Draw Media

هیومان رایتس وۆچ: هێزە ئەمنییەكان خۆپیشاندانەكان سەركوت دەكەن

هیومان رایتس وۆچ: هێزە ئەمنییەكان خۆپیشاندانەكان سەركوت دەكەن

2018-04-16 09:04:12


ئامادەكردن و وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی تایبەتە بە بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤ راپۆرتێكی نوێی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، راپۆرتەكە بەشێوەیەكی گشتی جەخت لەسەر چەند خاڵێك دەكات:
•    لە هەرێمی كوردستان هێزە ئەمنییەكان خۆپیشاندانی ئاشتیانە سەركوت دەكەن
•    لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك هێزە ئەمنییەكان پێشێلكارییان كردووە
•    لە هەرێمی كوردستان فەرمانبەران موچەی تەواوی خۆیان پێنادرێت
•    لە هەرێمی كوردستان هێزە ئەمنییەكان لە خۆپیشاندەر و رۆژنامەنوسان دەدەن
•    لە هەرێمی كوردستان هێزە ئەمنییەكان خۆپیشاندەر و رۆژنامەنوسان دەستگیر دەكەن
•    لە هەرێمی كورستان بەبێ دادگایكردن خەڵك دەستگیردەكرێن و دواتر ئازاد دەكرێن
•    لە هەرێمی كوردستان هێزە ئەمنییەكان بەڵێننامە بە دەستگیركراوان پڕ دەكەنەوە بەبێ ئەوەی رێگە بدەن ناوەڕۆكی بەڵێننامەكە بخوێننەوە
•    لە هەرێمی كوردستان هێزەكانی ئاسایش رێگری لە كاری رۆژنامەنوسان دەكەن
•    لە هەرێمی كوردستان هێزەكانی ئاسایش دەستگیركراوان ناچار دەكەن پاسۆردی موبایل و فەیسبوكەكانیان بكەنەوە
•    لە هەرێمی كوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دەبێت مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت
لەبەر گرنگی ناوەڕۆكی راپۆرتەكە بۆ خوێنەرانی كورد، (درەو) دەقی راپۆرتەكە وەكو خۆی وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی.


دەقی راپۆرتەكە:
هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كۆتایی مانگی ئازار لانی كەمی (84) خۆپیشاندەر و (4) رۆژنامەنوسیان دەستگیركرد، پێدەچێت زۆرێك لە دەستگیركردنەكان هەرەمەكی بوبن، چونكە بەهۆی ئەوە بوون كە كەسانێك مومارەسەی مافی خۆیان كردووە لە ئازادی گردبونەوەی ئاشتیانە، یان بەهۆی پشتگوێخستنی مافەكانیان كە بەپێی یاسای عێراقی دەبێت لەماوەی 24 كاتژمێردا دوای دەستگیركردنیان لەبەردەم دادوەر ئامادەبن.
(12) شایەتحاڵ دەڵێن هێزە ئەمنییەكان لە زۆر كەسیان داوە لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنیان لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا لە شارەكانی (ئاكرێ و دهۆك و هەولێر)، هیومان رایتس وۆچ راپۆرتی بەدەستگەیشتووە لەبارەی دەستگیركردن لە شارەكانی تری وەكو (شیلادزێ و سۆران و زاخۆ).
هێزە ئەمنییەكان هێزی نایاسایی و هەڕەشەیان بەكارهێناوە بۆ ناچاركردنی هەندێك لە خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان بۆ كردنەوەی تەلەفۆنەكانیان و پێدانی پاسۆردی ئەژمارە تایبەتەكانیان لە "فەیسبوك"، هەروەها دەستگیركراوان بۆ ماوەی دوو رۆژ دەستبەسەركراون بەرلەوەی هەموویان ئازاد بكرێت بەبێ ئاڕاستەكردنی هیچ تۆمەتێك، جگە لە یەك كەس، هەندێكیش ناچاركراون ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكەن بەوەی بەشداری "ناڕەزایەتی نایاسایی" ناكەن. یەكێك لە رۆژنامەنوسەكان وتی هێزە ئەمنییەكان پێیان وتووە كە بۆی نییە وێنەی ناڕەزایەتییەكان بگرێت، رۆژنامەنوسەكە رەتیكردوەتەوە ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكات بۆ پابەندبوون بەوەی ئەو كارە ناكات.
لەما فەقی جێگری بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە هیومان رایتس وۆچ وتی" پێدەچێت ئەو تەكتیكانەی توندوتیژی كە هێزەكانی هەرێمی كوردستان بەكاریانهێناوە بۆ وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییە ئاشتیانەكان، ئامانج لێی بێدەنگكردنی رەخنەكان بێت، سەرباری بانگەشە فەرمییەكان بەوەی رێز لە ئازادی رادەربڕین و گردبونەوە دەگیرێت. هەوڵی دەسەڵاتداران بۆ ناچاركردنی خەڵك بۆ دەستهەڵگرتن لە مافە بنەڕەتییەكانیان لە دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵگەی ئەو سەركوتكاریەیە".
لە 25ی ئازاری 2018دا كارمەندانی مەدەنی كە زۆرینەیان مامۆستا و كارمەندانی چاودێری تەندروستی بوون بۆ ماوەی چەند رۆژێك لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەستیان بە ناڕەزایەتی كرد بەهۆی پێنەدانی موچەكانیان. ماوەی سێ ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەیەكی كەم بە كارمەندانی مەدەنی دەدات، بەهۆی رێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان. یەكێك لە مامۆستاكان بە هیومان رایتس وۆچی وت ماوەی چوار ساڵە كەمتر لە نیوەی موچەكەی وەردەگرێت، ناتوانێت بژێوی هاوسەرو سێ منداڵەكەی دابین بكات.
دكتۆر دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی باڵای بەدواداچون و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە 27ی ئازاردا وتی" هێزە ئەمنییەكان ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانیان دەستگیركردووە، تۆمەتباركراون بە هاندان بۆ توندوتیژی و رادەستی دادگا كراون". زێباری ئاماژەی بەوەكرد خۆپیشاندانەكان مۆڵەتی یاساییان نەبووە. زێباری وتی حزبە سیاسییەكان ناڕەزایەتییەكانیان راكێشاوە و هەوڵیان داوە هانی توندوتیژی بدەن. ئاماژەی بەوەكرد سكاڵای یاسایی لەدژی هێزە ئەمنییەكان بەرزنەكراوەتەوە، خۆپیشاندەرانی تۆمەتباركرد بە هێرشكردنەسەر كارمەندانی ئاسایش.
(12) شایەتحاڵ كە لەنێوان رۆژانی 25 بۆ 28ی ئازار بەشداری ناڕەزایەتییەكانیان كردووە لە ئاكرێ و دهۆك و هەولێر ئەو بۆچونەیان رەتكردەوە، ئەوان دەڵێن خۆپیشاندەران چەكدار نەبوون و هێرشیشیان نەكردوەتەسەر هیچ یەكێك لە كارمەندانی ئاسایش. گرتە ڤیدیۆییەكان شایەتیدانەكانیان دەسەلمێنێت. گرتە ڤیدیۆییەكانی ناڕەزایەتییەكانی 25ی ئازار دەریدەخەن لە هەولێر هێزە ئەمنییەكان گازی فرمێسكڕێژ بە ئاڕاستەی كۆمەڵە خەڵكێكدا هەڵدەدەن كە سیڤیلن، گرتەیەكی ڤیدیۆیی تری ئەو ناڕەزایەتییانە ئەفسەرێك نیشان دەدات لە جلوبەرگی مەدەنیدا زللە لە ژنە خۆپیشاندەرێك دەدات لە كاتی وێنەگرتندا، گرتە ڤیدیۆییەكان كە خۆپیشاندەران لە ناڕەزایەتییەكانی 26ی ئازاردا لە دهۆك و ناڕەزایەتییەكانی 28ی ئازار لە هەولێر تۆماریان كردووە، دەریدەخەن كارمەندانی ئاسایش بە جلوبەركی فەرمییەوە بەشێوەیەكی دڕندانە پاڵ بە خۆپیشاندەرانەوە دەنێن و دەیانگرن، بەڵام ئەو گرتە ڤیدیۆیانە هیچ خۆپیشاندەرێك نیشان نادەن كە هێرش بكات یان چەكدار بێت. 
