Draw Media

بارەگای بارزانی: مەحمود سەنگاوی مافیاو تاڵانچییە

بارەگای بارزانی: مەحمود سەنگاوی مافیاو تاڵانچییە

2019-06-18 18:44:39



درەو میدیا:
بارەگای بارزانی بە توندی وەڵامی لێدوانەكەی مەحمود سەنگاوی دەداتەوەو رونكردنەوەكەی وتەبێژی یەكێتیش بە شەرمنانە ناو دەبات.
لە رونكردنەوەیەكدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی، دەڵێت" وتەكانی مەحمود سەنگاوی كە لە ئەو پەڕی نزمی و بێ ئاستیدا بوون، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە. چونكە مێژوو و كردەوەكانی ئەو كەسە دیار و ئاشكرایە و، مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە"
سەبارەت بە رونكردنەوەكەی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش سەبارەت بەوەی قسەكانی مەحمود سەنگاوی گوزارشت لە بۆچونی خۆی دەكات، رونكردنەوەكەی بارەگای بارزانی دەڵێت" بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و وتەبێژەكەی زۆر جوانتر بوو بێ دەنگ بانە نەك ئەوەی بەیاننامەیەكی شەرمنانە و بێ ناوەڕۆك لە بەرانبەر وتەكانی تاڵانچییەك بڵاو بكەنەوە كە بە نەفەسی تێكدانی ڕەوشی كوردستان و شێواندنی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتیی خەڵك قسەی كردووە"

رۆژی 16/6/2019 مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەردەم پێشمەرگە دێرینەكانی گەرمیان، زۆر بە توندی هێرشی كردە سەر مەسعود بارزانی و بە " پیاوێكی بچوك" وەسفیكرد، مەحمود سەنگاوی ئاماژەی بەوەشكردووە"  كاك مەسعود شەرم ناكات خۆی لە یەكێتی بە گەورەتر دەزانێت، ئەگەر سیاسەتی پارتی بەو شێوەیە بێت هیچ مانعمان نیە بۆ دوو ئیدارەیی و قبوڵی ناكەین پارتی نەوت بدزێ و مامۆستای ئێمە نیوموچە وەربگرێت
لەلایەن خۆشیەوە وتەبێژی رەسمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند" ئەو وتانەی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی كە بڵاوكراوەتەوە، گوزارشت لە هەڵوێست‌و سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات"


دەقی وتەكەی مەحمود سەنگاوی 

دەقی رونكردنەوەكەی بارەگای بارزانی
وتەكانی مەحمود سەنگاوی كە لە ئەو پەڕی نزمی و بێ ئاستیدا بوون، ئەوە ناهێنێ وەڵام بدرێتەوە. چونكە مێژوو و كردەوەكانی ئەو كەسە دیار و ئاشكرایە و، مافیا و تاڵانچی و بكوژ هی ئەوە نین وەڵامیان بدرێتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و وتەبێژەكەی زۆر جوانتر بوو بێ دەنگ بانە نەك ئەوەی بەیاننامەیەكی شەرمنانە و بێ ناوەڕۆك لە بەرانبەر وتەكانی تاڵانچییەك بڵاو بكەنەوە كە بە نەفەسی تێكدانی ڕەوشی كوردستان و شێواندنی ئاسوودەیی كۆمەڵایەتیی خەڵك قسەی كردووە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی

18ـی 6ـی 2019


دەقی رونكردنەوەكەی وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
دەقی روونكردنه‌وه‌کە:

به‌ هه‌موو لایه‌كی راده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و وتانه‌ی هه‌ڤاڵ مه‌حمود سه‌نگاوی كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، گوزارشت له‌ هه‌ڵوێست‌و سیاسه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات. 
ئێمه‌ سه‌ره‌رای رێزی تایبه‌تیمان بۆ كاك مه‌سعود بارزانی، په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستانه‌ی مێژوویی كۆمان ده‌كاته‌وه‌. ئێستاش به‌په‌رۆشه‌وه‌، پێكه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ پته‌وكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌نێین ‌و هه‌ر دوێنێش له‌میانی كۆبونه‌وه‌ی وه‌فدی دانوستانكاری هه‌ردوولاماندا، جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی فه‌راهه‌مكردنی كه‌شێكی ئارام و هێورو دۆستانه‌ كرایه‌وه‌، تا بتوانین پێكه‌وه‌ به‌ یه‌كگرتووی رووبه‌رووی مه‌ترسیه‌كان ببینه‌وه‌و، په‌له‌ بكه‌ین له‌ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنه‌كانی نێوانماندا. 
دیسانه‌وه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ته‌نها لێدوان‌و وته‌كانی ووته‌بێژی ره‌سمی یه‌كێتی گوزارشت له‌ ڕاو بۆچوون‌و هه‌ڵوێستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كات. 
له‌گه‌ڵ رێزدا...

وته‌بێژی ره‌سمی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
18/6/2019


 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand