حكومەتی عێراق خۆی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات
2019-06-15 19:05:46
(درەو میدیا):
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوای میوانداریكردنی فوئاد حسێن، وەزیری دارایی لە راپۆرتی خۆیدا بۆ سەرۆكی پەرلەمان، داوا دەكات ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆئەوەی ئەو بودجەیەی لە بەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت، بگاتە دەستی موچەخۆرانی هەرێمو بۆ هیچ خەرجییەكی تر تەرخان نەكرێت، ئەگەر ئەوەش رویدا حكومەتی فیدراڵی خۆی راستەخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبكات.
كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی
رۆژی سێشەممە 21ی ئایاری رابردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری داراییو بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆو بەڕێوەبەری گشتی موحاسبە لە وەزارەتی دارایی كۆبوەتەوە بۆ گفتوگۆكردنۆ بەدواداچوونی پرسی بودجەی هەرێمی كوردستانو نەوتو داهاتی هەرێمو دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە ساڵی 2018، حكومەتی ناوەندی مانگانە317 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووەو لە بودجەی ئەو ساڵە 2.744 ترلیۆن دینار بۆ هەرێم تەرخانكراوە بە گوێرەی رێككەوتنی نێوان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانو سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێم.
وەزیری دارایی ئاشكراشیكردووە كە رێككەوتنێكی تری نوسراو لەگەڵ حەیدەر عەبادیدا هەیە كە مانگی ئەیلولی 2018 ئیمزاكراوە بۆئەوەی 100 ملیۆن دۆلار ( 120 ملیار دینار)ی تر بۆ هەرێم تەرخانبكرێت و بەڵنیشیداوە كۆپییەك لەو رێككەوتنە بداتە لیژنەی دارایی پەرلەمان، هەرچەندە ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكراوەو ئەو بڕە پارە زیادەیە بۆ هەرێم نەنێردراوەو لیژنەی داراییش ئەو رێككەوتنەی بە پێشێلكردنی مادەی 10ی یاسای بودجەی 2018 داناوە.
راسپاردەكانی لیژنەی دارایی
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راپۆرتەكەیدا چەند رێنماییەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەی داهاتی نەوتی هەرێمو بودجەی هەرێمو موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێشنیازكردووە كە ئەمانەن:
1/ لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق پێویستە كە وەزارەتی دارایی ناچاربكات بۆئەوەی دەقی مادەی 10/ دووەم/ج ی یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2019 بە تەواوەتی جێبەجێبكاتو خۆی لە جێبەجێكردنی بەشێكی نەدزێتەوەو بە پێچەوانەوە سەرۆك وەزیران بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەران.
2/ داوای رونكردەوە لە ئەمیندارێكی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی بكرێت بۆئەوەی بزانرێت حكومەتی پێشوو لە ناردنی ئەو بڕە بودجەی بۆ هەرێمی ناردووە پشتی بە چ رێوشوێنێكی یاسایی بەستووە؟
3/ لەسەر وەزارەتی نەوتی ئیتیحادی پێویستە رێوشوێن بگرێتەبەر لەدژی هەموو ئەو كۆمپانیایانەی كە نەوتی عێراق دەكڕن بەبێ مۆڵەتی فەرمی دەرچوو لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە.
4/ لەسەر وەزارەتی داراییو دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی ئیتیحادیی پێویستە كە دەستبەجێی دەقی مادەی 11/ شەشەم لە یاسای بودجەی گشتی 2019 جێبەجێ بكەن بۆ پیادەكردنی سیستمی بایۆمەتری كە لە دەقەكەدا هەرێمی كوردستان ناچاردەكات میلاكی فەرمانبەرانی مەدەنی و تەشكیلاتی سەربازی بداتە وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەندیی بە گوێرەی پلەو ناونیشانی پیشەییو شوێنی بەتاڵو پڕكراوەو ژمارەی نێرومێ بە گوێرەی خشتەی (ج)ی تایبەت بە هێزی كار لە یاسای بودجەی 2019.
5/ پێویستە ئەنجومەنی وەزیران رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆئەوەی گەرەنتی ئەوە بكات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبێت ئەو بڕە بودجەیەی لەلایەن وەزارەتی دارایی ناوەندییەوە بۆی رەوانەدەكرێت بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەرخانبكرێتو بۆ هیچ بوارێكی تەر خەرجنەكرێت، بە پێچەوانەوە حكومەتی ناوەندیی خۆی راستەخۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابەشبكات.
6/پەلەبكرێت لە پەسەندكردنی یاسای نەوتو غاز لەلایەن پەرلەمانەوە لە وادەیەكدا كە لە وەرزی یاسادانانی داهاتوو تێپەڕنەكات.