هیومان رایتس وۆچ یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی بینی كە رۆژی 27ی ئازار لە ئاكرێ وێنەی ناڕەزایەتییەكانی بۆ كەناڵێكی لۆكاڵی گرتووە، وتی ژمارەیەك لە كارمەندانی "ئاسایش" لە دەوروبەری كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانی لێی نزیكبونەتەوە و بردویانە بۆ بنكەی ئاسایش، لەگەڵ (14) خۆپیشاندەری تردا دەستبەسەریان كردووە. وتی داوایان لێكردووە تەلەفۆنەكەی بكاتەوە، تەماشای گرتە ڤیدیۆییەكانیان كردووە كە گرتویەتی و سڕیویانەتەوە، ئەو رۆژنامەنوسە وتی" پێیان وتم بۆم نییە وێنەی ناڕەزایەتییەكان بگرم و هۆشدارییان پێدام ئەگەر جارێكی تر ئەو كارە بكەی، باش نابێت بۆت" هەروەها ئەو رۆژنامەنوسە بە هیومان رایتس وۆچی وت" داوایان لێكردم ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكەم بەوەی جارێكی تر وێنەی ناڕەزایەتییەكان ناگرم، بەڵام رەتمكردەوە ئیمزای بكەم". دوای 4 كاتژمێر بەبێ هیچ تۆمەتێك ئازادیان كرد. 
رۆژنامەنوسێكی تر وتی رۆژی 27ی ئازار كاتێك گەیشتوەتە ناو ناڕەزایەتییەكانی ئاكرێ، كارمەندانی ئاسایش مۆڵەتە رۆژنامەوانییەكەیان پێشتگوێ خستووە و پێیان وتووە بۆت نییە وێنە بگریت، كاتژمێر 11:30 خولەكی بەیانی، 3 كەس لە ئەندامانی پەرلەمان گەیشتوەنە شوێنەكە و هانیانداوە بۆ ئەوەی وێنە بگرێت و گوێ بە هیچ شتێك نەدات، بەشێوەیەكی كتوپڕ 10 كەس لە كارمەندانی ئاسایش لێیانداوە و بردویانە بۆ ئاسایش، بەڕێوەبەرەكە لێی پرسیون بۆچی خوێنی لێدێت.
رۆژنامەنوسەكە بە هیومان رایتس وۆچی وت" پێموت پیاوەكانی وایان لێكردوم، بەڵام گوێی پێنەدا، پێی وتن بمبەن بۆ نەخۆشخانە، دوای كاتژمێرێك ئەو كارەیان كرد، پزیشك پێی وتم لوتم شكاوە و پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە".
هیومان رایتس وۆچ چاوی بە سێیەم رۆژنامەنوس كەوت لە هەمان ناڕەزایەتیدا، كە لەگەڵ دوو رۆژنامەنوسی تردا لە كاتژمێر 10:30 خولەكی بەیانی دەستگیركراون، بەڵام كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ ئازادكراوە، بەبێ ناچاركردنی بە ئیمزاكردنی هیچ شتێك یان ئاگاداركردنی بەوەی بۆی نییە وێنەی ناڕەزایەتییەكان بگرێت.
لانی كەم (15) رۆژنامەنوس روبەڕوی هێرش بونەتەوە و (7) كەسیان لەكاتی روماڵكردنی ناڕەزاییەتییەكاندا دەستبەسەركراون، بەپێی "لیژنەی پارێزگاریكردن لە رۆژنامەنوسان".
هیومان رایتس وۆچ چاوی بە (9) خۆپیشاندەر كەوت، هەمویان وتیان هێزەكانی ئاسایش لێیداون لەكاتی دەستبەسەركردنیان، (2) كەسیان توانیویان هەڵبێن و دەستگیرنەكرێن، (2) كەسی تریان لەماوەی دوو كاتژمێردا ئازادكراون، (5) كەسیشیان لەماوەی نێوان 12 كاتژمێر بۆ دوو رۆژ دەستبەسەركراون، (3) كەس لە كۆی (5) كەس وتیان رێگەیان پێنەدراوە پەیوەندی بە خێرانەكانیان و پارێزەرەوە بكەن، كارمەندانی ئاسایش داوای پاسۆردی تایبەتی تەلەفۆن و فەیسبوكیان لە دەستگیركراوان كردووە، هەوڵی كردنەوەی موبایلێكی تریان داوە، (5) كەس وتیان لەكاتی ئازادكردنیاندا بەبێ هیچ تۆمەتێك ئاسایش داوای لێكردون بەڵێن بدەن بەشداری لە خۆپیشاندانی نایاسایدا ناكەن، (3) كەس ناچاركراون بۆ ئەوە، (2) كەس رەتیانكردوەتەوە ئیمزای بەڵێننامە بكەن، هەمویان رەتیانكردەوە هێز بەكارهێنرابێت بەرامبەر بە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان.
ئەم كاردانەوە توندە هاوتایە لەگەڵ كاردانەوەیەكی هاوشێوە بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەكان لە سلێمانی لە كانونی یەكەمی 2017، هێزەكانی ئاسایش رۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەرانیان بۆ ماوەیەكی دورو درێژ بەبێ هیچ تۆمەتێك دەستگیركرد، هەندێكیشیان ناچاركران بەڵێن بدەن بەوەی بەشداری ناڕەزایەتییەكان ناكەن وەكو مەرجێك بۆ ئازادكردنیان.
هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان پابەندن بە پاراستنی مافی ئازادی رادەربڕین و گردبونەوەی ئاشتیانە، سەرباری ئەوەی رێكخەرانی ناڕەزایەتییەكان هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەتیان نەداوە، وەكو ئەوەی لە یاسای لۆكالێدا پێویستە، بەڵام یاسای نێودەوڵەتی مافی گردبونەوەی ئاشتیانە دەپارێزێت، ئەمە لەگەڵ هەندێك كۆتوبەنددا كە رێگەی پێنادرێت تەنیا لە هەندێك بارودۆخی تایبەتدا نەبێت.
لە یاسای (سزادانی عێراقی ژمارە 23/1971) هاتووە كە پێویستە هەموو دەستگیركراوان لەماوەی 24 كاتژمێری دوای دەستبەسەركردنیان لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا رابوەستن.
بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەستگیركردنی بە هەڕەمەكی دادەنرێت ئەگەر مۆڵەتدار نەبێت بەشێوەیەكی روون بەگوێرەی یاسای لۆكاڵی، یان سەربكێشێت بۆ دەستبەسەركردنی كەسانێك بەهۆی مومارەسەكردنی مافە بنەڕەتییەكانیانەوە وەك ئازادی گردبونەوە، یاخود پاراستنی رێوشوێنە بنەڕەتییەكانی وەكو مافی دەستگیركراوان بۆ راوەستان لەبەردەم دادوەر پێشێل بكات.
لەما فەقی وتی: دانیشتوانی هەرێمی كوردستان مافی خۆیانە بەشێوەیەكی ئاشتیانە گوزارشت لە بێئومێدبونیان بكەن لە قەیرانی ئابوری. پێویست نییە لەسەر حكومەت بە كۆتوبەندكردنی ناڕەزایەتییەكان و رۆژنامەگەری وەڵامی ئەوە بداتەوە، ئەمە جگە لە هەڕەشەكان و لێدان و دەستگیركردنە هەڕەمەكییەكان و پرۆسەكانی پشكنینی نایاسایی ئەو خۆپیشاندەرانەی كە داوای موچەیەكی دادپەروەرانە دەكەن".


هەولێر
26ی ئازار

هیومان رایتس وۆچ چاوی بە (3) خۆپیشاندەر كەوت كە ئاسایش لە 26ی ئازاردا لە نزیك پاركی شانەدەر دەستگیری كردوون.
یەكێكیان كە ناوی (جەمال – 68 ساڵ)ە وتی كاتێك ئەو دروشمی وتووە لە كاتژمێر 10ی بەیانی، گوێی لێبووە كارمەندێكی ئاسایش وتویەتی "لێیدەن"، دوای ئەوە 3 كارمەندی تری ئاسایش بۆ ماوەی چەند خولەكێك بە دار لێیانداوە. جەمال بە هیومان رایتس وۆچی وت" خەریك بوو قۆڵی راست و شانم لە ئازاردا دەئاوسان، ئینجا راوەستان لە لێدانم، كارمەندێكی پۆلیسی چالاكە مەدەنییەكان هات و بردیمە ئەولا، لێی پرسیم بۆچی خەڵك هاندەدەم بۆ ناڕەزایەتی".
یەكێك لە كارمەندە ئەمنییەكان جەمالی برد بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر، وتی ئەوە دەوروبەری كاتژمێر 1:30 خولەكی نیوەڕۆ بووە، پۆلیسكێك رەوانەی بەرپرسێكی باڵای كردووە و تۆمەتباری كردووە بەوەی چەقۆ و كلاشینكۆڤی بۆ خۆپیشاندانەكە ئامادە كردووە، ئەو رەتیكردوەتەوە، لە كاتژمێر 6 دا كارمەندێكی ئەمنی تر لێپرسینەوەی لێكردووە و تۆمەتباریكردووە بە " هۆكاری كێشەكان" لەكاتێكدا حكومەت بە ئاسانی ناتوانێت موچە زیادبكات، یەكێك لە كارمەندە ئەمنییەكان لە كاتژمێر 7ی ئێوارەدا رادەستی دادوەری كردووە، لەبارەی هۆكاری ناڕەزایەتییەكانییەوە پرسیاری لێكردووە هەروەها ئایا خۆپیشاندەران مۆڵەتیان وەرگرتووە (وەریان نەگرتووە)، لە كاتژمێر 8ی ئێوارەدا ئەوەی رەتكردەوە كە دادوەر وتی بەڵێن بدات بەشداری هیچ ناڕەزایەتییەكی تر بكات، بەبێ هیچ تۆمەتێك ئازادكرا.
پیاوێكی تر كە ناوی "پشتیوان" بوو وتی، لە دەوروبەری كاتژمێر 10:30 خولەكە لەكاتێكدا وێنەی ناڕەزایەتییەكانی دەگرت، كارمەندێكی ئاسایش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە موبایلەكەی بردووە، ئەوە ناچاری كردووە شوێن كارمەندەكە بكەوێت بۆ گێڕانەوەی تەلەفۆنەكەی، كارمەندەكەی ئاسایش لەگەڵ سێ كەسی تردا پشتوانیان گرتووە و ناچاریان كردووە سواری ئۆتۆمبیل ببێت و گواستویانەتەوە بۆ بارەگای ئاسایش (ئاسایشی گشتی). وتی كارمەندەكەی ئاسایش لەوێ زانیارییەكانی نوسیوەتەوە و تۆمەتباری كردووە بەوەی " حەز لە دەسەڵاتی عەرەب دەكات لێرە". داوای پاسۆردی تایبەتی تەلەفۆن و فەیسبوكەكەیان كردووە، وێنە و ڤیدیۆ و بەشداری و نامەكانیان كردووە لە فەیسبوك، كاتژمێر 4ی ئێوارە پشتیوان گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر، كاتژمێر 8ی ئێوارە ئازادكرا دوای ئەوەی پەنجەمۆری كرد لەسەر بەڵگەنامەیەك كە دوای لێكرا نەیخوێنێتەوە. پشتیوان گەڕایەوە بۆ ناڕەزایەتییەكان لە 28ی ئازاردا دەستگیركرا كاتێك 25 كەس لەنزیك پەرلەماندا خۆپیشاندانیان كرد. جارێكی تر كارمەندێكی ئاسایش داوای پاسۆردی موبایلەكەی لێكردەوە، لەگەڵ 16 خۆپیشاندەری تردا رەوانەی بارەگای ئاسایش كران، دواتر بۆ سجنی محەتە لە وەزارەتی ناوخۆ، رۆژی دواتر گەڕێندرانەوە بۆ بنكەی پۆلیس، بەپێی ئەوەی پشتیوان وتی، دوای ئیمزاكردنی بەڵگەنامەیەك كە هیچ كەسێكیان نەیانخوێندەوە، ئازادكران.
"رەوا" بە هیومان رایتس وۆچی وت لە دەوروبەری كاتژمێر 11 ی بەیانی نزیكەی 150 خۆپیشاندەر كۆبونەوە، دوای ماوەیەكی كەم لە گەیشتنی، 3 كارمەندی ئاسایش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە هێرشیانكردەسەر، لەسەر و پشتیان دا، بەپێی قسەی خۆی" چەندین جار شەقیان تێهەڵداوە بەر لەوەی بیخەنە ناو ژورێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێرەوە لەگەڵ 8 خۆپیشاندەری تردا، وتی دەوروبەری كاتژمێر 7:30 خولەكی ئێوارە هەموویان ئازادكراون بەبێ هیچ تۆمەتێك، رەوا وتی كارمەندانی پۆلیس ناچاریان كردووە ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكات بەوەی بەشداری هیچ جۆرە خۆپیشاندانێكی نایاسایی ناكات.


27ی ئازار
(3) خۆپیشاندەر كە ئاسایش لە 27ی ئازار لە هەولێر دەستگیری كردوون بە هیومان رایتس وۆچیان وت، نزیكەی 150 بۆ 200 مامۆستا لە پاركی شانەدەر كۆبونەوە، یەكسەر ژمارەیەك لە هێزەكانی پۆلیسی چالاكە مەدەنییەكان و ئاسایش گەمارۆیاندان و خەڵكەكەیان بەرەو ئاڕاستەیەك برد، "كامەران" وتی، دەوروبەری كاتژمێر 11:40 خولەكی بەیانی كەسێك بەجلوبەرگی مەدەنییەوە لەكاتی وێنەگرتندا موبایلەكەی لێسەند و داوای لێكرد لەگەڵیدا بڕوات. لە دوری چەند مەترێك، پیاوەكە پرسیاری لە كامەران كرد لەبارەی هۆكاری وێنەگرتنەكەی، داوای لێكرد سەیری گرتە ڤیدیۆییە تایبەتەكانی بكات لە موبایلەكەیدا، بینی كامەران بەشداری ناڕەزایەتییەكانی پێشتریشی كردووە. 
كامەران وتی پیاوەكە بردویەتی بۆ بارەگایەكی نزیكی ئاسایش، تەماشای ئەكاونتی كامەرانیان كرددووە لە فەیسبوك و تۆمەتباریان كردووە بەوەی ئەندامی "گۆڕان"ە كە حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە، كارمەندانی ئەمنی كامەران و مامۆستاكانی تریان بردووە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەولێر، ژمارەی گروپەكە گەیشتوەتە 17 دەستگیركراو، ئەمە سەرباری ئازاددكردنی 4 دەستگیركراو لە نیوە شەودا، وەكو ئەوەی وتیان.
"رێبەر" وتی: هێزە ئەمنییەكان ئەویشیان لە ناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركردووە، دوای ئەوەی 10 پیاو كە 6 كەسیان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە چەندینجار لێیانداوە و خستویانەتە سەر زەوی و هۆشدارییان پێداوە لە راوەستانی، رێبەر بە هیومان رایتس وۆچی راگەیاند" یەكێك لە كارمەندە ئەمنییەكان پێنوس و تەلەفۆن و چاویلكەكەی بردم، دواتریش كیفەكەم، پارەكانی ناو كیفەكەیان كێشا بە دەموچاومداو بردیان، دواتر بردیمان و خستمانە ناو ئۆتۆمبیلێكەوە، یەكەمجار بردمیان بۆ ئاسایش، دواتر بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس. رێبەر وتی كارمەندێكی ئەمنی سور بوو لەسەر تۆمەتباركردنم بەوەی ئەندامی گۆڕانم، سەرباری ئەوە ئەو سور بوو لەسەر رەتكردنەوە، ئەو تەنیا دەیویست ناڕەزایەتی لەسەر موچەكەی دەرببڕێت.
یەكێك لەو سێ خۆپیشاندەرەی كە هییومان رایتس وۆچ بینیویەتی وتی، یەكێك لە دەستگیركراوەكان كە تەمەنی 17 ساڵ بوو دوای ئەوەی بە دارە كانزایی سەری بریندار كرابوو، خوێنێكی زۆری لێدەرۆیشت.
ئەو سێ كەسە وتیان، 13 خۆپیشاندەری تر رەوانەی زیندانی مەحەتە كراون و وێنەیان گرتوون. رێبەر وتی كارمەندێكی ئەمنی لە نوسراوی بانگهێشتكردنیدا نوسیویەتی ئەو دەستبەسەرە بەپێی ماددەی سفر لە یاسای تاوانەكان، ئەوەش شتێكە كە بوونی نییە. كاتێك كە پرسیاری كردووە لەبارەی هۆكارەكەی، كارمەندە ئەمنییەكە بە رێبەری وتووە ئەو نمونەیە بۆ پاراستنی بووە، لەوە ناچێت هیچ تاوانێكی دیاریكراوی كردبێت.
وتیان 3 خۆپیشاندەری تر بەیانی 28ی ئازار گەیشتون، دوانیان برینداربوون، یەكێكیان سەر و پشتی خوێنی لێ رۆیشتووە، ئەوی تریان روخساری برینداربووە، ئەو دوانە وتویانە ئەوان روبەڕوی لێدان بونەتەوە لەكاتی دەستگیركردنیاندا، لە 28ی ئازاردا دەستگیركراوەكانی تریش ئازادكران، كامەران وتی ئەو ناچاركراوە ئیمزا لەسەر بەڵگەنامەیەك بكات كە نەیخوێندوەتەوە، بەڵام وتی ئەوە بەڵێننامەیەك لەخۆدەگرت بەوەی جارێكی تر خۆپیشاندان نەكاتەوە.
كاتێك رێبەر زیندانی بەجێهێشت و موبایلەكەی وەرگرتەوە، زانی كە موبایلەكەی روبەروی چەندین هەوڵی كردنەوە بوەتەوە، رێبەر ڤیدیۆی یەكێك لە ئەفسەرەكانی بە هیومان رایتس وۆچی نیشاندا كە وێنەی خۆی گرتووە لەكاتی هەوڵدان بۆ كردنەوەی موبایلەكەی. رێبەر وتی لەوكاتەوە چەندین نامەی ئەلیكترۆنی لە فەیسبوكەوە پێگەیشتووە لەبارەی هەوڵەكان بۆ چونەناو ئەژمارەكەیەوە.


دهۆك 
25ی ئازار

"حەكیم" وتی ئەو لە دەوروبەری كاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی رۆژی 25ی ئازار گەیشتوەتە ناڕەزایەتی بەردەم لقی دهۆكی كەرتی پەروەردە، كارمەندێكی ئاسایش تەلەفۆنی بۆ كردووە و وتویەتی: ئەو گروپە مۆڵەتیان وەرنەگرتووە بۆ ناڕەزایەتی. حەكیم بە هیومان رایتس وۆچی وت" پێم وت ئێمە پێویستمان بە مۆڵەت نییە بۆ ناڕەزایەتی، مافی خۆمان دەوێت، تەنانەت ئەگەر داوای مۆڵەتیشمان كرد، پارێزگار مۆڵەت نادات، پاشان كارمەندەكەی ئاسایش بە پۆلیسێكی نزیكی وت  ئەركی سەرشانتە مامەڵەیان لەگەڵ بكەی".
وتی نزیكەی 15 پۆلیس دەوریانداوە و ناچاریانكردووە سواری ئۆتۆمبیل ببێت. رۆژی دواتر لە كاتژمێر 2ی بەیانی ئازادكرا، فەرمانی پێدراوە رۆژی 27ی ئازار لەبەردەم دادگا ئامادەبێت، تۆمەتباركراوە بە هێرشكردنەسەر دامەزراوە حكومییەكان "پەروەردە". وتی تائێستا لێكۆڵینەوە بەردەوامە، بەپێی زانیاری ئەو، خۆپیشاندەران هیچ زیانێكیان بە بیناكە نەگەیاندووە.


27ی مارس
27ی ئازار"عەلی" لە ناڕەزایەتی بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە دهۆك ئامادەبوو. وتی دوو كارمەندی ئەمنی چەندینجار لێیانداوە كاتێك هەوڵیانداوە دەستگیری بكەن و رایكێشن بۆ ناو ئۆتۆمبیل، بەڵام خەڵكەكە رایانكێشاوە، كارمەندی ئەمنی بینیوە كە موبایلیان لە كەسێك سەندووە كە وێنەی روداوەكەی گرتووە، هەموو فۆتۆ و ڤیدیۆكانیان سڕیوەتەوە.
پاشخانی یاسایی
یاسای پەیوەندیداری كورد دەڵێ هەموو ناڕەزایەتییەك پێویستی بە مۆڵەتی پێشوەخت هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ و دەسەڵاتدارانی لۆكاڵی. لە ماددەی 21ی "پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسییەكان"دا كە عێراق ساڵی 1971 پەسەندی كردووە، هاتووە كە " مافی گردبونەوەی ئاشتیانە دانی پێدانراوە و جگە لە چەند رێوشوێنێكی سنوردار نەبێت رێگە بە كۆتوبەندكردنی نادرێت".
بڕیاردەری نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە مافی گردبونەوەی ئاشتیانە و پێكهێنانی كۆمەڵەكان وتی، ئازادی پێویستە بنەما بێت، كۆتوبەندكردنی لەحاڵەتی تایبەتدا دەبێت، وتیشی، پێویست ناكات رێكخەری ناڕەزایەتییەكان مۆڵەتی فەرمی وەرگرن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا پێویستە ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت پێشكەش بكەن، لەكاتێكدا ئەم بنەمایانە روون و پێوستن بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەلامەتی گشتی، یان پاراستنی سیستم و تەندروستی و ئادابی گشتی، یاخود ماف و ئازادییە گشتییەكان.
یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 23/1971 جەخت لەسەر پێویستی ئامادەبوونی هەموو دەستگیركراوان دەكات لەبەردەم دادوەردا لەماوەی 24 كاتژمێر دوای دەستبەسەركردنیان.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand