نێچیرڤان بارزانی .. سەرۆكێكی تاقیكراوە
2019-06-09 17:52:07
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ
"پادشای عەرشی كەلاوە", رەنگە ئەمە باشترین مانشێت بێت بۆ پێشوازیكردن لە سوێندخواردنی سەرۆكی نوێی هەرێم كوردستان، سەرۆكێك كە لەماوەی 17 ساڵی رابردوودا سەرۆكایەتی حكومەتی كردووەو بۆ خەڵكی هەرێم سیاسەتمەدارێكی تاقیكراوەیە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا هەڵسەنگاندێك بۆ ماوەی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دەكات لە 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا.
سەرۆكێكی تاقیكراوە !
سبەینێ نێچیرڤان بارزانی وەكو دووەم سەرۆك لە مێژووی هەرێمی كوردستان- عێراقدا سوێندی یاسایی دەخوات.
سەرۆكی نوێ بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روخسارێكی نەناسراو نیە، ئەو 17 ساڵە سەرۆكی حكومەتە، ماوەی حوكمڕانی ئەو لە سەرۆكایەتی حكومەتدا، ئێستا بەروبومەكەی لەبەردەمی خەڵكدایە.
سەرەڕای پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی لەدوای 2017ەوە مومارەسەی پۆستی سەرۆكی هەرێمیشی كردووە، چونكە بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، زۆرینەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم گواسترایەوە بۆ سەرۆكی حكومەت.
نێچیرڤان بارزانی كە دوای 17 ساڵ ماڵئاوایی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، لەدوای خۆی حكومەتێكی قەرزارو ژێرخانێكی داتەپیوی ئابوریو پەیوەندییەكی خراپی دەرەكیی پڕ گرێو گۆڵی بۆ جێنشینەكەی (مەسرور بارزانی) بەجێهێشتووە، رەنگە ئەمە هۆكارە سەرەكییەكە بێت دوای سەرۆكایەتی حكومەت، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگیركرا، زۆربەی دۆسییە هەستیارەكان بەهۆی ئەوەی بەشێوەی دامەزراوەیی بەڕێوەنەبراون، وابەستە كراون بە كەسایەتی نێچیرڤان بارزانییەوەو بەبێ ئەو، سەرۆكی نوێی حكومەت ناتوانێت كاروبارەكانی بەڕێوەببات، بەدیاریكراویش دۆسیەی نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستانو توركیادا.
فایلی خزمەتگوزارییە گشتییەكان
خزمەتگوزارییە گشتییەكان باشترین پێناسەیە بۆ ناسینەوەی هەر حكومەتێك لە جیهاندا، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەردەمی دەسەڵاتی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانیدا لەم كەرتەدا شكستیهێناوە.
ئاو كە سەرچاوەی سەرەكی ژیانە، تائێستا لە هەرێمی كوردستان زامن كراو نییەو هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێم كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، لە هەندێك ناوچەش خاوێنی ئاوی خواردنەوە جێگەی گومانە، سەرەی ئاو كە شێوازێكی كۆنی دابەشكردنی ئاوە لە شارەكاندا، هێشتا لە هەرێمی كوردستان بەركارە.
نێچیرڤان بارزانی كە ماڵئاوایی لە حكومەت دەكات، دوای 17 ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی ئەو هێشتا خەڵك بەدەست نەبوونی وزەی پێوستی كارەباوە دەناڵێن، دەنگی مۆلیدە ئەهلییەكان لە هەموو گەڕەكێكی هەرێم بووەتە پێناسەی دۆخی كارەبا لە هەرێم.
ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە بڕێكی زۆری بودجە لەژێر ناوی چاككردنی دۆخی كارەبا بەهەدەردراوە، بەمدواییانە نێچیرڤان بارزانی بیرۆكەی رادەستكردنی كەرتی خزمەتگوزارییەكانی بە كۆمپانیانو كەرتی تایبەت هێنایەگۆڕێ.
خراپی دۆخی رێگاوبانەكانیش ساڵانە تادێت ژمارەی قوربانییەكانی زیاتر دەبێت، بەپێی ئامارە فەرمییەكان لەماوەی (10) ساڵدا، زیاتر لە (7 هەزار) كەس بەهۆی روداوەكانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوەو نزیكەی (80 هەزار) كەس برینداربوون.
