عێراق: سزای لەسێدارەدان بۆ چەند ژنە داعشێکی بیانیی دەرکرا
2018-04-17 12:52:32
دادگای تاوانی ناوەندی عێراق رایگەیاند ئەمڕۆ سێشەممە سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ ژنی ئازەربایجانی و یەك ژنی قیرغیستانیدا سەپاند بە تۆمەتی ئەندامێتییان لە رێكخراوی داعش.
هەروەها سزای زیندانیكردنی هەمیشەیشی بەسەر ژنێكی فەرەنسی و دوو ژنی روسیدا سەپاند.
یەکێک لەو ژنانەی سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بەسەردا سەپێندراوە ناوی " جەمیلە بوتوتعو" وە و فەرەنسییە و تۆمەتی ئەندامێتی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" ی بەسەردا ساغکراوەتەوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی " فرانس پرێس" ئەو ژنە فەرەنسییە تەمەن 29 ساڵە لە كاتی دادگاییكردندا رایگەیاند " بە رەگەز جەزائیرییە و پێشتر مەسیحیی بووە دواتر موسوڵمان بووە".
ئاشكراشیكرد لەگەڵ هاوسەرەكەیدا كە گۆرانیبێژی راپ بووە فەرەنسای بەجێهێشتووە بەرەو توركیا."
وتیشی " هاتینە توركیا بۆ گەشتوگوزار، و هاوسەرەكەم لەلایەن پیاوێكەوە بەناوی قورتوبی پەیوەندی پێوەكراو دواتر من و منداڵەكانمی گەیانە پەناگەیەك لە سوریا و لەوێشەوە بۆ عێراقی گواستمەوە."
شوباتی رابردووش دادگایەكی عێراق بە تۆمەتی هاتنە ناوعێراق بە شێوەیەكی نایاسایی سزای حەوت مانگ زیندانیكردنی بەسەر ژنێكی فەرەنسیدا بەناوی " میلینا بوغدیر" تەمەن 27 ساڵدا سەپاند و سزای لە سیدارەدانیشی بەسەر 16 ژندا سەپاند كە رەگەزنامەی توركیایان هەیە بەتۆمەتی ئەوەی هاوكاری لۆجیسیتی رێكخراوی داعشیان كردووە.