بانگەشەی ساردی هەڵبژاردن و بەڵێنی گەرمی لیستەكان
2018-04-16 13:53:26
بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هێندەی كەشوهەوای ساردی ئەم چەند رۆژە، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان سارد بوو، سارد وسڕی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوەتە جێگای قسە وباسی چاودێرانی سیاسی، چەندین شیكاری دەكرێت بۆ هۆكاری لاوازی كەمپەینی هەڵبژاردنی ئەمجارە، هەرچەندە هەڵمەتی ساردی هەڵبژاردنەكان بە بەڵێنی گەرمی لیستەكان بەرێوەدەچێت.
هاوڵاتیان بەساردیەوە بەشداری دەكەن
بەشێك لە هاوڵاتیان نائومێدبوون لە هەڵبژاردن و پەرلەمان، ئەگەر پێشتر لە هاوڵاتیان هەلبژاردن و خەباتی پەرلەمانیان بە شارێگای گۆڕانکاری دانابێت، ئەوا ئێستا بەشێك لەخەڵكی ئەو قەناعەتەیان لا دروست بووە كە ئەنجامی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنەكان تەنها گۆڕینی ژیانی چەند كەسێك بووە و زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش تا دێت بەدبەختتر دەبن و ژیانیان قورستر و نەهامەتیەكانیان زیاتر دەبێت. خەڵك هەموو جارێك دەنگ دەدات سەیر دەكات گۆڕانكاری روونادات و ژیانیان خراپتر دەبێت و باشتر نابێت، خەڵكی لە رابردوودا بەڵێنی گەورە و مژدەی گەورەی پێدراوە بۆ ژیانێكی باشتر بۆخۆیی و ماڵ و منداڵی بەڵام دیسان خەونەكانی بوونە خەونی زڕاو، بە مانایەكی تر هەڵبژاردن و كورسی پەرلەمان نەیتوانی گۆڕانكاری لە ژیانی خەڵكیدا بكات، بۆیە هاوڵاتیان لە بەڵێن و دروشمی هێزەكاندا ئومێد بۆ داهاتوو نادۆزنەوە .
نەبونی گوتارێكی روون بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد
لیست و قەوارە سیاسییەكان و تەنانەت كاندیداكانیش خاوەنی گوتارێكی روون نین و گوتارەكانیان لاواز و دووبارەن و حیزبەكان لە چوارچێوەی كۆمەڵێك دروشم و بەڵێنی سواودا دەخولێنەوە، بەڵێنەكانیان هەموو دووبارەن و بەرنامە و ئەجێندای نوێیان پێ نیە كە خەڵكی ئۆمێدیان پێهەڵبواسێت بۆ باشتركرتنی ژیانیان.
لە كاتێكدا هەڵبژاردنەكان بۆ بەغدادە بەڵام لیست و كاندیدەكان بەڵێنی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی لە كوردستان دروستكردنی پرۆژە و ئۆتۆمبێلی كارەبایی بە هاوڵاتیان دەدەن، لە كاتێكدا هەموو دەزانن ئەركی پەرلەمانتار لە بەغداد دەركردنی یاسا و چاودێریكردنە نەك بەڵێنی گۆرینی سیستمی حوكمڕانی لە هەرێم كە وەزیفەی ئەو نیە... پێدانی ئەم بەڵێنانە بە هاوڵاتیان بەجۆرێك لە جۆرەكان، سەرلێشێواوویە و گوتارێكی بەتاڵە و تەعبیر لە ئیفلاسی دەكات، چونكە ئەو بەڵێنانە بۆ پەرلەمانی كوردستانیش ناگونجێت نەك پەرلەمانی عێراق.
