Draw Media

یەكێتی‌و پارتی لە رێككەوتن نزیكدەبنەوە

یەكێتی‌و پارتی لە رێككەوتن نزیكدەبنەوە

2019-06-19 19:12:50


راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف 

فڕۆكەوانێكی سوپای عێراق كە تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە شاڵاوەكانی ئەنفال خەریكە دەبێت بە كاندیدی هاوبەشی یەكێتی‌و پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد بڵاودەكاتەوە.
وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییەكانی نزیكبوەتەوە، مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بە پێكهێنانی كابینەی نوێ، دەیەوێت بەر لە كۆتایی ئەم مانگە لیستی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان بخاتەبەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە.
بەرپرسانی یەكێتی باسلەوەدەكەن، ئەگەر هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارتی رەزامەندی لەسەر كاندیدێكی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەرنەبڕێت، یەكێتی بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لایەنەكان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستەكان پێشكەشی مەسرور بارزانی بكەن، هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی نیشتمانی هەوڵێكی نوێی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك دەستپێكردووە.

فڕۆكەوانێك پارتی‌و یەكێتی رێكدەخات 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا ژمارەیەك بەرپرسی باڵای یەكێتی ناوی (فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین) فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقیان هێناوەتە پێشەوە وەكو كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك‌و پارتیش رەزامەندە بە كاندیدكردنی.
(درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا لە پشتی پەردەوە هەوڵی چڕ هەیە بۆ ئەوەی كۆدەنگییەك لەناو سەركردایەتی یەكێتی دروستبكرێت لەسەر كاندیدكردنی (فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟
ئەم پیاوە كە ئێستا بڕیارە ببێت بە كاندیدی هاوبەشی پارتی‌و یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە، ئێستا تەمەنی خانەنشینبوونی نزیكبووەتەوە.
فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كردووە‌و لەوێ دەمێنێتەوە، دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە.
فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراق‌و لەماوەی جەنگی عێراق- ئێران‌و جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووە‌و فڕۆكەوان بووە‌و فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە.
ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بەهێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كورد كردووە‌و ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوە‌و داوای دەستگیركردن‌و سزادانیان دەكات.
فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتی‌و ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی..".
ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمان‌و حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لە بەغداد بووە‌و كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە.
ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق.
پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە.
دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوك‌و سلێمانی‌و تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد.
فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە.

 

زیاتر لە 40 كاندید بۆ پۆستێك !
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتەبەردەم پارتی دیموكراتی كوردستان‌و هەموو ئەو ناوانە رەتكراوەتەوە.
پارتی دەڵێت هیچ كەسێك لەوانە وەكو پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكات كە لەڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تێوەگلاون یاخود پاڵپشتییان كردووە، پارتییەكان دەستەواژەی "ئۆكتۆبەرچی" بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێنن‌و وەكو "خیانەتكار" ناویان دەبەن.
پارتی تائێستا بەفەرمی یەك ناوی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵكردووە كە ئەویش (فەرەیدون عەبدولقادر) ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە،  بەڵام یەكێتی رەتیكردەوە.
یەكێتی كە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستدا، ئێستاش ئەو پۆستە بە پشكی خۆی دەزانێت، دیارترین ئەو ناوانەی یەكێتی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك پێشكەشی پارتی كردووە ئەمانەن:
•    رزگار عەلی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
•    رەفعەت عەبدوڵا- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
•    ئاسۆ ئەڵمانی- بەرپرسی مەڵبەندی كەركوك‌و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
•    خالید شوانی- ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی
•    كاكە رەش سدیق- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، یەكێتی
•    ئەحمەد عەسكەری- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك- یەكێتی
•    رەوەند مەلا مەحمود- جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك
•    لیوا جەمال تاهیر- بەرپرسی پێشووی پۆلیسی كەركوك، یەكێتی
•    دكتۆر عومەر ئینجە- جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك، یەكێتی

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand