هورمز .. مەیدانی جەنگێكی نوێ
2019-06-13 14:55:27
(درەو میدیا):
دوو كەشتی نەوتهەڵگر لە كەنداوی عومانو نزیك لە كەناراوەكانی ئێران تەقێندرانەوەو رێكخراوی دەریاوانی بەریتانیا بۆ پرۆسە بازرگانییەكانیش لێكۆڵینەوە لەو راپۆرتانە دەكات كە لەو بارەیەوە بەدەستی گەیشتوونو میدیاكانی ئێرانیش رایدەگەینن یەكێك لە كەشتییەكان ( ڤرانت ئەلتێرە) لە كەنداوی عومان نقومبووەو لێپرسراوانی ئێرانیش دەڵێن تا ئێستا دەیان كەسیان لە تیمی كەشتییەكان رزگاركردووەو هۆكاری تەقاندنەوەی ئەو دوو كەشتیەش تائێستا ئاشكرانیە.
بەوتەی لێپرسراوانی دەریاوانی نەرویج سێ تەقینەوە لەسەر كەشتی ( ڤرانت ئەڵتێر) رویداوە كە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ نەرویج.
وو ئای ڤانگ وتەبێژ بەناوی دەستەی سەكۆ نەوتییەكانەوە لە تایوان كە كەشتی ( ڤرانت ئەڵتێر)ی بەكرێ گرتووە رایگەیاند ئەو كەشتییە 75000 تۆن نەوتی هەڵگرتووەو گومانی ئەوە دەكرێت كە تۆربایینەكەی بە ئامانج گیرابێتو چەند راپۆرتێكی تریش دەڵێن كە مینێك بە كەشتییەكەدا تەقیوەتەوە.
كۆمپانیا ڤرانیت لاین خاوەنی كەشتییەكە رایگەیاند ئاگر لە كەشتییەكە بەربووە كە ئاڵای دوورگەكانی مارشاڵی هەڵگرتووەو رەتیكردەوە كە كەشتییەكە نقومبوبێت.
هەروەها كۆمپانیای بی ئێس ئێم بۆ بەڕێوەبردنی كەشتییەكان كە كار بە كەشتی دووەم دەكات بەناوی ( كۆكۆكا كاریدجیس) و ئاڵای پەنەمای هەڵگرتووە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ ژاپۆن رایگەیاند تیمی كەشتییەكە ناچاربوون بەجێبهێڵنو بچنە كەشتییەكەی تر كە لەو كاتەدا بە نزیك ئەواندا تێپەڕیوە.
كەشتی دووەم مادەی میسانۆڵی هەڵگرتووەو بەوتەی سەرچاوەكان نقوم نەبووەو ئێستا 80 میل لە ئیمارەتی فوجیرەی ئیماراتەوەیە كە 16 میل لە ئێرانەوە دوورەو بارەكەی هیچ زیانێكی پێ نەگەیشتووە.
میدیاكانی ئێران دەڵێن دەنگی چەند تەقینەوەیەك لە پاكستانەوە بیستراوەو تیمی هەردوو نەوتهەڵگرەكە داوایان لە وڵاتانی كەنداوی عومان كردووە بەهانایانەوە بچن.
ئاژانسی ئێرنای ئێرانی لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاند 44 دەریاوانی هەردوو كەشتییە نەوتەهەڵگرەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری گەڕانو بەهاناوەچوونەوە لە هورمزگان رزگاركراونو لەلایەن هێزی دەریاوانی ئێرانەوە بۆ بەندەری جاسك گواستراونەتەوە.
ئێرنا راشیگەیاند یەكێك لە كەشتییەكان كاتژمێر 8:50 خولەكی بەیانی پێنجشەممە رووبەڕووی رووداوەكە بوەتەوە لە 25 میلی باشوری جاسك و 23 تیمی كەشتیوانی كەشتیەكەش دوای رووداوەكە خۆیان فڕێداوەتە ناو دەریاوەو لەلایەن تیمەكانی ئێرانەوە رزگاركراون.
ئاژانسە ئێرانییەكە راشیگەیاند دوای كاتژمێرێك لە رووداوی كەشتی یەكەم كاتژمێر 9:50 خولەك كەشتییەكی تر لە دووری 28 میلەوە لە بەندەری جاسك ئاگری تێبەربووەو ئەو كەشتیەی دووەم لە یەكێك لە بەندەركانی سعودیەوە بەرێگاوە بووە بەرەو سەنگاپورەو لەكاتی رووداوەكەدا 21 كەسی تیمی كەشتییەكە خۆیان هەڵداوەتە ناو دەریاوەو لەلایەن سەنتەری گەڕانو فریاگوزاری دەریاوانی ئێرانەوە لە هورمزگان رزگاركراون.
ئەمە دووەمین روووداوی مەترسیدارە لەماوەی مانگێكدا رووبەڕووی كەشتیە نەوتهەڵگرەكان دەبنەوە لە گەروی هورمزی ستراتیژی كە یەك لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی لێەوە تێپەڕدەبێت.
ئایاری رابردوو چوار كەشتی نەوت هەڵگر لە نزیك بەندەرێكی ئیمارات رووبەڕووی تەقینەوە بوونەوەو بە گوێرەی راپۆرتێكی هاوبەشی ئیمارات، سعودیە، نەرویج كە هەفتەی رابردوو پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیان كرد چەند بۆمبێكی چێندراو لە لایەن كەسانی نەناسراوەوە لە ناوچەكەدا چێندراونو بوونەتە هۆی ئەو رووداوەو لە راپۆرتەكەدا بەرپرسیارێتی نەخراوەتە ئەستۆی هیچ وڵاتێك.
رووداوەكەی ئایاری رابردوو بە بەراورد بە رووداوەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممە زیانەكانی كەمتربوون و ئەوەی ئەمجارەش لە كاتێكدایە كە شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بۆ هێوركردنەوەی گرژیو ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران بە سەردانێكی فەرمی گەیشتوەتە تارانی پایتەختی ئێران.