Draw Media

پارێزگاری كەركوك لەگەڵ حكومەت دەستبەكار نابێت

پارێزگاری كەركوك لەگەڵ حكومەت دەستبەكار نابێت

2019-07-10 07:20:03


(درەو میدیا):
ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت دەبەخشێت، بەڵام هێشتا وادەی دانانی پارێزگاری كەركوك نادیارە.
پرسی پەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك ماوەی (9) مانگ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی پەكخست، یەكێتی نیشتمانی مەرجی دانابوو دەبێت لەگەڵ سوێندخواردنی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارێزگارێكی یەكێتیش لە كەركوك دەستبەكارببێت.
ئەمڕۆ پەرلەمان متمانە بەكابینەی نوێی حكومەت دەدات، بەڵام پارێزگاری كەركوك هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی حكومەتدا دەستبەكارنابێت.
پێشتر (درەو میدیا)، وەكو یەكەمین دەزگای راگەیاندنی كاندیدی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك ئاشكراكرد.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەنێوان هەردولادا كراوە، تەیب جەبار كاندیدە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەم پیاوە سەربە یەكێتی نیشتمانییە، بەڵام رێككەوتنەكە بەوجۆرەیە وەكو كاندیدی لیستی (برایەتی) ناوی لێبنرێت، كە لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكانە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
لاهور شێخ جەنگی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئاژانس) كە ئەمڕۆ بڵاوبوەتەوە دەڵێت" لەیەك دوو رۆژی داهاتوودا ئەو كاندیدەی هەردولامان لەسەری رێككەوتوین بە رەسمی دەناسێنرێت‌و هەنگاوەكانی بۆ دانانی ئەو پارێزگارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی هەموو ئەو رێككەوتنانەی كە لە (9) مانگی رابردوودا لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كراوە، دەبێت پارێزگاری كەركوك هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا دەستبەكارببێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand