Draw Media

مەسرور بارزانی 28ی مانگ كابینەكەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان

مەسرور بارزانی 28ی مانگ كابینەكەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان

2019-06-18 16:57:46


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
مەسرور بارزانی بەر لە كۆتایی ئەم مانگە لیستی كاندیدی لایەنەكان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان لەكابینەی نوێی حكومەت دەخاتەبەردەم پەرلەمان، حزبی سۆسیالیست یەكەمین لایەنە كە كاندیدی خۆی بۆ حكومەت یەكلاكردوەتەوە، یەكێتی چاوی لە رەزامەندی پارتییە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، بزوتنەوەی گۆڕانیش هەفتەی داهاتوو كاندیدەكانی یەكلادەكاتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا نوێترین پەرەسەندنەكانی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بڵاودەكاتەوە.
دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە رۆژی 11ی ئەم مانگەدا، دوێنێ مەسرور بارزانی بۆ یەكەمجار سەردانی سلێمانی كرد.
مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەدوای راسپاردنیەوە بەپێی یاسا تەنیا ماوەی (30) رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی وەزارەتەكانی حكومەتەكەی بە پەرلەمان، یەك هەفتە لەوادە یاساییەكەی تێپەڕیوە، هێشتا هیچ ئاسۆیەك دیارنییە.

مەسرور بارزانی چی دەكات ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەستیكەوتووە، مەسرور بارزانی بەنیازە لەناوەڕاستی ئەو ماوە یاساییەی كە لەبەردەستیدایە، لیستی كاندیدی پۆستەكانی حكومەت بخاتەبەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، واتە بەدیاریكراوی دەیەوێت رۆژی 28ی ئەم مانگە لیستی كاندیدەكان پێشكەش بكات.
سەرەتای مانگی داهاتوو، پەرلەمانی كوردستان دەكەوێتە پشووی وەرزییەوە، ئەم پشووە ماوەی دوو مانگ بەردەم دەبێت، بۆیە مەسرور بارزانی دەیەوێت لە 28ی ئەم مانگەدا لیستی كاندیدەكان پێشكەش بكات، پەرلەمانیش ئەوكات تەنیا (2) رۆژی لەبەردەمدا دەبێت بۆ متمانەبەخشین بە كابینەی حكومەت‌و سوێندخواردنی وەزیرەكان، ئەگەر وەرزی یاسادانان درێژنەكرێتەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، هەڵوێستی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە، وەرزی یاسادانانی پەرلەمان درێژنەكرێتەوە‌و كابینەی حكومەت لەوادەی دیاریكراودا متمانە وەرگرێت.

حكومەت بەبێ یەكێتی !
دوێنێ مەسرور بارزانی بەسەرۆكایەتی وەفدێك گەیشتە سلێمانی، وەفدەكە سەرەتا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی بەپێچەوانەی كۆبونەوەكانی پێشتری نێوان وەفدی پارتی‌و یەكێتی، موجامەلەی وەفدەكەی مەسرور بارزانییان كردووە، ئەم موجامەلەكردنە لەلایەن وەفدەكەی مەسرور بارزانییەوە والێكدراوەتەوە یەكێتی كێشەی نییە‌و بەشداری حكومەت دەكات.
وەفدەكەی مەسرور بارزانی كە دواتر لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەتەوە، گەشبینی خۆی لەبارەی كۆبونەوەكەی لەگەڵ یەكێتی بە بزوتنەوەی گۆڕان گەیاندووە.
بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێشتر ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی" یەكێتی بەبێ دانانی پارێزگاری كەركوك، كاندیدەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی هەرێم پێشكەشی مەسرور بارزانی ناكات".
ئێستا بۆچوونی بەهێز لەناو یەكێتی ئەوەیە، یەكێتی پێشتر بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كردوو‌و دواتریش دەنگی داوە بە مەسرور بارزانی وەكو كاندیدی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام نابێت چیتر لەمە زیاتر نەرمی بنوێنێت‌و ئەگەر پارێزگاری كەركوك كە یەكێتی بە پشكی خۆی دەزانێت، هاوتەریب لەگەڵ پێدانی متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت لە پەرلەمان، دانەنرێت، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات.

پارتی چی دەكات ؟
پارتی تاوەكو ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە سورە لەسەر ئەوەی ئەو كاندیدەی كە یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری پێشكەشی دەكات، دەبێت دڵخوازی پارتیش بێت.
یەكێتی تائێستا ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی خستوەتە بەردەم پارتی‌و هەموو ناوەكان رەتكراونەتەوە، رەنگە لەچەند رۆژی داهاتوودا هەندێك ناوی تر لەنێوان هەردوولا تاوتوێ بكرێت.
ئەگەر تا ئەو وادەیەی كە مەسرور بارزانی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان پێشكەشی پەرلەمان دەكات، پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رێكنەكەون، یەكێتی بەشداری حكومەت ناكات، بەڵام پارتیش كابینەكە پەكناخات.
مەسرور بارزانی هاوشێوەی كابینەی هەشتەم، ناوی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستەكان لەكابینەی حكومەت بەبەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا ئەوكاتەی یەكێتی پەیوەندی بە حكومەتەوە دەكات، واتە پارتی ئەمجارەش یەكێتی بەجێدەهێڵێت.
بەپێی ئەو پلانەی كە مەسرور بارزانی هەیەتی، دەبێت ئەو لایەنانەی كە بەشداری حكومەت دەكەن هەفتەی داهاتوو ناوی كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن.  
تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا تاوەكو ئێستا پارتی لە دوو وێستگەی هەستیارانەدا یەكێتی بەجێهێشتووە، واتە بەبێ بەشداری یەكێتی هەنگاوی خۆی هەڵگرتووە:
وێستگەی یەكەم:
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی (18ی شوبات)دا بەبێ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، یەكێتی تائێستا ئەو پۆستەی وەرنەگرتووە‌و پارتی خۆی بەشێوەی كاتی پۆستەكەی پڕكردوەتەوە.
وێستگەی دووەم:
هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم كوردستان لەناو پەرلەمان لە رۆژی (28ی ئایار)دا، بەبێ بەشداریكردنی فراكسیۆنی یەكێتی، پارتی سەرباری ئەوەی كاری بۆ ئەوەدەكرد نێچیرڤان بارزانی دەنگی زۆرینەی فراكسیۆنەكان بەدەستبهێنێت، بەڵام كاتێك لەسەر پرسی كەركوك لەگەڵ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن، بەبێ گوێدانە یەكێتی، خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و پێكهاتەكاندا پۆستی سەرۆكی هەرێمی یەكلاكردەوە.

گۆڕان‌و مەسرور بارزانی
لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی‌و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، مەسرور بارزانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە سلێمانی.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان دڵنیاییان بە مەسرور بارزانی داوە كە لە وادەی خۆیدا كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان رادەست دەكەن.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بەر لە گەیشتنی وەفدەكەی مەسرور بارزانی بۆ گردی زەرگەتە، لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردسان وتی:" لەچەند رۆژی داهاتوودا كاندیدەكانمان بۆ كابینەی نوێی حكومەت یەكلادەكەینەوە".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەپێی دەستوری بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حیزبەكەدا، كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان.
بزوتنەوەی گۆڕان لیژنەكی (13) كەسیی پێكهێناوە بۆ پۆختەكردنی ناوی ئەوانەی كە سیڤییان بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان پێشكەشكردووە، ئەركی ئەم لیژنەیە ئەوە بۆ هەر پۆستێك تەنیا ناوی (3) كاندید بخاتە بەردەم جڤاتی نیشتمانی، بۆ ئەوەی جڤاتەكە لەنێوان هەر سێ كەسێكدا، یەكێكیان بە زۆرینەی دەنگ كاندید بكات بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.
مەسرور بارزانی دوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، سوپاسی گۆڕانی كرد كە "پابەند بووە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی".

سۆسیالیست لە حكومەتدا
مەسرور بارزانی لە دووەم وێستگەی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی، لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیس دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.
حزبی سۆسیالیست ئێستا هاوپەیمانی فەرمی پارتییە‌و تاكە نوێنەرەكەی لە پەرلەمان چووەتە پاڵ فراكسیۆنی پارتی‌و ژمارەی كورسییەكانی پارتی بۆ (46) كورسی بەرزكردوەتەوە.
حزبی سۆسیالیست بە یەك كورسی پەرلەمانەوە، كورسییەكی وزاری لە كابینەی مەسرور بارزانیدا مسۆگەر كرد، كە پۆستی وەزارەتی كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانە.
سۆسیالیست یەكەمین حزبی كوردییە كە هەر لەئێستاوە كاندیدی خۆی بۆ پۆستە وزارییەكە یەكلاكردوەتەوە، كە (عەبدوڵای حاجی مەحمود) برای محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبەكەیە.
سۆسیالیست كورسییەكی لە حكومەت وەرگرت، بەڵام تاكە كورسییەكەی لە پەرلەمان لەدەستدەدات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، عەبدوڵای حاجی مەحمود كە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی وەزیری كاروباری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان، باپیر كامەلا شوێنەكەی پڕدەكاتەوە، كە سەرۆكی پارتی كرێكاران‌و رەنجەدەرانی كوردستانە.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان (30ی ئەیلول)، حزبی سۆسیالیست‌و پارتی كرێكاران‌و رەنجدەران‌و یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان كە غەفور مەخموری سەرۆكایەتی دەكات، بەیەك لیست بەشدارییان كرد، هەرسێ لایەنەكە پێكەوە یەك كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا.
بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان لایەنەكانی ئەو هاوپەیمانێتییەدا كرا، بڕیاردرا ئەگەر حزبی سۆسیالیست پۆست لە حكومەت وەرگرێ، كورسییەكەی پەرلەمان بدات بە پارتی كرێكاران‌و رەنجدەران.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand