Draw Media

مەلەوانێك لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتدا

مەلەوانێك لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتدا

2019-07-09 18:27:23


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
گەنجترین وەزیر لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم تەمەنی (35) ساڵە، پیرترین وەزیر (73) ساڵە، سەرۆكی حكومەت حەزی لە مەلەوانییە، جێگرەكەی میكانیكییە، پزیشك لە وەزارەتی پلاندانان دانراوە، ماتماتیك بۆ كاروباری كۆمەڵایەتی، ئەندازیار بۆ وەزارەتی ناوخۆ، پاراستن بۆ شارەوانی، بۆ پەروەردە بەرپرسی لق دانراوە، لە وەزارەتی دارایش پێشبینی قات‌و قڕی كراوە. 
نوسینگەی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سیڤی سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی كابینەی داهاتووی حكومەتی خستە بەردەم پەرلەمانی كوردستان‌و كۆپیەكیشی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە.
پەرلەمانی كوردستان دوای تاوتوێكردنی ئەم سیڤییانە، هەریەكێك لە كاندیدەكان بۆ پۆستە وزارییەكان دەخاتە دەنگدانەوە‌و متمانەیان پێدەبەخشێت یاخود رەتیاندەكاتەوە، كە ئەمەیان ئەگەرێكی لاوازە‌و پێناچێت پەرلەمان هیچ كاندیدێك رەتبكاتەوە.

وەزارەتی نەوت
مەسرور بارزانی سیڤی (19) كاندیدی بۆ وەزارەتەكان ئامادەكردووە، كاندیدی وەزارەتێك نادیارە‌و تائێستا یەكلانەبووەتەوە، كە ئەویش وەزارەتی نەوتە، سەرباری ئەمە سیان لە پۆستەكان پۆستی وەزیری هەرێم-ن.
(درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، لەم كابینەیەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ناوەكەی دەگۆڕدرێت بۆ وەزارەتی (نەوت) هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیە، ئاشتی هەورامی دەبێت بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری سامانە سروشتییەكان، وەزارەتی نەوت كە بەر پارتی كەوتووە، تائێستا كاندیدەكەی یەكلانەكراوەتەوە، هەندێك زانیاریش هەیە باسلەوەدەكات، نەوت‌و سامانە سروشتییەكان هیچ وەزارەتێكی بۆ دانانرێت‌و جڵەوی ئەو كەرتە لە دەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدا دەبێت.

سەرۆك وەزیرانێكی مەلەوان
سیڤی مەسرور بارزانی درێژترین سیڤی لیستی كاندیدی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە. بەپێی ئەوەی لە سیڤییەكەیدا باسكراوە، سەرۆك وەزیرانی نوێی حكومەت تەمەنی (50 ساڵ)ە.
مەسرور بارزانی بەپێچەوانەی ئەو وێنا ئەمنییەی كە بەهۆی سەرۆكایەتی "دەزگای پاراستن" لەسەری دروستبووە، بڕوانامەی ماجستێری لە بواری "ئاشتی‌و چارەسەری ناكۆكییەكان" لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن دی سی بەدەستهێناوە، بەڵام دیار نییە ئاخۆ لە چوار ساڵی داهاتوودا ناكۆكییەكان لەگەڵ بەغداد چارەسەر دەكات، یاخود ئاڵۆزتری دەكات ؟ ئایا ئاشتی سیاسی لەناوخۆدا بەرفراوانتر دەكات یاخود مەودای ناكۆكییەكان زیاتر دەكات ؟
مەسرور بارزانی كە كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و كوڕەزای مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتییە، لە سیڤییەكەیدا بۆ مێژوو ناوی منداڵەكانیشی تۆماركردووە‌و نوسیویەتی" خاوەنی سێ كوڕو كچێكە بەناوەكانی (یاسمین، ئارین، بەرزین، ئاران)".
بارزانی كوڕ وەكو خۆی لە سیڤییەكەیدا نوسیویەتی، شارەزایی تەواوی لە نوسین‌و خوێندنەوە‌و قسەكردندا هەیە بە زمانەكانی (كوردی، فارسی، ئینگلیزی)‌و لە زمانی عەرەبیش تێدەگات.
سەرۆك وەزیرانی نوێ، لە سیڤییەكەیدا تەنانەت چوەتە سەر باسی وردەكاری ئارەزووی تایبەتی خۆی بۆ بوارەكانی هونەرو وەرزش‌و دەڵێ" شارەزایی هەیە لە شێوەكاری‌و ئەسپسواری‌و مەلەوانی".

میكانیكی لە حكومەتدا
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی كابینەی نوێی حكومەت، تەمەنی (42ساڵ)ە، واتە (8 ساڵَ) لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بچوكترە.
قوباد تاڵەبانی كە ئەمە جاری دووەمە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەردەگرێت، لە سیڤییەكەیدا دوو خاڵ جێگای سەرەنجن:
یەكەم: بڕوانامەكەی
وەكو لە سیڤییەكەیدا نوسراوە، قوباد تاڵەبانی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە "ئەندازیاری میكانیكی"دا هەیە، ئەمە زانیارییەكی نوێیە.
دووەم: لە سیڤییەكەیدا نوسراوە قوباد تاڵەبانی "بەشداریكردووە لە نوسینەوەی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراق لە بەغداد"، بەڵام هیچ رونكردنەوەیەكی زیاتری لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردنی نەداوە. 
قوباد تاڵەبانی كە كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، زمانی ئینگلیزی بەباشی دەزانێت.
قوباد تاڵەبانی لە كابینەی هەشتەمدا یەكێك لەوانە بوو پشتیوانی لە سیستمی "پاشەكەوتكردنی موچە" كرد، كاتێك حكومەت دوچاری قەیرانی دارایی بووەوە.
قوباد تاڵەبانی هەواڵە ناخۆشەكەی سەپاندنی سیستمی "پاشەكەوتی موچە"ی بە رایگشتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، سەرباری ئەمە لە كابینەی هەشتەمدا لەناوخۆی حزبەكەشییەوە روبەڕووی رەخنەی توند بووە‌و چەندینجار تۆمەتبار كرا بەوەی لەبەرامبەر نێچیرڤان بارزانیدا لاوازە.
قوباد تاڵەبانی دۆستایەتییەكی بەهێزی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا هەیە‌و لەوانەیە پشتیوانی لە ئاشتەوایی‌و سەقامگیری سیاسی‌و كۆمەڵایەتی دەكات، بەڵام دیارنییە پەیوەندییەكانی لە چوار ساڵی داهاتوودا لەگەڵ مەسرور بارزانیدا چۆن دەبێت.

ئەندازیارێك لە وەزارەتی ناوخۆدا
مەسرور بارزانی كە لە ساڵی 1998وە سەرۆكایەتی دەزگای پاراستنی (دەزگایەكی ئەمنی هەواڵگرییە‌و سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە) پێسپێردراوە، پۆستی وەزارەتی ناوخۆ كە پۆستێكی هەستیارە، داوە بە كەسێكی نزیك لە خۆی.
(رێبەر ئەحمەد خالید) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ، ئەم پیاوە لەڕووی تەمەنەوە هاوتەمەنی مەسرور بارزانییە (50 ساڵ)، لە شارۆچكەی پیرمام لە نزیك بارەگای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی نیشتەجێیە.
بەپێی ئەوەی لە سیڤییەكەیدا نوسراوە، ئەم پیاوە بڕوانامەی ماستەری لە بواری "ئاسایشی نیشتمانی" لە زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە، واتە بڕوانامەكەی لەگەڵ ئەو پۆستەدا گونجاوە كە وەریدەگرێت.
سەرباری ئەمە، یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە مەسرور بارزانی‌و پلەی لیوای هەیە لەناو دەزگای پاراستندا‌و لە ساڵی 2012وە تائێستا سەرۆكی فەرمانگەیەكە لەناو ئەنجومەنی ئاساشی هەرێمی كوردستان بەناوی فەرمانگەی "هەماهەنگی هاوبەش".
ئەم پیاوە لەناو پارتی پلە حزبییەكەی (ئەندام مەكتەب)ە، ئەوەی جیگای سەرەنجە، ئەم پیاوە ئەمنییە بووەتە ئەندامی رێكخراوێكی بواری ئاوەدانكردنەوە بەناوی رێكخراوی "شانەدەر"، هەروەها ئەندامی یەكێتی ئەندازیارانی كوردستانە بەوپێیەی بڕوانامە بەكالۆریۆسەكەی لە بواری "ئەندازیاری شارستانی"دایە.
وەكو لە سیڤییەكەیدا نوسیویەتی زمانەكانی (عەرەبی‌و ئینگلیزی‌و فارسی) دەزانێت.

لە خەزنەداری حزبەوە بۆ حكومەت 
كاندیدی وەزیری دارایی بۆ كابینەی نوێی حكومەت (ئاوات شێخ جەناب)ە لە بزوتنەوەی گۆڕان.
ئەم پیاوە ئەندامی یەكێكە لە بنەماڵە ناسراوەكانی سلێمانییە، تەمەنی (61 ساڵ)ە، چەندجارێك ئەزمونی كاركردنی لە حكومەتدا تاقیكردوەتەوە، یەكەمین پۆستی حكومی كە وەریگرتووە، پۆستی قایمقامی سلێمانی بووە لە ساڵی 1993دا، ماوەیەكیش بریكاری وەزیری گواستنەوە بووە‌و لێپرسراوی لیژنەی باڵای سوتەمەنی سلێمانی بووە.
ئاوات شێخ جەناب بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە یاسادا هەیە، دواین كاری سیاسی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەرپرسی ژوری دارایی بووە، واتە لە خەزنەداری بزوتنەوەی گۆڕانەوە كاندیدكراوە بۆ خەزنەداری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن دەڵێن لەڕووی داراییەوە پیاوێكی دەستكراوە نییە‌و هەندێك لە هاوڕێكانی بە توانجەوە دەڵێن "چوار ساڵی داهاتوو بۆ هەرێمی كوردستان لە سایەی ئاوات شێخ جەنابەوە ساڵی قات‌و قڕی دەبێت".

لە هەڵبژاردنەوە بۆ پێشمەرگە
شۆڕش ئیسماعیل كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، لە سیڤییەكەیدا تەمەنەكەی بەهەڵە نوسراوە، بەڵام وادەردەكەوێت لەدایكبووی ساڵانی 1950 بێت.
ئەم پیاوە لە ساڵی 2008وە سەرۆكی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی نیشتمانییە كە یەكێكە لە دەزگا هەستیارەكان، بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەداری پۆستە حزبییەكەی بوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا هەوڵی سازدانی كۆنگرەی یەكێتی دەدرێت‌و لەحاڵی بەستنی ئەو كۆنگرەدا دەزگای هەڵبژاردنی رۆڵی گرنگ‌و یەكلاكەرەوەی لەسەر چارەنوسی سیاسی یەكێتی دەبێت.
ئەم پیاوە لە ساڵی 1993وە چەندین پۆستی گرنگی حزبی لەناو یەكێتی وەرگرتووە، بەڵام یەكجار پۆستی حكومی بەڕێوەبردووە، كە ئەویش پۆستی (سەرۆكی دەزگای شەهیدانی گەلی كوردستان)ە لە حكومەتەكەی یەكێتی لە سلێمانی لەماوەی نێوان ساڵانی (2000 بۆ 2005)، ئەم پۆستە تاڕادەیەك نزیكە لە پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەوە كە ئێستا كاندیدە بۆ ئەو پۆستە.
وەكو خۆی لە سیڤییەكەدا دەڵێ بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە (یاسا‌و رامیاری)دا هەیە‌و زمانەكانی (عەرەبی‌و ئینگلیزی) دەزانێت، زمانی (فارسی)ش زۆر بەباشی دەزانێت.

لە وەكالەتەوە بۆ وەزارەت
پشتیوانی سادق كاندیدی پارتییە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی.
ئەم پیاوە ئەمە دووەمینجارە پۆستی وەزیری ئەزموون دەكات، لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری پەروەردە بوو، كاتێك موچەی مامۆستایان "پاشەكەوت" كرا، روبەڕووی شەپۆلی بەرفراوانی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی مامۆستایان بووەوە.
پشتیوان سادق نامۆ نییە بە پۆستی وەزارەتی ئەوقاف، لە كابینەی هەشتەمدا كاتێك نێچیرڤان بارزانی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەركرد، ئەو بە وەكالەت‌و لە شوێنەكەی (كەمال موسلیم) پۆستی وەزارەتی ئەوقافی وەرگرت‌و تا ئەم ساتە لەو پۆستەدایە، لەم كابینەیەدا جارێكی تر لەسەر یەك مێز لەگەڵ كەمال موسلیم وەزیری پێشووی ئەوقاف دادەنیشێتەوە، چونكە كەمال موسلیم لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوە كاندیدكراوە بۆ پۆستی وەزیری بازرگانی‌و پیشەسازی.
پشتیوان سادق یەكێكە لە كارەكتەرە نزیكەكان لە مەسرور بارزانی‌و پێشتر بەرپرسی لقی پارتی بووە لە هەولێر، بەپێی زانیارییەكان پارتی لەئەدای كاركردنی بەوەكالەت لە وەزارەتی ئەوقاف رازی بووە، بۆیە پۆستەكەی لە "وەكالەتەوە كردووە بە وەزارەت"‌و كاندیدی كردووە بۆ وەرگرتنی ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی. 
ئەم پیاوە بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری یاسادا هەیە‌و بەوتەی خۆی زمانی (عەرەبی‌و ئینگلیزی) دەزانێت.
 
ماتماتیك‌و كاروباری كۆمەڵایەتی
لەژیانی واقیعیدا ئەوانەی سەرقاڵی خوێندن لە بواری زانستی ماتماتیكدا، تاڕادەیەك لە ژیانی كۆمەڵایەتی دورەپەرێزن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەمە پێچەوانە بووەتەوە.
كوێستان محەمەد كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە ماتماتیكدا هەیە.
لایەنی بەهێزی ئەم كاندیدە ئەوەیە، دوو خولی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە‌و تەمەنی (54 ساڵ)ە.

لە ئەوقافەوە بۆ پیشەسازی
كاندیدی وەزیری پیشەسازی كابینەی نوێی حكومەت (كەمال موسلیم)ە كە لە كابینەی هەشتەمدا وەزیری ئەوقاف بوو.
ئەم پیاوە بڕوانامەی لە بواری زانست بەشی جیۆلۆجیدا هەیە، بڕوانامەكەی تاڕادەیەك لە پۆستەكەیەوە نزیكە، بەڵام ئەزمونی كاركردنی لەناو حكومەت كەمە، ئەو لە كابینەی هەشتەمدا تەنیا (ساڵێك‌و سێ) مانگ لە پۆستی وەزارەتی ئەوقاف مایەوە، بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیرەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەریكرد‌و جارێكی تر نەگەڕایەوە بۆ وەزارەتەكەی.

بڕوانامەی ناوەندی لە ئەنجومەنی وەزیراندا
لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، نزمترین بڕوانامەی وەزیرەكان، بڕوانامەی (ناوەندی)یە، عەبدوڵای حاجی مەحمود كاندیدی پۆستی وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان یەكێك لەو كاندیدانەیە كە بڕوانامەی ناوەندی هەیە، بەڵام وەكو خۆی لە سیڤییەكەیدا نوسیویەتی، زمانی (فارسی) بەباشی دەزانێت.
عەبدوڵای حاجی مەحمود برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە، تەمەنی (49 ساڵ)ە، دوو خول ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە‌و نوێنەرایەتی تاكە كورسییەكەی حزبی سۆسیالیستی كردووە.
عەبدوڵای حاجی مەحمود سەرباری ئەوەی بڕوانامەكەی نزمە، بەڵام زۆر نامۆ نییە بە كاروبارەكانی تایبەت بە پۆستی وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان، بەوپێیەی لە دوو خولی پەرلەماندا جارێك ئەندام‌و جارێكی تر بڕیاردەری لیژنەی (شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و جینۆساید‌و زیندانیانی سیاسی) بووە.

هەورامییەك لە وەزارەتدا
محەمەد سەعید عەلی ناسراو بە "حەمەی حەمە سەعید" تاكە هەورامییە لە پۆستی وەزارەتدا لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، واتە شوێنی ئاشتی هەورامی لە كابینەی نوێدا وەكو نوێنەری هەورامییەكان پڕكردوەتەوە.
ئەم پیاوە پێشمەرگەی دێرین‌و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە، بڕوانامەی ناوەندی هەیە‌و كاندیدە بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری.
دوای كاندیدكردنی بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنەی زۆری لێگیرا، بەتایبەتی لەبارەی بڕوانامەكەی‌و وێنەیەك كە بە چەكەوە گرتویەتی، بەڵام ئەم پیاوە خاوەنی چەند بەرهەمێكی نوسین‌و وەرگێڕانە.
تەمەنی (57 ساڵ)ە، زۆر پۆستی حزبی بەڕێوەبردووە، بەڵام ئەمە یەكەمین ئەزمونی كاركردنیەتی لەناو حكومەتدا.

خەونێكی لەبارچوو
كاندیدی پۆستی وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو (بێگەرد تاڵەبانی)یە.
ئەم خاتوونە یەكێكە لە كارەكتەرە ژنە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یەك خول ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە‌و لەو خولەدا ماوەیەك سەرۆكی فراكسیۆنی حزبەكەی بووە.
لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا جارێكی تر سەركەوتەوە بۆ پەرلەمان‌و كاندیدی بەهێزی حزبەكەی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەم خولەی پەرلەمان، بەڵام ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رێواس فایەقی بۆ پۆستەكە كاندیدكرد، بێگەرد تاڵەبانی خەونی سەرۆكایەتی پەرلەمانی لەدەستچوو، بەڵام بە پێدانی وەزارەتی كشتوكاڵ قەرەبوو كرایەوە.
تەمەنی (41 ساڵ)ە‌و بڕوانامەی لە بواری بایۆلۆژیدا هەیە، بەپێی سیڤییەكەی هەردوو زمانی عەرەبی‌و فارسی دەزانێت.

پڕبەپێستی وەزارەت
دانا عەبدولكەریم كاندیدی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، بەپێی سیڤی شایستەترین كاندیدە بۆ پۆستەكەی.
ئەم پیاوە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بواری ئەندازیاری شارستانیدا هەیە، كە بەتەواوەتی لەگەڵ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەدا گونجاوە.
دانا عەبدولكەریم ماوەیەك لێپرسراوی پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی بووە‌و بەشداربووە لە دروستكردنی چەند پرۆژەیەكدا لە سنوری سلێمانی.
تەمەن (46 ساڵ)ە، وەكو خۆی لە سیڤییەكەیدا نوسیویەتی، زمانەكانی عەرەبی‌و ئینگلیزی دەزانێت.
دواین كاری سیاسی ئەم پیاوە لەناو بزوتنەوە گۆڕاندا، بەرپرسی (فایلی حكومەت)ە لە ژووری پەرلەمان‌و حكومەت.

هاودیدێك بۆ خوێندنی باڵا
كاندیدی پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا (ئارام محەمەد قادر)ە كە برای (عەدنانی حەمەی مینا) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.
ئەم پیاوە تەمەنی (46 ساڵ)ە، پێشتر یەكجار كاری حكومی تاقیكردوەتەوە‌و ماوەیەك جێگری بەڕێوەبەری گشتی بووە لە وەزارەتی مافی مرۆڤ.
بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەدەبیاتدا هەیە، بەڵام لەناو یەكێتی پۆستی جێگری بەرپرسی مەكتەبی شەهیدانی بەدەستەوە بووە، وەكو خۆی دەڵێ زمانەكانی (عەرەبی‌و فارسی‌و ئینگلیزی) دەزانێت.
ئارامی حەمەی مینا یەكێك لەوانە بوو كە لەگەڵ بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیابووەو لە "هەڤاڵ"ەوە بوو بە "هاودید" لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، كاتێك بەرهەم ساڵح گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەویش گەڕایەوە بۆ ناو حزبی دایك‌و كاندیدبونیشی بۆ پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر باڵەكەی بەرهەم ساڵح ئەژماردەكرێت.

گەنجترین وەزیر
گەنجترین وەزیر لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا، (ئانۆ جەوهەر عەبدولمەسیح)ە، ئەم پیاوە ئەندام ناوچەی پارتییە، بەڵام لەسەر پشكی مەسیحییەكان كاندیدكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی گواستنەوە‌و گەیاندن كاندیدكراوە.
تەمەنی ئەم پیاوە (35 ساڵ)ە، بەپێی قسەی خۆی ئەندامی یەكێك لە بنەماڵە رەسەنەكانی ناوچەی عەنكاوەی هەولێرە.
قوتابی دكتۆرایە لە بواری سیاسەت‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بڕوانامەكەی هیچ پەیوەندییەكی بەو وەزارەتەوە نییە كە بۆی كاندیدكراوە.

پەروەردە لە دەستی بەرپرسی لقێكدا
كاندیدی وەزیری پەروەردە (ئالان حەمەسەعید)ە، ئەم پیاوە ئێستا بەرپرسی لقی 21ی پارتییە، لەناوەندی پەروەردەدا كەسایەتییەكی ناسراو نییە.
خەڵكی سلێمانییە‌و تەمەنی (38ساڵ)ە‌و بڕوانامەكەی (قوتابی دكتۆرا لە زانستە سیاسییەكان) هیچ پەیوەندییەكی بە بواری پەروەردەوە نییە، خۆی سەربە وەزارەتی خوێندنی باڵایە‌و لە زانكۆی هەڵەبجە مامۆستایە.

كاندیدێكی گونجاو
كاندیدی وەزیری تەندروستی (سامان حسێن بەرزنجی)یە، ئەم پیاوە پارتییە‌و تەمەنی (41 ساڵ)ە.
لەڕووی بڕوانامەوە كاندیدێكی گونجاوە بۆ ئەو پۆستەی كە بۆی دانراوە، دكتۆرای لە تەندروستی كۆمەڵدا هەیە‌و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێرە، لە چەند نەخۆشخانەیەكیش پزیشكی نیشتەجێی خولاوە.

لە پاراستنەوە بۆ شارەوانی
كاندیدی وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار (ساسان عوسمان عەونی)یە‌و سەربە پارتییە.
بڕوانامەكەی تاڕادەیەك نزیكە لەو پۆستەی كە بۆی دانراوە، ماستەری لە كارگێڕی كارو ئیكۆنۆمی لە زانكۆی ئەمیانسی فەرەنسی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەوەی لە سیڤییەكەیدا نوسراوە، تەمەنی (49ساڵ)ە‌و لەماوەی ساڵانی (2005 بۆ 2009) بەڕێوەبەر بووە لە ئاژانسی پاراستن، واتە كەسێكی نزیكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی داهاتووی حكومەتەوە.

پیرترین وەزیر
پیرترین كاندید (فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵا) كاندیدی وەزیری دادە، كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەم پیاوە تەمەنی (73ساڵ)ە‌و خەڵكی دهۆكە، سیڤییەكەی لە وەزیرەكانی تر قەرەباڵغترە.
لە ساڵی 1970وە چووەتە ناو كاری حكومییەوە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە حقوقدا هەیە.
لەدوای ساڵی 2003 ماوەیەك یاریدەدەری یاسایی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بووە لە ئەنجومەنی حوكمی عێراق، بەشداری لە چەندین پرسی یاسایی‌و دەستوریدا كردووە.

پزیشك لە وەزارەتی پلاندانان
بۆ وەزارەتی پلاندانان-یش پزیشكێك كاندید كراوە كە ناوی (دارا رەشید مەحمود)‌و تەمەنی (43 ساڵ)ە.
ئەم پیاوە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە هەناو و نەشتەرگەری گشتیدا هەیە، بڕوانامەكەی لەگەڵ ئەو پۆستەدا گونجاو نییە كە بۆی كاندید كراوە.
سەربە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییە‌و لەسەر ئەو كورسیە دانیشتووە كە پێشتر بۆ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئامادەكرابوو.
ئەم پیاوە دەبێت بە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گاز لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەگەر ئەو ئەنجومەنە كارابكرێتەوە، چونكە وەزیری پلاندانان ئەندام دەبێت لە ئەنجومەنەكەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand