گومانی دزیكردن هەیە.. لیژنەیەك لێكۆڵینەوە دەكات
2019-06-16 15:19:40
راپۆرت: درەو میدیا
تەنیها هەشت مانگە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان دەستبەكاربووە، بەگومانی دزیكردنو بەهەدەردانی دارایی گشتی، لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوەو لیژنەكە پشكنین بۆ شوقەو خانوی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بڵاودەكاتەوە.
لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ لێكۆڵینەوە لە گومانی (دزیكردن)و (بەهەدەردان)ی پارە لە پەرلەمانی كوردستان.
ئەمە لەكاتێكدایە، خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان تەنیا ماوەی (8 مانگو 15) رۆژە دەستبەكاربووە، لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا، پەرلەمان دەستیكرد بە ئامادەكردنو گۆڕینو چاككردنی كەلوپەلی شوقەو خانوی تایبەت بە پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە هەردوو گوندی (ئیتاڵیو شوقەكانی زەكەریا) لە شاری هەولێر.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، لیژنەكە بەفەرمانی ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان كوردستان، پێکهێنراوە..
لیژنەكە چۆن پێکهێنرا؟
لە گوندی ئیتاڵی، (6) خانو تایبەتكراوە بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانو جێگری سەرۆكی پەرلەمانو سكرتێری پەرلەمان هەریەكەیان (2) خانویان بۆ تەرخانكراوە، ئەم خانوانە كرێنو پەرلەمان كرێكەیان دەدات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی پەرلەمان، ڤالا فەرید (2) خانوەكەی تایبەت بە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە، لیژنەی كڕینی پەرلەمان، تاقمێك تەنەفەی بەبڕی (8 هەزارو 600 دۆلار) بە زمانی بازاڕ واتە (86) وەرەقە، بۆ خانوەكەی كڕیوە، پاش ماوەیەك ڤالا فەرید داوای گۆڕینی تاقمە قەنەفەكەی كردووەو تاقمێكی تریان بۆ هێناوە بەبڕی (9 هەزارو 600 دۆلار) واتە (96) وەرەقە.
لەم ئاڵوگۆڕەدا سەرۆكی پەرلەمان بۆی دەركەوتووە، لە كڕینی كەلوپەلی تایبەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا دزیكردنو بەهەدەردانی زۆر كراوە، بۆ ئەمەش بەراوردكاری نرخی ئەو قەنەفانەی كردووە كە بۆ خانوەكەی خۆی كڕدراونو نرخەكانیان لەبازاڕدا زۆر كەمتر بووە لەو نرخەی كە لەسەر پەرلەمان ئەژماركراوە.
لێرەوە، سەرۆكی پەرلەمان بڕیار دەدات بەدواداچوون بكرێت لەسەر خەرجییەكان.
ئەندامانی لیژنەكە كێن ؟
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرەتا ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمان فەرمانێكی دەركردووەو تێیدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ لیژنەی كڕینی پەرلەمانی تۆمەتباركردووە بە دزیكردنو بەهەدەردانی پارە، ئەمە لە كۆتایی مانگی ئایاردا بووە.
لەبەرامبەر ئەم فەرمانەی سەرۆكی پەرلەماندا، سەرۆكی لیژنەی كڕینو چاككردن لە پەرلەمانی كوردستان هەوڵیداوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازبكاتو تێیدا ئەستۆپاكی خۆی بسەلمێنێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان فەرمانێكی نوێی بۆ دروستكردنی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دەركردووە، واتە فەرمانی تۆمەتباركردنی راستەوخۆ گۆڕیوە بە فەرمانی لێكۆڵینەوە.
(درەو میدیا) زانیویەتی، لیژنەكە پێكهاتووە لە (4) كەس، كە ئەندامەكانی سەربە (پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی)ن، لەناویاندا (بەڕێوەبەری كاروباری پەرلەمانو بەڕێوەبەری وردبینی) هەن.
لیژنەكە چی دەكات ؟
ئەم لیژنەیەی كە بە فەرمانی سەرۆكی پەرلەمان پێكهێنراوە، ئەركەكەی بریتییە لە وردبینیكردن لە هەموو ئەو خەرجییانەی كە لیژنەی كڕینو چاككردنی پەرلەمان لەماوەی رابردوودا لە ئامادەكردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا خەرجیكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لیژنەكە پشكنینی نرخ بۆ هەموو ئەو كەلوپەلو پرۆسەی چاككردنەوانە دەكات كە بۆ شوقەو خانوی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی كراون، واتە دەچیتە ناو شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، ئەمە ئەگەر لیژنەكە روبەڕووی رێگریكردن نەبێتەوەو كارەكانی دوچاری ئاستەنگ نەكرێت.
خانوەكەی هێمن هەورامی
لیژنەكە پارەیەكی زۆری لە دوو خانوەكەی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە گوندی ئیتالی خەرجكردووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هێمن هەورامی دوو تاقم قەنەفەی ناوازەی ژوری پرۆتۆكۆڵی پەرلەمانی كوردستانی گواستوەتەوە بۆ خانووەكەی لە گوندی ئیتاڵی، نرخی قەنەفەكان (30 هەزار دۆلارە)، بە زمانی بازاڕ واتە (3 دەفتەر دۆلار).
سەرەرای ئەمە، بەبەهای (2 هەزارو 600) دۆلار، واتە (26 وەرەقە) كەلوپەلی وەرزشی بۆ خانوەكەی هێمن هەورامی كڕدراوە، ئەمە سەرباری خەرجییەكی زۆر كە لە ئۆفێسەكەیدا لەناو بینای پەرلەمان كراوە.
قەهوەچی لە توركیاوە هاوردەی دەكات !
مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمان، كە لە یەكێك لە خانوەكانی تایبەت بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندایە لە گوندی ئیتاڵی، هاوشێوەی ئەندامانی تری دەستەی سەرۆكایەتی، كەلوپەلی ناو ماڵەكەی گۆڕیوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، قەهوەچی لە توركیاوە كەلوپەلەكانی بۆ هێنراوەو بەهای پێداویستییەكانی ماڵەكەی (35 هەزار) دۆلار بووە، واتە (3 دەفتەرو 50 وەرەقە).
كێشە لە دەستەی سەرۆكایەتیدا !
بەپێی رێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە دەبێت، یەكێتی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوك كێشەی هەیە، بەوهۆیەوە تائێستا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرنەگرتووە.
بەهۆی نائامادەگی یەكێتییەوە، ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەتەواوەتی لەدەستی پارتیدایە، ڤالا فەرید بەشێوەی كاتیی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە تا ئەوكاتەی یەكێتی پۆستەكە وەردەگرێت.
پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەفەرمی لای پارتییەو هێمن هەورامی لە پۆستەكەدایە، پۆستی سكرتێری پەرلەمانیش تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەكان، لەناو پێكهاتەكان دراوە بە پێكهاتەی توركمانو مونا قەهوەچی لە پۆستەكەدایە كە كەسێكی دڵخوازی پارتییە.
سەرباری ئەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بەتەواوەتی بۆ پارتی یەكلابوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەم یەكڕەنگییە بێ كێشە نییەو هەندێك ناكۆكی لەنێوان تیمەكەی پارتیدا هەیە.
(درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، لە پرۆسەی دروستكردنی لیژنەی لێكۆڵینەوەدا لە خەرجییەكانی پەرلەمان جۆرێك لە ناكۆكی لەنێوان ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانو هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دروستبووە.
لەڕووی پلەی حیزبییەوە لەناو پارتی، هێمن هەورامی پلەكەی لە ڤالا فەرید بەرزترە، هەورامی بە هەژمونە حیزبییەكەی زۆرجار ڤالا فەرید سەرۆكی پەرلەمانی تێدەپەڕێنێت، ئەمەش هەندێك نیگەرانی لای ڤالا فەرید دروستكردووە.
هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، هێمن هەورامی نزیكە لە مەسرور بارزانی، بەڵام ڤالا فەریدو مونا قەهوەچی نزیكن لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ئەمە ناكۆكی دروستكردووە.