هەموو هەڵبژاردنێك خەڵكی كۆمەڵێك پەرلەمانتار دەنێرێت بۆ بەغداد بەڵام دوایی لێیان دەپرسن بۆ هیچ ناكەن دەڵێن ئێمە كەمینەین، لەگەڵ ئەوەی كورد كەمینەیە لە بەغداد و رێژەكەی ناگاتە 20% بەڵام پەرتەوازەشە لە بەغداد و نەبوونی گوتاری هاوبەشیان لە بەغداد، كە ئەمە وایكردووە هەم خەڵكی هەم لیستەكان خۆشیان نائومێد بن بۆ هەڵبژاردن، پێشتر كورد كێشەی خاك و دەسەڵات و مافە نەتەوایەتییەكان و بەشداری سیاسی هەبوو لە بەغداد، بەڵام ئێستا خەونەكانی هێندە بچوكبوونەتەوە كە خۆی تەنها لە موچەدا دەبینێتەوە، لەكاتێكدا موچە مافە لەبەرامبەر ئەركدا، نەك منەت.
قەیرانی دارایی
لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە دوای دروست بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، بارودۆخ و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان بەرەو خراپی رۆیشت ئەمەش وایكرد كە تاكە خەمی خەڵكی دابینكردنی موچە و بژێوی ژیانی بێت، خەڵكی پێی وایە ئەو قەیرانانە هەمووی دروستكراون و ململانێی سیاسیین نەك كارەساتی ئابوری، بە بەردەوام نەوتی كوردستان فرۆشراوە، كە داهاتی نەوت 25 دۆلار بووە خەڵكی بەجۆرێك موچەی دروست كردووە و نەوت بوە بە 70 دۆلار هەر هەمان موچە وەردەگرێت، بۆیە خەڵكی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا روبەرووی گەورەترین قەیران و نەهامەتی بووەوە و نە حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن نە حزبەكانی دەسەڵات چارەیەكیان بۆ دۆخەكە پێنەبوو، بۆیە هاوڵاتیان لەوپەڕی نائومێدیدان لەبەرامبەر بەڵێن و كردەوەی حزبەكان، ئەم نائومێدیە گوازراوەتەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ساردكردووە.
ریفراندۆم و سوتاندنی كارتی سەربەخۆیی
ریفراندۆم كێرڤی ئومێدی هاوڵاتیانی زۆر سەرخست، بەڵام شكستی ریفراندۆم و دیمەنی كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك و رادەستكردنی 51%ی خاكی كوردستان، بەتایبەتیش مامەڵەكردنی بەغداد وەك براوەی ئەو جەنگەی كە پێشمەرگە و كورد قوربانی زۆری لە پێناودا، ئەمە بێهیوایی زۆری لای تاكی كورد دروستكرد، بەجۆرێك نەك هەر تاكی كوردی بەڵكو هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش بەرچاویان رونیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداد و روئیایەكی رۆشنیان بۆ داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد نیە.
كێ زیان دەكات لە ساردی هەڵمەتی هەڵبژاردن
ساردی پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی گشتی هەموو لیستەكان زیانی لێ دەكەن ، بەو پێیەی ئاستی رێژەی بەشداریكردن كەم دەبێتەوە و بەهای كورسی زیاد دەكات، بەڵام ئەوەی زۆرتر زیانی پێدەگات ئەو هێزانەن كە پشتیان بە چینی خوارەوە كۆمەڵگە بەستووە، ئەوچینەی كە پەراوێزترین چینی كۆمەڵگەن، كە قەیرانی ئابوری و خراپی خزمەتگوزاری هاڕیونی، ئەوانە نائومێدترین چینن لە پرۆسەی هەڵبژاردن، كە لە هەڵمەتەكانی پێشتر بە گەرمی بەشداریان كردووە بە ئومێدی گۆڕینی ژیانیان، بەڵام هەڵبژاردنەكان هیچی لە ژیانیان نەگۆڕیوە، بۆیە كەمتر بەشداری هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكەن، ئەمانە كەمتر دەنگدەری هێزەكانی دەسەڵاتن. دەنگدەری ئەو هێزانەن كە لە ئۆپۆزسیۆندان و لەبەرامبەر بەرەی دەسەڵات وەستاونەتەوە.