لایەنگرانی پارتی، نێچیرڤان بارزانی بە دەوڵەتمەدارو ئەندازیاری ئاوەدانی ناودەبەن، هەندێك پرۆژەی خزمەتگوزاری بەتایبەتی رێگاوبان لەناو سنوری پارێزگای هەولێردا جێبەجێ كراون، 17 ساڵ سەرۆكایەتی حكومەتی نێچیرڤان بارزانی لەو پرۆژانەدا كورتكراوەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی كە ماڵئاوایی لە حكومەت دەكات، هێشتا دابەشكردنی سوتەمەنی لە هەرێمی كوردستان بەشێوەی نەریتی بەڕێوەدەچێت، خەڵك لە كوچەو كۆڵانەكاندا بەرمیلی نەوت ریز دەكەن، ماوەی دوو ساڵە ئەم شێوازەش كێشەی تێكەوتووەو خەڵك بەشە نەوتی پێویستی خۆیان وەرنەگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا رۆژانە هەرێم (400 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات.
كێشەی سوتەمەنی ئۆتۆمبیلیش ساڵ بەدوای ساڵ زیاتر دەبێتو ناگات بە چارەسەر، ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی ماڵئاوایی لە حكومەت نرخی بەنزین لە هەرێم نزیكەی دوو هێندەی نرخی پارێزگاكانی عێراقە.
فایلی دارایی
لە ماوەی 17 ساڵی حكومەتداری نێچیرڤان بارزانیدا (لە ساڵی 1999وە بۆ 2019 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بووە، جگە لە دوو ساڵی سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح لە 2010 بۆ 2012)، هەرێمی كوردستان تەنها 7 ساڵ یاسای بودجەی هەبووەو پەرلەمان تاڕادەیەك زانیویەتی داهاتی هەرێم چۆن دابەشكراوە بەسەر كەرتەكاندا.
دیاردەی بەهەدەردانی داهات لەبوارە ناپێویستەكاندا یەكێكە لە روخسارە دیارەكانی دۆخی دارایی لە زەمەنی نێچیرڤان بارزانیدا، ئەم كەیسە ماوەیەك گوتاری سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بووە وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن.
دامەزراندنی بەلێشاو لەسەر بنەمای پشكپشكێنەی حزبیی، ژمارەی موچەخۆری حكومەتی لە سەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا بەرەو لوتكە هەڵكێشا، ئەمە دواجار لە ساڵی 2014دا بوو بە بار بەسەرشانی حكومەتەوە، ئەوەش كاتێك بوو كە نرخی نەوت وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات دابەزیو حكومەتی عێراقیش بەشە بودجەی هەرێمی بڕی.
نێچیرڤان بارزانی بۆ روبەڕووبونەوەی دۆخە كتوپڕە داراییەكە، یەكەم هەنگاو كە پەنای بۆ برد، بڕینی موچەی موچەخۆران بوو لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە"، ئەمە شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایەتی فەرمانبەرانی لێكەوتەوە، زۆری نەمابوو بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەوە ساڵێكی خوێندنی قوتابیانو خوێندكارانی هەرێم بفەوتێت، بۆیەكەمجار لەم سەردەمەدا ناڕەزایەتییەكانی شەقام لە سنوری سلێمانییەوە پەڕییەوە بۆ هەولێرو دهۆك.
ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی ماڵئاوایی دەكات، حكومەت زیاتر لە (10 ملیار) دۆلار قەرزاری موچەخۆرانە، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە پارەی تایبەت بە "پاشەكەوتی موچە"و پارەی موچەی ئەو مانگانەی كە موچە بە موچەخۆران نەدراوە، بێجگە لە قەرزی دەرەكی كە حكومەت باس لە نزیكەی 20 ملیار دۆلار قەرز دەكات.
نێچیرڤان بارزانی كە ئەندازیاری سیستمی پاشەكەوتی زۆرەملێی موچەیە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵێنێك بدات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بۆ فەرمانبەران، ماڵئاوایی لە حكومەت دەكات.
