Draw Media

سێ پەرلەمانتاری گۆڕان: لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین

سێ پەرلەمانتاری گۆڕان: لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین

2019-06-19 19:43:40


درەو میدیا:
سێ پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی رونكردنەوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەدەنەوەو دەڵێن" لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین"

لە رونكردنەوەیەكدا هەریەك لە (هۆشیار عەبدوڵا، د.غالب محەمەد و كاوە محەمەد) پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لە عێراق رایدەگەیەنن" روونكردنەوەكەی ئەمڕۆ (٢٠١٩/٦/١٩)ی بزووتنەوەی گۆڕان، وەك ناوەرۆك و وەك نەفەس، رێك پێچەوانەی دید و دنیابینی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، ئەو دۆسێیانەیش كە قسەی لەسەر كردبوون، تەواو پەیوەستن بە ئێمەی پەرلەمانتارانی بەغدا كە بەردەوام و بەتایبەتیش لەم ماوانەی دواییدا كار و قسەی جدیمان لەسەر كردوون"
..................
لەبارەی روونكردنەوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان-ەوە

روونكردنەوەكەی ئەمڕۆ (٢٠١٩/٦/١٩)ی بزووتنەوەی گۆڕان، وەك ناوەرۆك و وەك نەفەس، رێك پێچەوانەی دید و دنیابینی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، ئەو دۆسێیانەیش كە قسەی لەسەر كردبوون، تەواو پەیوەستن بە ئێمەی پەرلەمانتارانی بەغدا كە بەردەوام و بەتایبەتیش لەم ماوانەی دواییدا كار و قسەی جدیمان لەسەر كردوون، پێشتر هاوڕێمان هۆشیار عەبدوڵا لەوبارەیەوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، بەڵام بەپێویستمانزانی لێرەوە بە تەواوی گۆڕانخوازان و رایگشتی رابگەیەنین كە ئەم روونكردنەوەیە تەعبیر لەرای هەرسێكمان (هۆشیار عەبدوڵا، د.غالب محەمەد و كاوە محەمەد) دەكات و هەموو لایەكیش لەبەردەوامبوونمان لەسەر ئەو رێگەیە دڵنیا دەكەینەوە:

رونكردنەوەیەكی پێویست

بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی كوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم كە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ رازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆرینی ریشەیی تێداكردوە.

نەوت ؛ سامانێكی سروشتی و موڵكی خەڵكی كوردستانە. دەبێ داهاتەكەشی بۆ خەڵكی كوردستان بێت،هەر داكۆكیەك لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەم شیوازەی ئێستای لە دیدی ئێمەدا تاوانێكی نیشیمانیی گەورەیە.

هەڵبەتە لە بەغداد ، ئێمە داكۆكی لە مافی دەستوری هەرێم دەكەین لە بواری نەوت و وزە و چۆنێتی دابەشكردنی داهات لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بە شیوەیەك لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەلەی پێوەبكرێت.

ئێمە جگە لەوەی كە داوامانكردوە كێشەی نەوت بە دەستور و یاسا چارەسەر بكرێ و دوربگیرێ لە رێكەوتنی سیاسیی ژێر بە ژێر شتێكی ترمان نەگوتوە ئیدی ئەم هەمو هاوئاوازیە لەگەڵ مافیاكانی نەوت بۆ ؟!

ئەوانەی دژی ئەجێندای مافیاكانی نەوت دەوەستنەوە خەریكی خۆنواندن و موزایەدە نین بەڵكو ملیان لە چەقۆ دەسون و موجازەفە بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە دەكەن ئەوەش تەنها لە پێناوی گوتنی راستیەكاندا،چونكە لە ئێستادا و لەم سەردەمە تاریكەی هەرێمدا هیچ شتێك لەوە ئاسانتر نیە بێدەنگ بیت و دەست بەكڵاوەكەتەوە بگری با نەیبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەدایكبو بۆ ئەوەی كۆتایی بە بێدەنگی بهێنێت و دەبێ هەرواش بمێنیتەوە.

لێرەوە سەرلەبەری ئەو نەفەسە رەتدەكەینەوە كە رونكردنەوەكەی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی بزوتنەوەی گۆڕانی پێنوسراوە ، ئەم جۆرە لە پاكانەكردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانی نەوتی هەرێم بزوتنەوەی گۆڕان بێبەریە لێی جا هەر كەسێك لە هەر ئاستێكی بزوتنەوەكەدا نوسیبێتی.

چاوەرێبوین و (بریاریش وابو)! كە گۆڕان بە رونكردنەوەیەك پشتیوانی هەوڵەكانمان بێت نەك بە كۆمەلێك قسەی لاستیكی داكۆكی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بكات و هیچ ئاماژیەك بەو هەمو تاڵانی و تاوانە نەدات كە بە نەوت و داهاتەكەیەوە دژی خەڵكی كوردستان كراوە و دەكرێت .

هەركەسێك بگەرێتەوە بۆ ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان،بەرنامە سیاسیەكەی،ئامانجەكانی،میدیاكەی دەزانێت كە ئەوەی ئێمە دەیكەین و دەیڵێن سیاسەتی راستەقینەی گۆڕانە،هەربۆیە بە بێ هیچ دودڵەیەك لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین.

لەگەڵ رێزدا
كاوە محەمەد
د.غالب محەمەد
هۆشیار عەبدوڵا

۱۹ی حوزەیرانی ۲٠۱۹
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand