Draw Media

هێرشەكەی سەر سوریا پەیوەندییەكانی پاریس و ئەنكەرە ئاڵۆزتر دەكات

هێرشەكەی سەر سوریا پەیوەندییەكانی پاریس و ئەنكەرە ئاڵۆزتر دەكات

2018-04-16 12:41:50


مانگی رابردوو ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئیلیزێ‌ لە پاریس پێشوازی لەو وەفدێكی رۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات كرد و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ دووپاتكردنەوە و ئامادەیی خۆشی بۆ دانوستان لە نێوان توركیا و رۆژئاوای كوردستان دەربڕی، ئەم هەنگاوەی پاریس سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی و بەرپرسانی باڵای توركیای توڕەو نیگەران كرد و پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و پاریس ئاڵۆزكرد.

ئیمانوێل ماكرۆن: هێرشە سێ قۆڵییەكەی ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا بۆسەر رژێمی سوریا، توركیای لە روسیا جیاكردەوە


رۆژی یەكشەممەش جارێكی تر ئیمانوێل ماكرۆن لەمیانی قسەكردنیدا دەربارەی هێرشە سێقۆڵییەكەی ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا بەرپرسانی توركیای نیگەران كرد و پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و پاریس ئاڵۆزتركرد.
ماكرۆن رایگەیاند وڵاتەكەی بە بەشداریكردن لەو هێرشەی سوریادا توركیای لە روسیا دوورخستەوە و توركیا بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رژێمی سوریاوە ئیدانەكرد ئەوەش بە واتای ئەوە دێت كە توركیا لەگەڵ روسیادا نییە.
هەروەها ماكرۆن راشیگەیاند دۆناڵد ترەمپیان قایل كردوووە كە هێرشەكەی سەر سوریا تەنها گەنجینە و دامەزراوەی چەكە كیمیاییەكانی حكومەتی سوریا بگرێتەوە و جەختیشیكردەوە دۆناڵد ترەمپی قایل كردووە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا درێژە پێبدات و بەردەوام بێت، بەڵام  سارە ساندەرز وتەبێژی كۆشكی سپی لە بەیاننامەیەمدا رایگەیاند پلانی وڵاتەكەی سەبارەت بە سوریا گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و هەڵوێستی ترەمپ دەربارەی زوو كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا روون و ئاشكرایە.

مەولود چاوشئۆغڵۆ: پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و مۆسكۆ لەوە بەهێزترن كە ئیمانوێل ماكرۆن بتوانێت بیپچڕێنێت

قسەكردنی سەرۆكی فەرەنسا دەبارەی پەیوەندییەكانی توركیا و روسیا و جەختكردنەوە لەوەی كە ئەوان بەو هێرشە توركیایان لە روسیا دوورخستوەتەوە ، لەلایەن مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیاوە وەڵامداریەوە.
چاوشئۆغڵۆ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتی پەیمانی ناتۆ وتی:" پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ روسیا زۆر لەوە بەهێزترە كە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بتوانێت بیپچڕێنێت."
هاوكات دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا " كرملن" جەختیكردەوە ئەو هێرشە سێ قۆڵییەی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا سەركەوتوو نەبوو لەوەی كەلێن بخاتە پەیوەندییەكانی روسیا و توركیاوە.
پیسكۆڤ وتیشی:" نهێنی نییە كە مۆسكۆ و ئەنكەرە لە چەند پرسێكدا ناكۆكن، بەڵام ئەوە رێگریمان لێ‌ ناكات كە بیروڕا و هەڵوێستمان دەربارەی ناكۆكییەكانمان ئاڵوگۆڕ بكەین و گفتۆگۆبكەین و ئەوەش كاریگەری نابێت لەسەر ئاسۆی هاوكارییەكانمان لە داهاتوودا و جێبەجێكردنی پرۆژەی گەورە."
لە سێ‌ ساڵی رابردوودا هاوكاریكردنی هێزەكانی یەپەگە و یەپەژە و هێزەكانی سوریا دیموكرات لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپاوە و رەخنەگرتن لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن حكومەتی توركیاوە بووەتە مایەی نیگەرانی و توڕەیی بەرپرسانی ئەنكەرە و بەردەوام سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆك وەزیرانی و بەرپرسانی تری ئەو وڵاتە هێرشیانكردوەتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا و بە پشتگیریكردن لە " تیرۆر" تۆمەتباریان كردوون، بەڵام تا ئێستا ئەو وڵاتانە بەردەوامن لە هاوكاریكردنی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان لە شەڕە دژ بە رێكخراوی داعشدا.
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand