێباریدا هات بەڵام لەسەر پرسێكی جیاوازتر سەربكێشێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی.
عەبدولمەهدیو نەوتی هەرێم!
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق خەریكە وردە وردە دەچێتەوە سەر هەمان هەنگاوەكانی نوری مالیكیو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرەكانی پێشووتری عێراق.
ئەو كەس بە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی سەركردایەتی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان دادەنرێت، بۆئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەزیران وەربگرێت لەلایەن كوردەوە پاڵپشتی بەهێزی لێكرا، بەڵام دوای نزیكەی ساڵێك لە دەستبەكاربوونی وردە وردە بۆچونەكانی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بە تایبەتی كە ئێستا لە ژێر فشارێكی توندی لایەنە سیاسییەكان بەگشتیو لایەنە شیعەكان بە تایبەتی هەیە بۆ یەكلایكردنەوەی پرسی نەوتو بودجەی هەرێم.
عەبدولمەهدی بۆ جێگیربوونی لە پۆستەكەیدا سەرەتا پشتیوانی لەوەكرد كە لەگەڵ هەرێمدا رێكبكەوێت، بەڵام ئێستا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) دەیەوێت رێككەوتنەكە بەو شێوەیە جێبەجێ بكرێت كە لە یاسای بودجەدا هاتووە هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.
دۆسیەی نەوتی هەرێم تەنها عەبدولمەهدی نیگەران نەكردووە، بەپێی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) تەنانەت ئەمریكیو بەریتانییەكانیش داوایان كردووە هەرێم وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەڵبوەشێنێتەوەو لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە، رەنگە ئەمە هۆكاری ئەوە ئەبێت كە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەبێ وەزیری سامانە سروشتییەكان راگەیەندرا.
سەرچاوەكانی زانیاری باس لەوەدەكەن كە پێناچێت مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەو سەركێشییە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە بكات كە پێشتر نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای كردوویەتی، ئەو كە یەكەمین ئەزمونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە نایەوێت یەكەم ئەزمونی شكست تۆماربكاتو كاریگەری خراپی بۆسەر داهاتووی سیاسی هەبێت.