فایلی نەوت
یەكێك لە روداوە دیارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی 17 ساڵەی نێچیرڤان بارزانی دۆسیەی نەوتە، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەم پیاوەدا، هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زیاتر لە كێڵگەی نەوتی دۆزییەوەو نەوتی زیاتر رەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە كراو دەستكرا بە ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوتدا (57 گرێبەستی نەوت)، بەواتایەكی تر هەرێمی كوردستان كەوتە سەر نەخشەی جیهانیی نەوت، ئەمە چەكێكی دوو سەرەبوو، لەلایەكەوە پێگەی سیاسی هەرێمی بەهێزكردو لەلایەكی ترەوە هەرێمی خستەبەردەم رقو توڕەیی بەغدادو هەندێكجاریش وڵاتانی ناوچەكە.
لەناوخۆی هەرێمیشدا دۆسیەی نەوت، لەسەرەتاوە تائێستا دۆسیەیەكی جێ مشتومڕە، ئەوەش مشتومڕەكەی گەرمكردووە، ناشەفافبوونی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم كەرتە هەستیارەیە.
كۆتاییەكانی ساڵی 2016، نێچیرڤان بارزانی بۆئەوەی گومانەكانی ناشەفافیەت لەسەر كەرتی نەوت بڕەوەێنێتەوە، گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای (دیلۆیت) ئیمزاكرد، كە كۆمپانیایەكی ئەمریكی بواری وردبینیكردنی وەبەرهێنانو فرۆشتنی نەوتە.
لەدوای گرێبەستی كاركردنەوە تائێستا، كۆمپانیای دیلۆیت (6) راپۆرتی لەبارەی ئاستی فرۆشو داهاتی نەوت لە هەرێم بڵاوكردوەتەوە، بەڵام هێشتا گومانەكانی لە ناشەفافبوونی كەرتی نەوتی نەڕەواندوەتەوە، رەنگە هۆكارەكەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هێشتا دامەزراوەیەكی چاودێری ناوخۆیی وەكو پێویست چاودێری ئەو كەرتە ناكات.
لە ساڵی 2014و سەرهەڵدانی رێكخراوی "داعش" لە ناوچەكەو دابەزینی نرخی نەوتەوە، لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەكی بودجە دەرنەچووە، پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی لە داهاتی نەوت بێئاگایە.
سندوقی داهاتەكانی نەوت كە وەكو دامەزراوەیەكی گرنگی چاودێری دۆسیەی نەوت تەماشا دەكرا، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بەیاسا بڕیاری دامەزراندنی درا، بەڵام تائێستا دروستنەكراوە، بەڵام ئەنجومەنی نەوتو غاز دروستكراوە.
ساڵی 2008 بڕیاردرا نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ بفرۆشرێت، ساڵی 2014 نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراقدا، كردی بە مەرج هەرێم مانگانە (400 هەزار) بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكات، بۆ ئەمەش بەهانەی بەوە دەهێنایەوە كە هەرێم پشكی خۆی لە عێراق وەردەگرێت، كەچی داهاتەكانی لەناویشیاندا داهاتی نەوت رادەستی بەغداد ناكات.
دواجار نەوت پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی بەغدادی بەتەواوەتی ئاڵۆز كرد، ساڵی 2014 مالیكی بەشە بودجەی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق بڕی كە مانگانە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناربوو، لە ساڵی 2015دا حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی ئاشكراترو لەژێر دروشمی "ئابوری سەربەخۆ"دا، دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆو دور لە رەزامەندی بەغداد، لەو سەردەمەدا بەهۆی سكاڵا یاساییەكانی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە چەندجارێك دەست بەسەر بارە نەوتی هەرێمدا گیرا، ئەو كەشتییەی كە نەوتی هەرێمی دەگواستەوە، سەرشێتانە بەناو دەریادا دەسوڕایەوەو لە ترسی سزای یاسایی، هیچ كەسێك ئامادە نەبوو پێشوازی لێبكات.
فایلی پەیوەندییەكانی هەرێم
لەماوەی 17 ساڵ سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بەدەست فەلاح مستەفاوە بووە كە سەربە پارتییە.
سەرباری ئەوەی جڵەوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی لەدەستی نێچیرڤان بارزانیدا بووە، بەڵام هەرێمی كوردستان بەبەردەوامی سەروەری پێشێلكراوە، جارێك توركیا بەبەهانەی بوونی گەریلاكانی پەكەكەوە، جارێكی تر ئێران بە بیانوی هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵاتەوە تۆپبارانو لەشكركێشییان كردوەتەسەر خاكی هەرێم، لەبەرامبەر هەموو ئەو دەستدرێژییانەشدا، بەردەوام نێچیرڤان بارزانی سەرزەنشتی لایەنە كوردییەكانی پارچەكانی تری كوردستانی كردووە.
ئەو پەیوەندییەش كە لەدوای روخانی رژێمەكەی سەددامەوە لە 2003دا لەنێوان حكومەتی هەرێمو بەغداددا دروستبوو، بەهۆی سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆو ریفراندۆمەوە، بەتەواوەتی تێكچوو، لەم بوارەدا هەندێك ستایشی نێچیرڤان بارزانی دەكرێت كە لەدوای شكستی ریفراندۆمەوە توانی تاڕادەیەك پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بكاتو بەشێوەیەكی دیپلۆماسییانە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد ئاسایی بكاتەوە.
بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2006وە لەچوارچێوەی كاری حكومیدا جێگەی كراوەتەوە، حزب باڵی بەسەردا كێشاوە، سەرباری ئەوەی حزبەكان نوێنەرایەتییەكانی هەرێمیان لە دەرەوەی وڵات بەسەر خۆیاندا دابەشكردووە كە (13 نوێنەرایەتییە)، حزبەكان بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان نوێنەرایەتی تایبەت بە خۆیان لە زۆرێك لە وڵاتاندا هەیە، بەرپرسیارێتی رێكنەخستی ئەم كەرتە لەماوەی 13 ساڵی دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا، بەپلەی یەكەم لە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانیدایە.
فایلی ئازادییە گشتییەكان
دۆخی ئازادییە گشتییەكان (ئازادی رادەربڕین، خۆپیشاندانو گردبونەوە، ئازادی كاری سیاسی) لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانیدا بە چەندین تونێلی تاریكدا تێپەڕیوە.
هەموو ئەو رۆژنامەنوسانەی كە لەسەر كاری نوسینو رۆژنامەگەری تیرۆركراون، لەسەردەمی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیدا بووەو تاوانبارەكانیش روبەڕووی هیچ سزایەكی یاسایی نەكراونەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان:
• لەماوەی 10 ساڵدا (2008 – 2018) لە هەرێمی كوردستان (5) رۆژنامەنووس تیرۆركراون (عەبدولستار تاهیر شەریف، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، كاوە گەرمیانی، وەدات حسێن).
• لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا، (898) حاڵەتی پێشێلكاری لە (گرتن، لێدانو ڕێگری) بەرامبەر (1440) ڕۆژنامەنووس كراوە.
• پێشێلكارییەكان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبووە، (347) حاڵەت لە هەولێر، (285) حاڵەت لە سلێمانی، (107) لە دهۆك.
رەوشی رۆژنامەگەریو ئازادی رادەربڕین لەسەردەمی دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیدا ساڵ لەدوای ساڵ خراپتر بووەو راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام هەرێمی كوردستان وەكو ناوچەیەكی مەترسیدار بۆ كاری رۆژنامەوانی ناودەبەن، نێچیرڤان بارزانی لەبری كرانەوەی زیاتر، فەرمانگەیەكی بەناوی فەرمانگەی بەدواداچوونو وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان دروستكرد، ئەم فەرمانگەیە كە (دیندار زێباری) سەرۆكایەتی دەكات، كاری سەرەكی بریتییە لە وەڵامدانەوەی راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی دۆخی ئازادییە گشتییەكانو مافی مرۆڤەوە لە هەرێمی كوردستان.
ئازادی خۆپیشاندانو گردبونەوە وەكو پایەیەكی تری ئازادییە گشتییەكان لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی نێچیرڤان بارزانیدا مێژوویەكی تاڵی تۆماركردووە.
