Draw Media

پارتی ڤیتۆی لەسەر چەند كەسێكی یەكێتی هەیە

پارتی ڤیتۆی لەسەر چەند كەسێكی یەكێتی هەیە

2019-06-08 21:37:16


درەو میدیا:
سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ( درەو میدیا)ی راگەیاند، سبەینێ كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆدەبێتەوە، ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوای كرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی: لە كۆبونەوەی سبەنێی مەكتەبی سیاسیدا پرسی بەشداریكردنی یەكێتی لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و بەشداری یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت تاوتوێ دەكرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێكی یەكێتی لەگەڵ نوێنەری نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا نوێنەری نێچیرڤان بارزانی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە، كە لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان دەرفەتی كۆبونەوەیان نیە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بۆیە كۆبونەوەو گفتوگۆكانیان هەڵگرتووە بۆ دوای 10ی حوزەیران.
 ( درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتی و پارتیەوە زانیویەتی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ڤیتۆی لەسەر چەند كارەكتەرێكی ناو یەكێتی هەیەو داوایكردووە ئەو كەسانە بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم نەكەن، بە دیاریكراوی ئەوانەی كە پارتی و بارزانی تۆمەتبارایان دەكەن بەوەی لەپشت روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوەن.
كۆبونەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی هەولێر و ڤیتۆكەی بارزانی جۆرێك لە نیگەرانی و ناڕەزایەتی لەناو سەركردایەتی یەكێتی درووستكردووەو لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بە ئاراستەی ئەوەی سبەینێ لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا یەكێتی بڕیاری بەشداریكردنی لە حكومەت بەتەواوی هەڵپەسێرێت و بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانیش نەكات وەك چۆن لە پەرلەمان دەنگی پێنەدا.   

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand