نەجمەدین كەریم ئازادكرا
2019-06-07 18:49:10
درەو میدیا:
بە پێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە، ئەمڕۆ د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشوی كەركوك ئازادكراو بەیروتی پایتەختی لوبنانی جێهێشتووە، سەبارەت بە ئازادكردنەكەشی ئەو سەرچاوەیە بە درەو میدیای راگەیاند" بە هەوڵی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێگەی باڵیۆزی لوبنانەوە لە بەغداد، كێشەكەی نەجمەدین كەریم چارەسەركراوەو بەیروتی پاتەختی لوبنانی جێهێشتووە" .
بیرهێنانەوە
" پارێزگاری پێشووی كەركوك.. سندوقە رەشەكەی مافیاكانی كوردستان" ئەمە ناونیشانی ڕۆژنامەی (ئەخباری لوبنانی)یە كە لەژمارەی ئەمڕۆیدا (25/ 5/ 2019 )، ڕاپۆرتێكی ووردی لەسەر كەیسی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە لوبنان بڵاوكردۆتەوە.
رۆژنامەكە نوسیویەتی " كاربەدەستانی هەرێمی كوردستان و هەندێك لایەنی سیاسی عێراق هەوڵەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم و لەو پێناوەشدا گواستنەوەی پارە لەنێوان هەولێر و بەغدا و بەیروت بەدەیان ملیۆن دۆلار زیادیكردووە بە ئامانجی رزگاركردنی".
سەبارەت بەو سكاڵایانەی كەلەسەر پارێزگاری كەركوكەو كە بەپێی راپۆرتەكە " لە ئێستادا نەجمەدین كەریم ناتوانێت بچێتە دەرەوەی لوبنان چونكە پاسپۆرتە ئەمریكییەكەی لەلایەن پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەستبەسەرەو گەشتكردن بۆ دەرەوەی لوبنانیشی لێ قەدەغەكراوە " بریتیە لە ": بەقاچاغبردنی نەوت و دزینی داهاتەكەی، بەكارهێنانی دەسەڵاتی ئەمنی دژی پێكهاتەكانی كەركوك"
رۆژنامەكە ئەوەشی خستۆتە روو كە" هەولێر هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ ئازادكردنی، سەرەڕای هەوڵی هەندێك لایەنی سیاسی لە بەغدا" ئەوەشی نوسیوە، "بۆیە بەرپرسانی پارتی لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ ئازادكردنی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوكەسە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە داواكراوە، بۆیە پێناچێت ئەو هەوڵانە سەربگرن". تەنانەت مەسعود بارزانی پەنای بۆ ئەیاد عەلاوی بردووە بۆ ئەو كەیسەو رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەكردووە " مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیش ڕاستەوخۆ داوای لەئەیاد عەلاوی كردوە ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت و بەهۆی پەیوەندییە تایبەتەكانیشی لەگەڵ سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان، هەوڵی ئازادكردنی پارێزگاری پێشوی كەركوك چڕبكاتەوە"
سەبارەت بە كاریگەری هەوڵەكانی هەولێر بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم راپۆرتەكە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی دیبلۆماسی عێراقییەوە دەڵێت: "بەغدا هەوڵ و فشارەكانی هەولێر بۆ ئازادكردنی نەجمەدین كەریم رەتدەكاتەوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی پارێزگاری دەستپێلەكاركێشراوە لەلایەن دادگای حكومەتی ناوەندەوە داواكراوە، نەك دادگای هەرێم"