پارتی پەیامێكی نوێ دەداتە یەكێتی
2019-06-08 18:48:06
درەو میدیا:
ئێوارەی ئەمڕۆ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لە هەولێر گفتوگۆیانكردو پارتی بڕیاریداوە تا دوای سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆنەبێتەوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند: كاتژمێر 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر دوو بەرپرسی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەگەڵ نوێنەری نێچیرڤان بارزانی كۆبونەتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، كە نوێنەرەكەی نێچیرڤان بارزانی بە بەرپرسەكانی یەكێتی راگەیاندووە، كە تا دوای 10ی حوزەیران و سوێند خواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەرفەتی كۆبونەوەی نابێت لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لەدوای ئەو وادەیەشەوە كۆدەبنەوەو كێشەكان چارەسەر دەكەن، بە پرسی دانانی پارێزگاری كەركوكیشەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە روو، كە بڕیار بوو سبەینێ وەفدی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر كۆببنەوە، بەڵام ئەو كۆبونەوەیە ناكرێت بە بیانووی ئامادەكاری بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی (نێچیرڤان بارزانی) وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و راسپاردنی (مەسرور بارزانی) بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
مەسعود بارزانی لە چەند رۆژی رابردووداو لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی، رایگەیاند: چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی سپاردووە بە نێچیرڤان بارزانی.
سەرەرای كۆنەبونەوەو یەكلانەكردنەوەی كێشەكانی نێوانیان، بەڵام وەفدی حكومی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەشداری مەراسیمی سوێندخواردنی ( نێچیرڤان بارزانی) دەكات و مەكتەبی سیاسی یەكێتیش، بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراقی سەرپشككردووە لە بەشداریكردن لەو مەراسیمە، چاوەڕەوان دەكرێت بەرهەم ساڵح بەشداری مەراسیمەكە بكات و وتار پێشكەشبكات.