" پەیوەندییەكانی مۆسكۆ و خۆرئاوا زۆر لە كاتی جەنگی سارد خراپترە "
2018-04-16 19:18:35
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایدەگەیەنێت روسیا و وڵاتانی خۆرئاوا رووبەڕووی دۆخێك و هەڵوێستێكی زۆر خراپتر بوونەتەوە بە بەراورد بە كاتی جەنگی سارد، ئەوەش بەهۆی نەبوونی كەناڵەكانی پەیوەندیدكردن لە نێوانیاندا لەمیانی قەیرانی سوریادا.
لاڤرۆڤ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ " بی بی سی " رەتیشیكردەوە مۆسكۆ هیچ دەستوەردان یان دەستكارییەكی بەڵگەكانی شوێنی هێرشە كیمیاییەكەی شاری دومای سوریا كردبێت لە ناوچەی غوتەی خۆرهەڵاتی نزیك دیمەشق، كە بووە هۆی ئەوەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا شەممەی رابردوو هێرشبكەنە سەر چەند دامەزراوەیەكی سوریا.
لاڤرۆڤ وتی:" دەتوانم جەختبكەمەوە كە روسیا هیچ دەستكارییەكی شوێنەكەی نەكردووە."
ئەو چاوپێكەوتنەی لاڤرۆڤ لە كاتێكدایە كە رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمیی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ تاوتوێكردنی سوریا ئەنجامدەدات و پشكنەرانی ئەو رێكخراوە كە چوونەتە سوریا هەتا ئێستا نەیانتوانیوە بگەنە شوێنی هێرشە كیمیاییەكە لە دوما.
وەزیری دەرەوەی روسیا دووپاتیشیكردەوە كە هیچ هێرشێكی كیمیایی لە شاری دومای سوریا لە حەوتی نیسانی رابردوو رووی نەداوە و وتی:" بە راشكاوی دەڵێم كە هەرچی بەڵگە هەیە كە كۆكراوەتەوە پشتی بە راپۆرتی دەزگاكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەستووە."
لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا لاڤرۆڤ روونیكردەوە كە ئەو هێرشە رووی نەداوە و وتی:" ئەوەی روویدا شانۆگەرییەكی پلان بۆ داڕێژراوە."
هەروەها وەزیری دەرەوەی روسیا پرسیاری دەربارەی ئەو هۆكارانە كرد كە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هاندا رۆژێك پێش بڕیاری رەوانەكردنی پشكنەرانی نێودەوڵەتی بۆ شوێنی هێرشە كیمیاییەكە هێرشیان كردە سەر سوریا و دەربارەی هێرشە سێ قۆڵییەكەش لاڤرۆڤ دووپاتیكردەوە كە سێیەكی ئەو مووشەكانەی ئاراستەی سوریا كران واتە زیاتر لە 100 مووشەكە خراونەتە خوارەوە و ئامانجەكانیان نەپێكاوە.