لەماوەی 17 ساڵی سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانیدا، زۆرینەی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان لە هەولێرو دهۆكو سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە روبەڕووی پێشێلكاری بونەتەوەو بەزۆر سەركوتكراونو خەڵكێكی زۆر بەهۆی بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكان دەستگیركراونو لە دەزگاكانی ئاسایشدا بەشێوەی نایاسایی بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە، روبەڕووبونەوەی ناڕەزایەتییەكانی فەرمانبەران لەدوای سیستمی پاشەكەوتی موچە بەشێوەیەكی توند، دیمەنی كۆتایی پەیوەندی نێوان نێچیرڤان بارزانیو چۆنیەتی مامەڵەكردن بوون لەگەڵ خۆپیشاندانەكاندا، (راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بەوردی ئەو پێشێلكارییانەیان تۆماركردووە).
نێچیرڤان بارزانی كێیە ؟
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەوەی روخساری وەكو كارەكتەرێكی سیاسی بۆ زۆرینەی خەڵك ناسراوە، بەڵام كەم كەس وردەكاری ژیانو بیركردنەوەی ئەو دەزانن.
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی لەو جۆرە سیاسەتمەدارانەیە كە پێی وایە ئابورییەكی بەهێز دەتوانێت جادوو بخوڵقێنێت.
لەبارەی بایەخی ئابوریو پارەوە لە سیاسەتدا، دەوترێت نێچیرڤان بارزانی قسەیەكی بەناوبانگی هەیە كە دەڵێ" ئەوەی تائێستا نەبووە بە پارتی، نرخی خۆیمان پێنەداوە"، واتە ئەو باوەڕی وایە لەڕێگەی ئابوریو پارەوە دەتوانرێت هەموو كەسێك جڵەو بكرێت.
لە 17 ساڵی سەرۆكایەتی حكومەتدا، روینەداوە وەزیرێكی كابینەكەی لەدژی نێچیرڤان بارزانی راوەستابێت، زۆرینەی ئەوانەی كاریان لەگەڵدا كردووە، بوون بە لایەنگری، دەوترێت نێچیرڤان بارزانی وەكو ئیسفەنج هەموو ئەوانە هەڵدەمژێ كە لەگەڵیدا كاردەكەن.
نێچیرڤان بارزانی كوڕە گەورەكەی بەناوی باوكییەوە ناوناوە (ئیدریس)، ئیدریس ئێستا سەرۆكایەتی دەزگایەكی دەكات تایبەت بە گەشەپێدانی توانای مرۆیی بەناوی دەزگای روانگە، ئەم كوڕە لە میدیاكانی خۆرئاوادا خۆی وەكو "شازادە"یەك دەناسێنێت.
پرۆفایلی نێچیرڤان بارزانی:
* ناوی تەواوەتی: نێچیرڤان ئیدریس مستەفا بارزانی
* 21ی ئەیلولی ساڵی 1966 لە بارزان لەدایكبووە، دایكی كچی كەسایەتی ناسراوی سلێمانی (حەمەی ئەورەحمان ئاغا)یە
* لە 1975 لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئاوارەی ئێران بوون
* خوێندكاری بەشی زانستە سیاسییەكان بووە لە زانكۆی تاران
* لە 1989 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
* لە 1996 بووەتە جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
* لە 1999 بووەتە سەرۆك وەزیران (كابینەی چوارەم)
* 2006 بووەتە سەرۆك وەزیران (كابینەی یەكگرتنەوە)
* لە 2011 بۆ 2013 جارێكی دیكە بووەتەوە سەرۆك وەزیران
* لە 2013 جارێكی دیكە پۆستی سەرۆك وەزیرانی پێدرایەوە تاوەكو 2018
* 3-12-2018 كرایە بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
* جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
* لەگەڵ نەبیلە مەسعود بارزانی ئامۆزای هاوسەرگیری كردووەو سێ كوڕو دوو كچی هەیە.
* زمانەكانی كوردی، فارسی، ئینگلیزی بەباشی دەزانێتو دەشتوانێت بە زمانی عەرەبی قسەبكات.
تێبینی: ناونیشانی راپۆرتەكە لە ناونیشانی وتارێكی (حەمەسەعید حەسەن )ەوە وەرگیراوە.