دەرباز كۆسرەت رەسوڵ دەبێتە سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم
2019-07-08 09:38:52
درەو میدیا:
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە كاندیدبونی بۆ وەزارەتی پلاندانان كشایەوەو لە هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستاندایە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند" دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، سەرۆكی دەزگاكەی هەڵبژاردووەو لە ئێستاشدا هەوڵی جدی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كە بە پلەی وەزیرە و بارەگا سەرەكییەكەی لە هەولێرە"
لەدوای كشانەوەی لە كاندیدبونی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" لە ڕوانگەی هەستكردن بە لێپرسراویەتی بەرامبەر بە هەڤاڵەكانمان و كادیرو ڕێكخستنەكان لە سنووری جوگرافی پارێزگای هەولێر وامان بە باش زانی كە ئەو دەرفەتە بدەین بە یەكێك لە كادیرە پێشكەوتووەكانی شارەكەمان"
بەڵام سەرچاوەكەی ( درەو میدیا) وەرگرتنی ئەو پۆستەی بە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بە كارێكی ئاسان نەزانی پێی وابوو "بەهۆی ئەوەی باڵی كۆسرەت رەسوڵ لە دابەشكردنی پۆستەكاندا پشكی زۆریان برد، ئاسان نیە ماڵباتی مام جەلال بە پێدانی ئەو پۆستە بەدەرباز كۆسرەت رەسوڵ رازی بن، لە كاتێكدا هەوڵیش هەیە كە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بكرێتە فەرماندەی هێزەكانی 70ی یەكێتی لەدوای كاندید بونی جەعفەر شێخ مستەفا بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم"
دەزگای ئاساییشی هەرێم بەپێی (یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان 2013) بودجەیەكی بۆ دیاریكراوە كە بڕەكەی ( 487 ملیار و 443 ملیۆن) دینارەو ژمارەی كارمەندەكانی ( 31 هەزارو 421 ) كەسە، بودجەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ناچێتە ژێر چاودێری هیچ دام و دەزگایەكی چاودێرییەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە شەش بەڕێوەبەرایەتی گشتی پێكهاتووەو ( خەسرەو گوڵ محەمەد) لە 3/5/2012 ەوە سەرۆكی دەزگاكەیەو هاوكات جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیشە.