بۆ حكومەت؛ پەرلەمانیان بەجێهێشت
2019-07-08 16:53:26
(درەو میدیا):
ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردستان لەم خولەدا لەپێناو وەرگرتنی كورسی حكومەت، كورسییەكانی خۆیان لەناو پەرلەمان بەجێهێشت.
• قوباد تاڵەبانی: لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو، دەنگی یەكەمی لەسەر ئاستی كاندیدی هەموو حزبەكان بەدەستهێنا، بەڵام هەرگیز نەچووە ناو پەرلەمانەوەو كورسییەكەی خۆی بۆ (راهی رەهبەر سەید ئیبراهیم) لە لیستی یەكێتی بەجێهێشت، قوباد تاڵەبانی نەچووە پەرلەمان بۆ ئەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت، ئێستا بە فەرمی كاندیدی یەكێتییە بۆ ئەم پۆستە.
• عەبدوڵا مەحمود محەمەد ناسراو بە (عەبدوڵای حاجی مەحمود): ئەم پیاوە برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانە، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو، كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوانی بە حزبەكەیدا، لە پەرلەمان كشایەوەو ئێستا كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوان، عەبدوڵای حاجی مەحمود پێشتریش لە دوو خولی تردا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، بە رۆشتنی عەبدوڵای حاجی مەحمود بۆ ناو حكومەت، حزبی سۆسیالیست تاكە كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدەدات، چونكە ئەو كورسییە، كورسی دەنگی سێ لایەنی هاوپەیمان بوو لە هەڵبژاردندا (حزبی سۆسیالیست- پارتی كرێكارانو رەنجدەران- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان)، سۆسیالیست پۆستەكەی حكومەتی هەڵبژاردو كورسییەكەی پەرلەمانی جێهێشت بۆ هاوپەیمانەكانی، (باپیر كامەلا) سەرۆكی پارتی كرێكانو رەنجدەران لەسەر كورسییەكەی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە پەرلەمان دادەنیشێت.
• بێگەرد دڵشاد شكرڵڵا ناسراو بە (بێگەرد تاڵەبانی): ئەم خاتوونە ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی كوردستانو سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە، لە خولی پێشووی پەرلەماندا بە هەمان شێوە سەرۆكی فراكسیۆن بوو، لە كۆتاییەكانی خولەكەشدا پۆستی سكرتێری پەرلەمانی وەرگرت، بێگەرد تاڵەبانی لەم خولەدا كاندید بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام دواجار لەلایەن حیزبەكەیەوە كاندیدكرا بۆ پۆستی وەزیری كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو، بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئەم پۆستە حكومییە پەرلەمانی كوردستان بەجێدەهێڵێتو (شیرین یونس) كاندیدی حزبەكەی لە سنوری كۆیە كورسییەكەی لە پەرلەمان پڕدەكاتەوە.
• ڤالا فەرید: ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بڕیارە پۆستەكەی بۆ رێواس فایەق چۆڵبكات، دوای لادانی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەم خاتوونە لە پەرلەمان نامێنێتەوەو وەكو وەزیری هەرێم لە كابینەی نوێی حكومەت دەستبەكاردەبێت، ڤالا فەرید لە خولی پێشووشدا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووەو لە خولی پێشوودا سەرۆكی لیژنەی یاسایی بووەو یەكێكە لە كارەكتەرە شارەزاكانی پارتی لە بواری یاسادا، (لەنجە دزەیی) كورسییەكەی ڤالا فەرید لە پەرلەمان پڕدەكاتەوە.
• ئایدن مەعروف: سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانییە لە پەرلەمانی كوردستان، لەدوو خولی پێشوودا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، ئێستا كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی هەرێم، دوای وەرگرتنی متمانە، پەرلەمان بەجێدەهێڵێتو (هیمداد سەباح بیلال) لە لیستی بەرەی توركمانی شوێنەكەی لە پەرلەمان پڕدەكاتەوە.