داوای ئاشكراكردنی رێككەوتنە نەوتیە نهێنییەكانی حكومەتی هەرێم دەكرێت
2019-06-13 13:43:16
(درەو میدیا):
سێ پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی دادگای فیدراڵی دەكەن بەمەبەستی بەدواداچون بۆ كەیسی سكاڵای وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمو پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕانیش بە نوسراوی رەسمی داوا لە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات رێککەوتنە نەوتیە نهێنییەکانی حکومەتی هەرێم ئاشكرابكرێن.
لە بەیاننامەیەكدا هەریەك لە هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، ئەحمەد حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامو و سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنن ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە شاری بەغداد سەردانی دادگای فیدراڵییان كرد، بەمەبەستی بەدواداچون بۆ كەیسی سكاڵای وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵ لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی دادگاكە كۆبونەتەوە.
ئەو سێ پەرلەمانتارە كە هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانن ئاماژەیانبەوەشداوە لەو دیدارەدا بەسوپاسەوە زانیاری پێویستیان وەرگرتووە.
دەشڵێن:" مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان و چارەسەری دەستوری و یاسایی بە پرسێكی گرنگو نیشتیمانیی دەزانینو ئەم كوتلە سێ كەسیە كە لە سێ فراكسێۆنی جیاوازدا بۆی كۆبوینەتەوە كاری جدی و فرە رەهەندی لەسەر دەكەین و لە ئاستەكانی دادگا و پەرلەمان و حكومەت و میدیا و شەقام بەدوایدادەچین".
هاوكات كاوە محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی:"
دوێنێ (٢٠١٩/٦/١٢) بە كیتابێكی رەسمی داوام لەبەڕێز (د.عادل عەبدولمەهدی) سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی كرد كە لەپیناو دابینكردنی شەفافیەت و پاراستنی سامانی نیشتیمانیمان لەرێككەوتن و سەفەقاتی نهێنی، كە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان (بەتایبەت بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێم، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان) و نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بكات كە ناوەرۆكی هەریەك لەم رێككەوتنانە ئاشكرابكەن:
١/رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی توركیا سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێم كە بە (رێككەوتنی پەنجا ساڵە) ناسراوە.
٢/رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و پارێزگاری پێشووی كەركوك (نەجمەدین كەریم) سەبارەت بە شایستەی پترۆدۆلاری كەركوك لەساڵی (٢٠١٥)دا ئیمزاكرا.