Draw Media

باخچەلی داوای پێشخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا دەكات

باخچەلی داوای پێشخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا دەكات

2018-04-17 10:51:11


دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا " MHP" داوادەكات وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆكایەتی توركیا لە مانگی تشرینی دووەمی 2019ەوە پێشبخرێت بۆ 26ی ئابی ئەمساڵ.
باخچەلی  كە مانگی رابردوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو " هاوپەیمانێتی جەماوەر " ی لەگەڵ حزبەكەی ئەردۆغاندا پێکهێنا، لە وتەیەكیدا لەبەردەم پەرلەمانتارانی حزبەكەی لە ئەنكەرەی پایتەخت راشیگەیاند حزبەكەی بە پێویستی دەزانێت هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی پێشبخرێت، لەو روانگەیەوە كە نالۆژیكییە وادەی هەڵبژاردن زۆر دووربكەوێتەوە.
دەستبەجێ‌ دوای لێدوانەكەی باخچەلی بۆ پێشخستنی وادەی هەڵبژاردن، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند سبەی چوارشەممە لەگەڵ باخچەلی كۆدەبێتەوە.
هاوكات بەكر بۆزداغ وتەبێژی حكومەتی توركیا سەبارەت بە پێشنیارەكەی باخچەلی وتی " ئەو پرسە ماوەیەكە لە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدانەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و لە داهاتوودا لێدوانی لەبارەیەوە بڵاودەكرێتەوە."
ساڵی رابردوو پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا " AKP" بە پشتیوانی حزبەكە باخچەلی پرۆژە یاسای گۆڕینی سیستمی دەسەڵاتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی تێپەڕاند و بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش ئەو سیستمە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە یاساكەدا دەسەڵاتی زۆر بە سەرۆك كۆماری توركیا بەخشراوە و بە وتەی لێدوانێكی پێشووتری ئەردۆغانیش هەڵبژاردنە ناوخۆیی و گشتی و سەرۆكایەتی توركیا داهاتووی ئەو وڵاتە بۆ نیو سەدە دیاریدەكات.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand