نەجمەدین كەریم چۆن ئازادكرا؟
2019-06-17 15:50:01
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف
نەجمەدین كەریم.. ئەو پیاوەی كە رۆژگارێك خەونی ئەوەی هەبوو لە نێوان عێراقو هەرێمی كوردستاندا هەرێمێكی سەربەخۆ بەناوی " هەرێمی كەركوك" پێكبهێنێتو خۆی سەرۆكایەتی بكاتو پرۆژەی هەرێمەكەشی ئامادەكردبوو، ساڵی 2017 كتوپڕ هەڵوێستی خۆی گۆڕیو ئەمجارەیان هەوڵیدا كەركوك بەبێ رەزامەندی بەغداد بلكێنێت بە " دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان" ەوە، بەڵام رەشەبا بە پێچەوانەی ئاراستەی چارۆكەكەی كەشتییەكەیەوە هەڵیكردو ئەوی لە خەونی كورسی سەرۆكایەتیكردنی " هەرێمی كەركوكەوە" بردە بەردەم واقیعی تاڵی هەڵاتنو خۆشاردنەوە لە پرۆسەی دادگاییكردن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری چۆنیەتی ئازادكردنی نەجمەدین كەریم لە پۆلیسی ئینتەرپول لە بەیروت بڵاودەكاتەوە.
لە بەیروتەوە بۆ هەولێر
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركوك دوای رۆژێك لە ئازادبوونی لە لوبنانو گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان، لە بارەگای بارزانی لە پیرمام چاوی بە مەسعود بارزانی كەوت.
دوای سێ هەفتە لە دەستبەسەربوون لە بەیروتی پایتەخت لوبنان لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە، دوێنێ نەجمەدین كەریم گەڕایەوە هەولێری پایتەختی هەرێم، لەدوای گەڕانەوەیەوە تائێستا هیچ قسەیەكی دەربارەی چۆنیەتی دەستبەسەركردنیو ئازادبوونی نەكردووە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك بە (درەو میدیا)ی راگەیاند دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەرپرسانی حزبیو حكومی هەرێم، نەجمەدین كەریم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زانیاری لەسەر دۆسیەكەیو ئازادكردنی بۆ رای گشتی ئاشكرابكات.
(درەو میدیا) چەندجارێك پەیوەندیكرد بە نەجمەدین كەریمەوە، بەڵام وەڵامی هیچكام لە پەیوەندییەكانی نەدایەوە.
چۆن ئازادكرا؟
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی جیاجیاوە دەستیكەوتوون، نەجمەدین كەریم بە فێڵێكی یاسایی لە لوبنان ئازادكراوەو لە پۆلیسی ئینتەرپوڵ بەو جۆرە ئازادكراوە كە بۆ دادگاییكردن دەگەڕێندرێتەوە عێراقو هەولێریش بەشێكە لە عێراق، بەڵام ئێستا بەرپرسانی پارتی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆئەوەی پرۆسەی دادگاییكردنی نەجمەدین كەریم لە بەغدادەوە بگوازنەوە بۆ هەولێر.
بەرپرسانی پارتی بۆ گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم بۆ هەولێر بڕێكی زۆر پارەیان خەرجكردووەو ئامادەشن بۆ گواستنەوەی پرۆسەی دادگاییكردنەكەی لە بەغدادەوە بۆ هەولێر بڕێكی زیاتر پارە خەرجبكەن.
تۆمەتەكانی نەجمەدین كەریم چین؟
بەپێ زانیارییەكان نەجمەدین كەریم تا ئەوكاتەی كە پارێزگاری كەركوك بووەلە 2014ەوە تا روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو دواتریش لەسەر ( 64) تۆمەت سكاڵای لەسەر تۆماركراوەو لە دادگاكان دۆسیەی لەسەر كراوەتەوە، لەم ژمارەیە (50) سكاڵایان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە تۆماركراون, مێژووی ئەم سكاڵایانەش دەگەڕێتەوە بۆئەو كاتەی كە نەجمەدین كەریم وەكو پارێزگارێكی سەربە یەكێتی لە كەركوك لە ململانێیەكی تونددا بوو لەگەڵ پارتی.
لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 نەجمەدین كەریم بووە پاڵپشتێكی سەرسەختی مەسعود بارزانی لەو پرسەداو تائەو ئاستەی سەركێشی بە چارەنوسی سیاسی خۆیەوە كردو پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆی هەرێمی كوردستانی بردە ناو كەركوكەوەو ئەمەش دواتر بووە پاساوی سەرەكی دەسەڵاتدارانی بەغداد بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامی ریفراندۆمەكەو دواتریش لەشكركێشی بۆسەر ناوچە جێ ناكۆكەكانو كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی نەجمەدین كەریم وەك پارێزگاری كەركوك لێكەوتەوە.
كاتی لەشكركێشی سوپای عێراق بۆسەر پارێزگای كەركوك سەرەتای سەرهەڵدانی ناكۆكی نەجمەدین كەریم بوو لەگەڵ بڕیاربەدەستدانی حزبەكەی، ئەو كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا داوای لە هێزەكانی یەكێتی كرد بەرەنگاری سوپای عێراق ببنەوەو بەرگری لە كەركوك بكەن ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی رەسمی حزبەكەی بوو.
نەجمەدین كەریم لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەردا لەجیاتی ئەوەی بەرەو سلێمانیو ناوچەكانی جێ نفوزی حزبەكەی هەنگاونبێت رویكردە هەولێرو لەوێ نیشتەجێ بوو.
دیارترین ئەو تۆمەتانەی كە لە سكاڵاكاندا ئاراستەی نەجمەدین كەریم كراون بریتین لەمانەی خوارەوە:
* هاندان بۆ رووبەڕووبونەوەی سوپای عێراق لەكاتی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا.
* ئیختیلاسو بەهەدەردانی پارە لە پرۆژەكانی:
- دروستكردنی باڵەخانەی پارێزگای كەركوك
- سەرجەم پڕۆژە وەبەرهێنەكان
- پڕۆژەی " صقر" كەركوك
- پڕۆژەی كامێرای چاودێری ناو شاری كەركوك-
- كڕینی زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێل بۆ پارێزگاری كەركوك
- دروستكردنی ژمارەیەك باخچە بە بڕی ( 40) ملیار دینار
- دروستكردنی (8) پردی پەڕینەوە لە ناو شار
- دانانی قەپان لە دەروازەكانی كەركوك
- دانانی هەزاران ستونی كارەبای بە كوالیتی خراپ
- دروستكردنی " نەخۆشخانە حەویجە"
- دروستكردنی شەقامی "بازنەیی"، شەقامی " شاری یاری كەركوك"، هەر چوار دەروازەكەی كەركوك
- باڵەخانەی دادگای كەركوك، باڵەخانەی ناسنامەی باری شارستانی، شەقامی " صفە الشرقیە"
- پێویستیەكانی محەتەی كارەبای كەركوك، بۆیاخی گەرمی دەر، باڵەخانەی خانوبەرەی دوبز، ڕۆشنكەرەوەكانی بازاڕی دوبز
- دروستكردنی باڵەخانەی دابەشكردنی كارەبای كەركوك
پێشبیندەكرێت پارتی بۆ رزگاركردنی نەجمەدین كەریم لەو تەنگژەیەی تێیكەوتووە، سەرەتا سەرجەم ئەو سكاڵا یاسایاییانە بكشێنێتەوە كە خۆی لەدژی تۆماریكردونو بە گوێرەی زانیارییەكان نزیكەی 18 سكاڵای كشاندوەتەوە.
جگە لە كشاندنەوەی سكاڵاكان هەندێك زانیاری باس لەوەدەكەن كە پارتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا پۆستی وەزارەتێك دەداتە نەجمەدین كەریمو كە زانیارییەكان باس لە وەزارەتی تەندروستی دەكەن.
نەجمەدین كەریم لە رۆژی 16ی شوباتی 2018 لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە بڕیاری دوورخستنەوەی لە ریزەكانی یەكێتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبەوە، وازهێنانی لە یەكێتی راگەیاند، بەڵام تائێستا بە فەرمی پەیوەندی نەكردووە بە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.
كاردانەوەكان
ئازادكردنو گەڕاندنەوەی نەجمەدین كەریم بۆ هەولێر، كاردانەوەی جیاجیای حزبو فراكسیۆنە جیاوازەكانی عێراقی لێكەوتەوە، هەندێك لایەنو كەسایەتی سیاسیی نیگەرانن توڕەنو داوا لە عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆك وەزیرانو سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی دەكەن رونكردنەوە بداتو هەوڵبدات نەجمەدین كەریم بگەڕێندرێتەوە بەغداد بۆ دادگاییكردنی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی كراون.
چەندین كەسایەتیو فراكسیۆن و پەرلەمانتار ناڕەزایەتی خۆیان بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریمو گەڕاندنەوەی بۆ هەولێر دەربڕیوە، لەوانە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی، غالب محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، عەلی سنێد پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر.
كەركوكو كەتەلۆنیا
هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان، لە ئیسپانیا هەرێمی كەتەلۆنیا ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامداو دوای پرۆسەكە سەرۆكایەتی ئەو هەرێمە بێ گوێدانە كاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا تاكلایەنە لەناو پەرلەمانی هەرێمەكەوە سەربەخۆیی راگەیاند.
بەهۆی ئەم بڕیارەوە حكومەتی مەدرید فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەركردە جوداخوازەكانی كەتەلۆنیا دەركردو ئەو كاتە ژمارەیەكیان دەستگیركراو ژمارەیەكی تر لە ترسی دادگا هەرێمەكەیان بەرەو ئەوروپا بەجێهێشتو هەمویان بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە و لێكەوتەكانیان لە ئەستۆگرت و پرۆسەی دادگاییكردنی سەركردەكانی كەتەلۆنیا ئەم مانگە كۆتایی هات.
بەڵام لە هەرێمی كوردستان داری ریفراندۆم و خەونی سەربەخۆیی زیاتر لە سەری خەڵكی كەركوكو ناوچە دابڕێندراوەكانو پارێزگای كەركوكدا شكێنرایەوە، نەجمەدین كەریم تاكە كەسە كە باجی سازدانی ریفراندۆم دەدات و قوربانیی ژمارە یەكی ئەو پرۆسەیە، ئەمە بەدەر لە هەندێك كەسی تایبەتی گەندەڵی كە پێشتر لەسەری تۆماركراوە ئێستا بۆی زیندووكراوەتەوە.
پرۆفایلی نەجمەدین كەریم
ناوی سیانی: نەجمەدین عومەر كەریم
- ساڵی ١٩٤٩ز لە گەڕەكی رەشیداوەی كەركووك لە دایكبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندی لە كەركووك تەواو كردووە
- ساڵی 1971 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە پزیشكی گشتیدا لە زانكۆی موسڵ بەدەستھێناوە.
- ساڵی ١٩٧٢ بووە بە پێشمەرگەو ساڵی 1976 بووە بە پزیشكی تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی.
- لەگەڵ مستەفا بارزانیدا چووەتە ئەمریكاو لەوێ بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری نەشتەرگەری سیستمی دەماری لە زانكۆی جۆرج واشینتۆن بەدەستهێناوە.
- ساڵی ٢٠٠٩ بەیەكجاری گەڕایەوە عێراقو لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا
-ساڵی 2010 لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا سەرۆكایەتی لیستی كوردستانی دەكرد لە پارێزگای كەركووك و دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عێراق بەدەستھێنا.
- سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠١١دا، بووە پارێزگاری كەركوكو دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە پۆستەكەی دوورخرایەوە.